تورکیا پەکەکە-ی کردۆتە بیانووی فراوانخوازی لە شەنگال

 بەشی سووریا- سیاسەتوانێکی کوردی سووریا دەڵێت: تورکیا بە بیانووی شەڕی پەکەکە چەندین ناوچەی جیاوازی لە کوردستانی سووریا داگیر کردووە.

«وەلید حاجی عەبدولقادر» سیاسەتوانی کوردی سووریا لەبارەی ئەگەری هێرش کردنی تورکیا بۆ سەر شەنگال دەڵێت: تورکیا نەک هەر لە سەردەمی ئەردۆغانەوە بەڵکوو هەر لە سەرەتاوە فراوانخوازیی وەکوو ستراتێژیەک چاو لێکردووە و هەمیشە چاوی تەماحی بۆ سەر خاکی کورد لە وڵاتانی جیاوازدا بووە.

ناوبراو درێژەی دا: تورکیا لەم بارودۆخەدا بەدوای دەست بەسەردا گرتنی سێگۆشەی کوردستانی عێراق، کوردستانی سوویا و کوردستانی تورکیایە تا لە هەلێکدا ئەم ناوچەیە داگیر بکات. هەرچەند کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تورکیا ئیزنی ئاوا کارێکی پێنەدراوە، بەڵام تا ئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چاوی خۆی بەڕووی هەڵمەتەکانی تورکیادا داخستووە.

ناوبراو وتیشی: لەلایەکی دیکەوە دەبێت لە پەکەکە پرسیار بکرێت بۆچی لە ساڵی 1974ەوە چالاکییەکانی خۆی نەبردۆتە کوردستانی تورکیا کە بەشی هەرەگەورەی کوردستانە و چیا و شاخ و ناوچەی شاخاوی سەختتری لێیە و هاتۆتە کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریا.

ئەم سیاسەتوانە کوردە سووریە لەبارەی ڕۆڵی پەکەکە لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا و عێراق دەڵێت: پەکەکە هەمیشە بووتە هۆی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان وڵاتانی ناوچەکە. لە ساڵی 1989دا لە نێوان تورکیا سەدام-دا ڕێککەوتنێک واژۆ کرا تا تورکیا بە بیانووی شەڕی پەکەکە تا قووڵایی 20 کیلۆمەتریی خاکی عێراق پێشڕەوی بکات. هەروەها لە ڕێککەوتنی ئادنا-دا کە تورکیا لە گەڵ حکوومەتی سووریا ئەنجامی داوە مۆڵەتێکی هاوشێوەی پێدرا و ئەمڕۆ تورکیا بەپشت بەستن بەم ڕێککەوتنە خەریکی دەستدرێژییە.

ناوبراو ئاشکرای کرد مەترسیی هێرشی تورکیا بۆسەر شەنگال لەئارادایە و ئەم وڵاتە هەر دەرفەتێک بۆ ئەم هەڵمەتە دەقۆزێتەوە. ئەم ناوچەیە ناوچەیێکی تەواو ستراتێژیکە بۆ تورکیا و عێراق و تەنانەت ئێران-یش چوونکە لەو بەری سنوورەکانەوە لکاوەتە دەیرەزوور و ناوچەکانی دیکەی سووریاوە. بوونی پەکەکە لەم ناوچەیەدا بیانووی تورکیا بۆ فراوانخوازی خۆشتر دەکات.

وەلید حاجی عەبدولقادر وەبیری هێنایەوە: شەنگال بەهۆی نزیک بوونی بە ناوچە نەوتییەکان و سەرچاوە ئاوییەکانەوە بۆ تورکیا وەکوو ناوچەیەکی ستراتێژیک دیتە ئەژمار و کونترۆڵ کردنی ئەم ناوچەیە لەلایەن تورکیاوە هێژمۆنیی تورکیا لە عێراق و سووریا و زیاتر دەسەپێنێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 934

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha