کوردپرێس:
هەفتەنامەی عەرەبیی ئەهرام ویکلی لە ڕاپۆرتێکدا لە ژێر ناوی "یاریی ڕووسیا بە تورکیا و کوردەکانی سووریا" نووسیی: ڕووسیا لە کاتێکدا کێشەی لەگەڵ کۆنتڕۆڵ کردنی ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا لە باکووری ئەو وڵاتە نەبوو ئێستا بنکەی سەربازیی لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا دامەزراندووە و لەگەڵ هێزە کوردییەکان دەستی کردووە بە دەورییەی هاوبەش و تورکیاش کە بە شێوەیێک لە شێوەکان هاوپەیمنی ڕووسیایە ناڕازی نیە بە هاوکاری کردنی ڕووسیا و کورد ئەوەش لە کاتێکدا تورکیا، کوردی سووریا بە تیرۆریست دەزانێت.
گۆڤاری ئینگلیزیی ئەهرام ویکلی ئەوەشی نووسیوە کە ڕووسیا بە شێوەیێکی زیرەکانە هەردوو کارتی کورد و تورکیا دژی یەکتر بەکار دەهێنێت.
ئەو گۆڤارە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا نووسیویەتی لە کاتێکدا کە ڕووسیاش و تورکیاش هێزی باڵادەستن لە سووریا، تەوەرێکی دژەیەک خۆ دەردەخات. بابەتەکەش ئەوەیە کە شێوەی ڕوانینی ڕووسیا و تورکیا بۆ کوردەکانی سووریا دوو ڕوانینی جیاوازە چوونکە تورکیا کوردەکان بە تیرۆریست دەزانێت بەڵام ڕووسیا وەک هاوپەیمانی تورکیا ئەو ڕوانینیەی نیە و لە لایێکی دیکەشەوە لە ئێستادا بۆتە هاوپەیمانێکی نوێی کوردەکان.
هەر لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا ئەهرام ویکلی نووسیویەتی ڕاستە ڕووسیا ڕازی بووە تورکیا هەندێک ناوچەی کوردنشینی سووریا داگیر بکات و لەگەڵ تورکیاش ڕێککەوتووە کە هێزە کوردییەکان لە سنووری باکووری سووریا بکشێنێتەوە بەڵام پاش ئەوەی زەمینەی فەراهەم کرد بۆ گفتوگۆی کورد و دیمەشق، پشتیگریی ئەوەی کردووە کە کورد لە ئایندەی سیاسیی سووریا بەشداریی پێ بکرێت و بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی کە پێشتر چۆڵی کردبوون.
گۆڤارەکە لە زاری چەند سەرچاوەیێکەوە نووسیویەتی: ڕووسیا بە تەنها لە هەندێک ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکان وەک منبەج و عەین عیسا و کۆبانێ و قامیشلۆ خاوەنی بنکەی سەربازییە و سەرباری ئەمەش ژووری ئوپەراسیۆنی هاوبەشی لەگەڵ کوردی سووریا پێکهێناوە و دەوریەی هاوبەشی لەگەڵ کورد بەڕێوە بردووە.
ئەو هەفتەنامیە لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێوەندیی مۆسکۆ لەگەڵ تورکیا و کورد پێوەندیی عەکسیان پێکەوە هەیە. مانای ئەم وتەیەش ئەوەیە هەر کاتێک تورکیا ڕەفتارێکی دژەیەکی بەرانبەر بە ڕووسیا ئەنجام داوە ڕووسیا پشتگیریی کوردی کردووە. ئەو گۆڤارە ئاماژەی بە داخستنی فڕۆکە ڕووسییەکە کردووە کە ساڵی 2015 تورکیا خستیە خوارەوە. ڕووسیا لەو کاتەدا بە ئاشکرا پشتگیریی هێزە کوردییەکانی سووریای کرد.
ئێلیزا مارکووس نووسەری کتێبی "خوێن و باوەڕ" لەبارەی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڕوای وایە ڕووسیا و هێزە کوردییەکانی ناسراوە بە YPG پێوەندیی نادیار و ناڕوونیان لەگەڵ یەک بووە و لە ساڵی 2011وە کە YPG لە سووریا دەستی بە کارکردن کردووە ڕووسیا بە شێوەی جیاجیا مامەڵە لەگەڵیان کردووە. ناوبراو بڕوای وایە YPG خۆی بواردووە لەوەی بە شێوەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی دەوڵەتی ناوەندیی دیمەشق ببێتەوە هەر بۆیەش ڕووسیا ئەو هێزانە بە هێزێکی بێ ئازار دەزانێت.
ئەو توێژەرەی کاروباری کوردەکان دەڵێت ڕووسیا تا ئەو کاتەی کە داڵغەی مەسەلەیێکی نەبێت پشتگیریی کوردی سووریا ناکات بەڵام کاتێک پشتگیری کردنی کورد لە بەرژەوەندیی خۆیدا نەبێت بە ئاسانی دەیانکاتە قوربانی.
کەریم هاس چاودێری سیاسیی کاروباری تورکیا و ڕووسیاش بە گۆڤارەکەی وتووە ڕووسیا وەک ناوەندگیر لە مەسەلەی کوردی سووریا دەرکەوتووە و هەر ئەمەش بۆتە لەمپەر و تورکیا ناتوانێت دەستی بە ئامانجەکانی لە سووریا بگات. لە هەمان کاتدا ڕووسیا سیاسەتی چوماق و گەزەریش لەبارەی کوردەوە جێبەجێ دەکات.
Your Comment