کوردپرێس:
موحەڕەم ئینجە نوێنەری پێشووی پارتی کۆماریخوازی گەلانی تورکیا (CHP) و پاڵێوراوی ئوپوزسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ساڵی 2018 کە ڕکابەریی ئەردۆغانی دەکرد ڕایگەیاند پارتێکی سیاسیی تازە دادەمەزرێنێت.
بەگوێرەی نووسراوی ماڵپەڕی هەواڵ و شرۆڤەی "ئەحواڵ موحەڕەم ئینجە ڕایگەیاندووە بە ئامانجی دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی تازە بە یاوەریی سێ کەسی دیکە لە نوێنەرانی جەهەپە کە ڕۆژی هەینی کشانەوەیان ڕاگەیاندووە لە ئەندامێتیی جەهەپە دەکشێتەوە.
ئینجە سیاسەتوانی 56 ساڵەی جەهەپە کە لە ڕکابەری لەگەڵ ئەردۆغان بۆ کورسیی سەرۆکایەتیی کۆمار 31 لە سەدی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو ڕکابەری کەمال کلچدار ئۆغڵۆ سەرۆکی جەهەپە لە سەرۆکایەتی کردنی ئەو پارتە بوو.
ئینجە بەردەوام لە خاڵی لاوازی کلچدار ئوغڵۆ لە سەرۆکایەتیی جەهەپە و پەیڕەو کردنی سیاسەتی پارتی دەسەڵاتدا ڕەخنەی گرتبوو.
ناوبراو ڕایگەیاند مەرامنامەی حیزبێکی نوێ ئامادە کراوە و بەرنامەکانیشی تەقریبەن دیاری کراون و بەم زووانە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیێندرێت.
جیابوونەوەی ئینجە لە گەورەترین پارتی ئوپوزسیۆن دەتوانێت کارتێکەریی قووڵی هەبێت لە سەر هەلومەرجی جەهەپە و کۆی ساحەی سیاسیی تورکیا.
شایانی باسە ئەو حیزبە ئەگەر دابمەزرێت سێهەم حیزب دەبێت کە پاش جێگیرکردنی سیستەمی سەرۆکایەتی لە تورکیا و دەسەڵات وەرگرتنی ئەردۆغان لە کورسیی سەرۆککۆماری لەو وڵاتە دادەمەزرێت. پێشتر ئەحمەد داود ئوغڵو و عەلی باباجان بەرپرسانی باڵای حیزبی هیدایەت و ئاکپارتی کە هاوپەیمانی ئەردۆغان بوون دوو حیزبی دیکەیان دامەزراند.
Your Comment