وەزیری بەرگریی تورکیا بە دەستی بەتاڵ لە هەولێر و بەغدا گەڕایەوە

بەشی سووریا- لێکۆڵەرێکی کوردی سووریا لە بواری سیاسەت و فەلسەفە، دەڵێت: وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ ئەوەی کە بەبێ هیچ دەسکەوتێک لە بەغداوە نەگەڕێتەوە، سەردانی هەولێری کرد و سەردانەکەی بۆ ناوچەکە درێژ کردەوە.

«ساڵح نەسعان» لێکۆڵەرێکی کوردی سووریا لە بواری سیاسەت و فەلسەفە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە سەردانی ئەمدواییەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر و کاریگەریی ئەو سەردانە لەسەر دۆخی کورد لە عێراق و سووریا و وتی: لەم بابەتەدا چوار هێزی کاریگەر ڕۆڵ دەگێڕن کە بریتین لە ئەمریکا، تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان کە هەریەکە و ڕێدۆزێکی جیاوازیان هەمبەر بابەتی ئەمنیەتی ناوچەکە هەیە.

ناوبراو درێژەی دا: ئاشکرایە کە ئەمریکا پاش هاتنی بایدەن هەڵویستی جیاوازی دەبێت و تورکیا وەکوو سەردەمی ترەمپ ناتوانێت دەست بۆ داگیرکاری ببات.

ناوبراو وتیشی: ئەردۆغان چ لەناو تورکیا و چ لە دەروەی وڵات دۆخێکی باشی نییە و وەکوو ڕابردوو دەیەوێت پرسە دەرەکییەکان بکاتە سەرپۆشێک بۆ بابەتە ناوخۆییەکان.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: بەئاوڕدانەوە لە دۆخی سیاسی عێراق و چەند بەرەکیی هێز لە بەغدا، تورکیا لە بەغدا بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە و بەڵێنێک بە ئەنقەرە نەدرا.

ساڵح نەسعان وەبیری هێنایەوە: شاندی تورکیا و وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ ئەوەی کە بەبێ هیچ دەسکەوتێک لە بەغداوە نەگەڕێتەوە، سەردانی هەولێری کرد و سەردانەکەی بۆ ناوچەکە درێژ کردەوە.

ئەو سیاسەتوانە کوردە وتیشی: شاندی تورکیا لە هەولێریش هیچ دەسکەوتێکی نەبوو و بە دەستی بەتاڵ گەڕایەوە.

ناوبراو جەختی کردەوە: ئەگەر نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ببوایە ڕەنگە نەرمیی زیاتری بۆ شاندی تورکیا دەنواند بەڵام مەسروور بارزانی سیاسەتێکی جیاوازی هەیە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 903

Your Comment

You are replying to: .
captcha