کوردپرێس:
ڕۆژی سێشەمە 10ی ئەیلوولی 2019 شاندێكی هاوبەشی پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" و تەڤگەری كۆمەڵگای دیموكرات "كەجەدە" بەسەرۆكایەتیی سەزایی تەمەللی هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپە سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی-یان كرد و لەگەڵ بەپرسانی ئەو حزبە كۆ بوونەوە.
مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەراگەیەندراوێكدا وردەكاری كۆبونەوەكەی بڵاوكردەوە و ئاماژە بەوەدراوە، هەردوولا پەیوەندییەكانی نێوانیان و پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و كوردستانی تورکیا و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكەیان تاوتوێ كردووە.
لەوبارەیەوە حاكم قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێڕیی یەكێتی ئاماژەی بەوە داوە، ئەو جۆرە سەردان و كۆبوونەوانە بۆ جۆشدانەوەی پەیوەندییەكان و ئاگاداربوون لە گۆڕانكاری و بیروڕا گۆڕینەوە گرنگە.
ناوبراو وتووشیەتی "یەكێتی بڕوای لەمێژینەی بەخەباتی گەلەكەمانە لەبەشەكانی تری كوردستان بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانە و دیموكراسییانەی پرسی ڕەوای گەلی كورد. هەروەك پشتیوانی خەباتی گەلەكەمان بەرێگای ئاشتی و دیموكراسی و مەدەنی ستراتیژی كاركردنە لای یەكێتی، نەخشەرێگای گفتوگۆ و دانوستانیش گونجاوترین بژاردەیە بۆ چارەسەركردنی پرسی ڕەوای گەلی كوردستان".
لای خۆیشیەوە سەزایی تەمەللی هەوڵی جەلال تاڵەبانی سكرتێری پێشوی یەكێتی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموكراسییانە و ئاشتییانەی پرسی ڕەوای كوردی لە تورکیا بەمێژویی و گرنگ ناو برد و وتی "بێ مام جەلال-ی لەسەر پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی گەلی كوردستان هەست پێدەكرێت".
هاوسەرۆکی هەدەپە تەئكیدیشی كردەوە، درێژە دەدەن بە خەبات بەشێوازی ئاشتییانەع و دیموكراسییانە بۆ سەلماندنی مافەكانی کورد لە تورکیا.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment