ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت سزای تورکیا بدات و ناوبانگی ئێمه‌ بشێوێنێ

به‌شی تورکیا- ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا پێی وایه ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت سزایان بدات و ناوبانگی توركیا بشێوێنێ چوونكه‌ ملكه‌چی سیناریۆكانیان نه‌بووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌ردۆغان له‌و كاته‌ی به‌رامبه‌ر ژماره‌یێک له‌ چالاكوانانی پارتی داد و گه‌شه‌ له‌ شاری ئاگری قسه‌ی كرد گوتی: "ئه‌مریكییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن سزامان بده‌ن و ناوبانگمان بزڕێنن و سه‌ركۆنه‌مان بكه‌ن چوونكه‌ په‌یڕه‌وی له‌ سیناریۆكانیان ناكه‌ین كه‌ زۆر ڕوونه‌ و ده‌یانه‌وێت به‌ هاوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ لای ئێمه‌ ناسراون له‌ وڵاته‌كه‌ماندا جێبه‌جێ بكه‌ن".

سه‌رۆككۆماری توركیا ده‌ڵێت: ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی گرووپه‌كه‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن ئه‌و كارانه‌ بكه‌ن به‌ڵام ده‌بێت بزانن ئه‌وان ناتوانن بمانخه‌ڵه‌تێنن.

هه‌روه‌ها ئه‌ردۆغان واشنتۆنی به‌ پاڵپشتی كردنی پارتی كرێكارانی كوردستان "په‌كه‌كه‌" تۆمه‌تبار کردووه‌ كه‌ پارتێكی قه‌ده‌غه‌كراوه‌ له‌ توركیا.

ئه‌ردۆغان ده‌شڵێت: "به‌شێک له‌و سیناریۆیانه‌ی دژی توركیا به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، دادگاكانه‌ دژی هاووڵاتییانی توركیا له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سیناریۆی درۆ داده‌ڕێژن و ئامانجیان ملكه‌چكردنی توركیا و دروست كردنی درزه‌ له‌ نێوان كۆمه‌ڵگای توركیادا، به‌ڵام هه‌موو نه‌خشه‌ و پیلانگێڕییه‌كانیان شكست ده‌هێنێ و هیچ که‌سێک ناتوانێت كڕنووش به‌ توركیا به‌رێت".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9014

Your Comment

You are replying to: .
captcha