کوردپرێس: لەمانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2018 چەند تیمێكی دیوانی چاودێری دارایی حكوومەتی فیدراڵ هاتنە شارەكانی هەرێم و وردبینیێكی سەرەتاییان لە لیستی مووچەخۆرانی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستیدا كرد.
سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سایتی ناسی ڕاگەیاندووە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم كە بەپێی سیستمی بایۆمەتری تۆمار كراوە و هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی لە خۆگرتووە لەوانە، خانەنشین و سەربازی و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و فەرمانبەرانی شارستانی لەلایەن خودی خۆیەوە ڕادەستی ئەو تیمانە كراوون كە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە بۆ وردبینی لیستی مووچەخۆرانی هەرێم هاتبوونە شارەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک.
سەمیر هەورامی ئەوەشی ڕوونكردەوە، بە ئامار و بەداتا و بەفەرمی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕادەستی حكوومەتی فیدراڵ كراوە كە سەرجەمیان بریتین لە ملیۆنێك و 250 هەزار فەرمانبەر.
لەبارەی نەناردنی لیستی مووچەخۆرانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم كە زۆرجار گرفتی بۆ دانووستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دروست كردووە، ڕاوێژكارەكەی قوباد تاڵەبانی وتی: لەمانگی یەكی ئەمساڵەوە دەبوایە بۆ هەموو مانگێك 68 ملیار دینار بوودجەی مووچەی پێشمەرگە لە بەغداوە بهاتایە بۆ هەرێم، بەڵام وا بۆ نۆ مانگە ئەو بڕە پارەیە لە بەغداوە نەهاتووە و دواهەمین جار داوای میلاكات و لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگەیان كردووە ئامادەشین ئەو لیستە بنێرین.
کۆدی هەواڵنر: 60113
Your Comment