بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق یاساى هەڵبژاردنەکانى پەسەند کرد، بەمەش بازنەى هەڵبژاردن لەسەر ئاستى قەزا دەبێت، کوردیش لە دژى ئەوە دانیشتنەکەى بەجێهێشت و ناڕازییە لە پەسەندکردنى یاساکە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئێوارەى ڕۆژی سێشەممە، ئەنجومەنى نوێنەران بۆ پەسەندکردنى یاساى هەڵبژاردنەکان کۆ بوویەوە، بەڵام فراکسیۆنە کوردییەکان، چوونکە دژى زۆرێک لە بڕگە و ماددەکانى پڕۆژەکە بوون، دانیشتنەکەیان چۆڵکرد و هاتنە دەرەوە، دواتریش لە بەیاننامەیێکى هاوبەشدا رایانگەیاند: لە یاساکەدا رەچاوى کورد نەکراوە و دەبێتە هۆى لێکترازانى زیاتر.
بەهار مەحموود، ئەندامى ئەنجومەنەکە لە فراکسیۆنى گۆڕان، لەمبارەوە بە سبەى-ی وت: لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنی نوێنەران هەردوو ماددەی 15 و 16 پەسەندکرا کە لایەنی کوردی سەرنج و تێبینی لەسەر هەبوو، هەر بەوهۆیەوە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دانیشتنەکەیان بەجێهێشت.
ناوبراو وتیشى: کورد لەگەڵ ئەوە نەبووە بازنەى هەڵبژاردن لەسەر ئاستى قەزا بێت و جیاکردنەوەى دەنگەکانیش لەسەر بنەماى زۆرترین دەنگ و خۆپاڵاوتنیش لەسەر ئاستى تاک بێت کە ئەمە لە ماددەى 15دا هاتووە، لەبەر ئەوە کورد ئەمە بەمەترسى ناو دەزانێت.
بەهار پێى وایە، چوونکە سەرژمێرییێکى دروست بوونى نیە، بۆیە بازنەى هەڵبژاردن لەسەر ئاستى قەزا کێشە و گرفت دروست دەکات، بە تایبەت کە سنوورى ئیدارى چەندین قەزا و ناوچە تا ئێستا یەکلایى نەکراوەتەوە. ئەو بۆ نموونەى بە قەزاى کفرى هێنایەوە کە بەشێکى سەر بە هەرێمە و بەشێکى سەر بە ناوچە دابڕاوەکانە.
بە بۆچوونى ئەو ئەندامەى فراکسیۆنى گۆڕان؛ کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان دەنگى زۆر لە دەست دەدات.
ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى نوێنەران نەیشاردەوە، یەکێک لە مەترسییەکانى ئەو یاسایە دروستبوونى کێشەى عەشایەرییە، ئەگەر بێت و بازنەى هەڵبژاردن لەسەر ئاستى قەزا بێت رۆڵى عەشرەتەکان زیاتر دەبێت لە حیزبەکان، زۆر جاریش دوو عەشرەت یان دوو بنەماڵە لە قەزایەک، کاندیدى خۆیان دەبێت و لەو کاتەشدا هەردوولا هەموو رێگایێک دەگرنەبەر بۆ سەرکەوتنى کاندیدەکەیان ئەمەش مەترسیدارە و ئەگەرى بەیەکدادان زیاتر دەکات و رۆڵى حیزبى سیاسیش وەک بنەمایێکى دیموکراتى لاواز دەکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment