بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مالیکی، لە هەڤپەیڤینەکەدا لەگەڵ تۆڕی میدیاییی رووداو باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات و دەڵێت: دەبێ سوود لە رابردوو وەربگرین نەوەک لە رابردوودا بوەستین.
هەروەها لەبارەی بودجەی هەرێمی کوردستانیش جێگری سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێت: خەڵکی عێراق کورد بن یان عەرەب مافی خۆیانە لە بودجە سوودمەند بن، ئەگەر هەرێمی کوردستان 100 هەزار یان یەک ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بنێرێ، مافی خۆیەتی رێژەی 17%ی بودجە وەربگرێ.
هەر پەیوەست بە دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانووستاندن لە نێوان هەولێر و بەغدا، مالیکی راشیگەیاند: "هەست دەکەم زۆر نزیک بووینەتەوە لە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ناوەندیدا، ئێستا کات لەبەرژەوەندیی چارەسەرکردنی کێشە و کەموکوڕییەکاندایە. من پێموایە زۆری پێناچێت و بەمزووانە بەغدا ئەو رۆڵە دەبینێ.
ناوبراو لەبارەی ناردنی بودجە و مووچەش گوتی: من دژی بڕینی کۆمەک و پشکی کوردستانم، بەڵام دەبێ روون و راشکاو بین کە ئەمە بەو مەرجە دەکرێت کە هەرێمیش داهاتەکانی بنێرێت.
مالیکی گوتیشی: گەلی کورد گەلی ئێمەیە. بە سەرکردەکانی کوردیشم گوتووە، ئەوەی بۆ کورد خەرج بکرێت ئەگەر زیادەشی تێدابێت بەخەسار نەچووە".
مالیکی جەختیشی کردەوە کە لە حکوومەتی ناوەندی قبووڵ ناکەن هیچ مافێکی کورد بخوات، لە هەرێمیش قبووڵ ناکەن مافی پێکهاتەکانی دیکە بخوات.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment