تورکیا ده‌یان هاووڵاتی کوردی لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا  ڕفاندووە

بەشی تورکیا- هیومه‌ن رایتس وۆچ، تورکیا و  گرووپه‌ چه‌کدارە سووریەکانی سەربە ئه‌نقه‌ره‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌کات، که‌ 63 هاووڵاتیی کوردیان له‌ ناوچه‌ی سه‌رێ کانی رفاندووه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رێکخراوی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی، ناسراو به‌ هیومه‌ن رایتس وۆچ له‌ پێگه‌ ئه‌لیکترۆنییه‌که‌ی بڵاوی کردۆتەوه‌، "ئه‌نقه‌ره‌ له‌پشت ئه‌و رێکارانه‌ هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و هاووڵاتییانه‌ به‌ تۆمه‌تی مه‌ترسیدار دادگایی بکات و سزای به‌شێکیان بگه‌یه‌نێته‌ زیندانی کردنی هه‌تاهه‌تایی".

له‌وباره‌یه‌وه‌ مایکل به‌یج، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئه‌فریقیا له‌و رێکخراوه‌ گوتی: "له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیا پێویسته‌ وه‌ک وڵاتێکی "داگیرکار" به‌گوێره‌ی یاسای داگیرکاری له‌ باکووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا رێز له‌ مافی گه‌ل بگرێت، له‌وانه‌ش: ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌ ره‌شبگیری دژی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه‌ و گواستنه‌وه‌یان بۆ وڵاته‌که‌ی، که‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، تورکیا پابه‌ندییه‌کانی پێشێل ده‌کات و دوای ده‌ستگیرکردنی هاووڵاتییان له‌و ناوچانه‌، ده‌یانگوازێته‌وه‌ بۆ ناو خاکی تورکیا".

هه‌ر به‌گوێره‌ی راپۆرته‌که‌ی رێکخراوی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تی، هێزه‌کانی تورکیا و گرووپه‌ چه‌کداره‌ سوورییه‌کانی سه‌ر به‌ ئه‌نقه‌ره‌ ناویان له‌خۆیان ناوه‌ "سوپای سووریای ئازاد"، له‌ ساڵی (2019)ـه‌وه‌ ده‌یان هاووڵاتیی کوردیان له‌ ناوچه‌ی سه‌رێ کانیێ، که‌ زۆرینه‌ی دانیشتووانی کوردن، ده‌ستگیر کردووه‌.

له‌ ئوکتۆبه‌ری ساڵی 2019 هێزه‌کانی سوپای تورکیا و گرووپه‌ چه‌کداره‌ توندڕه‌وه‌کانی سووریا، که‌ ده‌گوترێت فه‌رمان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ وه‌رده‌گرن، ئۆپه‌راسیۆنێکیان به‌ناوی "کانی ئاشتی" ده‌ستپێکرد، به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان هه‌زار که‌س ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت، ئه‌و کرده‌ سه‌ربازییه‌ش له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی کاردانه‌وه‌ی توندی لێکه‌وته‌وه، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان دووپاتی کرده‌وه‌، تورکیا تاوانی جه‌نگ له‌ دژی هاووڵاتییانی سڤیل له‌ سووریا ئه‌نجام ده‌دات.

له‌ راپۆرته‌که‌ی ئه‌مجاره‌ی رێکخراوی مافی مرۆڤی نێوده‌وڵه‌تیشدا باس له‌ چه‌ندین تاوان کراوه‌، که‌ تا ئێستا به‌ شاراوه‌یی ماونه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاند، رفێندراوه‌کان له‌ هه‌ردوو پێکهاته‌ی کورد و عه‌ره‌بن و ده‌سه‌ڵاتدارانی تورکیا به‌گوێره‌ی یاسای سزاکانی وڵاته‌که‌یان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵیان ده‌که‌ن، له‌کاتێکدا ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی دراونه‌ته‌ پاڵیان له‌ناو خاکی سووریا بووه‌.

رێکخراوه‌که‌ ئاشکراشی کردووه‌، که‌ پێداچوونه‌وه‌ی بۆ 4 هه‌زار و700 لاپه‌ڕه‌ کردووه‌، که‌ خۆیان له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی دادگایی له‌باره‌ی ده‌ستگیر کردنی 63 هاووڵاتیی سووریادا ده‌بینێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی راپۆرته‌که‌، ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ تایبه‌تن به‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی ده‌ستگیرکراون بۆ ناو خاکی تورکیا گوازراونه‌ته‌وه‌، لیستی تۆمه‌تبار کردنیان، فه‌رمانگه‌کانی پۆلیس و راپۆرتی پزیشکی، که‌ له‌ پارێزه‌ره‌کانه‌وه‌ به‌ده‌ستیان گه‌یشتووه‌، هه‌روه‌ک رێکخراوه‌که‌ چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ 6 که‌سی نزیکی هه‌ندێک له‌ ده‌ستگیرکراوان ئه‌نجام داوه‌،‌ ناوی پێنج له‌و که‌سانه‌ له‌ناو دۆسییه‌کاندا هه‌بوون، وێڕای چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ پارێزه‌رانی ده‌ستگیر کراوان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، ژماره‌یێک به‌ڵگه‌نامه‌ی دیکه‌یان له‌ رێکخراوه‌کانی دیکه‌ی مافی مرۆڤ به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌، که‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، پێده‌چێت ژماره‌ی ده‌ستگیرکراوه‌کان بگاته‌ نزیکه‌ی 200 که‌س.

راپۆرته‌که‌ جه‌خت ده‌کاته‌وه‌، له‌ دۆسییه‌ فه‌رمییه‌کانی تورکیا له‌باره‌ی ئه‌و که‌یسانه‌، تۆمه‌ته‌کان تایبه‌ت کراون به‌ مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر یه‌کپارچه‌یی خاکی وڵات و بوونی په‌یوه‌ندییان به‌ رێکخراوی تیرۆریستییه‌وه‌.

وه‌ک هیۆمه‌ن رایتس وۆچ جه‌ختی کردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و تۆمه‌تانه‌ پشتڕاست نه‌کراونه‌ته‌وه‌، که‌ ئه‌وانه‌ی ده‌ستگیر کراون په‌یوه‌ندییان به‌ یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه‌"ـه‌وه‌ له‌ باکووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا هه‌بێت.

هه‌روه‌ها دووپاتی کرده‌وه‌، تورکیا ده‌سه‌ڵاتی داگیرکاره‌ بۆ به‌شێک له‌ باکووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا و له‌ ساڵی 2019ـه‌وه‌ به‌بێ ره‌زامه‌ندیی حکوومه‌تی دیمه‌شق چه‌ند ناوچه‌یێکی داگیر کردووه‌، ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی خۆی به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا سه‌پاندووه‌.

ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌، مادده‌ی 49 له‌ "رێککه‌وتنی جنێف 4" جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، "نابێت هیچ که‌س و کۆمه‌ڵێک به‌ ناچاری و به‌زۆر له‌ناو خاکی داگیرکراو بگوازرێنه‌وه‌ بۆ ناو خاکی وڵاتی داگیرکار، ئه‌گه‌ر هۆکاره‌که‌ هه‌رچییه‌کیش بێت".

سەرچاوە: K24

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 947

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha