کوردپرێس:
خالید شوانی، وەزیری هەرێم و سەرپەرشتیاری دانووستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق راگەیاند "پرۆژەیەکمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەیە؛ لەگەڵ حکومەتی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین. پرۆژەکە چۆنییەتیی چارەسەرکردنی کێشە ئیداری و ئەمنییەکان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی سنووری ماددەی 140 لەخۆدەگرێت".
خالید شوانی گوتیشی "لەگەڵ بەغدا لیژنەیەکی باڵامان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێکهێناوە، لە دانووستانەکان لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق ئەولەوییەت دەدەینە چارەسەرکردنی کێشەکانی سنووری ماددەی 140".
لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دانووستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چڕتر بوونەتەوە، ئەو لیژنەیەی بۆ گفتوگۆ لەبارەی بوودجە و نەوت پێکهێنرابوو، گەیشتنە رێککەوتن بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی ساڵی2020ـی عێراق.
ناسر هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند "بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەبوون. دانووستان و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا باشترین رێگەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی عێراق دانووستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێدەکەنەوە".
لەدوای پەسندکردنی دەستووری عێراق و جێگیرکردنی ماددەی 140، دەبوو ماددەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2007 جێبەجێبکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانەی ماددە دەستوورییەکە دەیانگرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا جیبەجێنەکراوە و دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بارودۆخی ئەو ناوچانە لەڕووی ئەمنی و ئیدارییەوە رووبەڕووی کێشەی زیاتر بووەتەوە.
Your Comment