کوردپرێس: گۆڕانکارییێکی نوێ که له‌مدواییه‌دا سه‌باره‌ت به بابه‌تی سووریا دروست بووه و له ئێستادا ڕێگری له هێرشی سه‌ربازیی تورکیا بۆ سه‌ر کورده‌کانی سووریا له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته کردووه ڕێککه‌وتنی نێوان تورکیا و ئه‌مریکایه له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له باکووری سووریا که به‌پێی ئه‌و ڕێککه‌وتنه هێزی کوردی سووریا له سنووره‌کانی تورکیا ده‌کشێته‌وه و هێزی هاوبه‌شی تورکیا و ئه‌مریکا چاودێری له‌سه‌ر ناوچه‌که ده‌که‌ن که بڕیاره له‌لایه‌ن هێزی پۆلیسی خۆجێیییه‌وه به‌ڕێوه ببردرێت. نه ئه‌مریکا و نه تورکیا وردهکارییێکی زۆریان له‌باره‌ی ئه‌و پڕۆژه به شێوه‌ی فه‌رمی نه‌خستۆته‌ڕوو و ئه‌م مه‌سه‌له‌ش بۆته‌هۆی ئه‌وه‌ی که گهشبینییێکی زۆر هه‌مبه‌ر به ئه‌نجام گه‌یشتنی ڕێککه‌وتنه‌که له‌ئارادا نه‌بێت.
هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس بۆ لێکدانه‌وه‌ی زیاتری مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنی ناوچه ئارامه‌که‌ی تورکیا و ئه‌مریکا و هه‌روه‌ها دواگۆڕانکارییه‌کانی هاوپه‌یوه‌ند به‌و مه‌سه‌له دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ دوکتۆر نیکۆلاس پانایۆتیدس سه‌رۆکی په‌یمانگای چاودێریی جیئۆستراتێژیکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین و مامۆستای په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی کۆلێژی ئه‌مریکیی نیکۆزیای قوبرس ئه‌نجام داوه. دوکتۆر پانایۆتیدس که بڕوانامه‌ی دوکتۆرای په‌یوه‌ندییه گشتییه‌کانی هه‌یه و شرۆڤه‌کاری کاروباری کورد و سووریاشه هیوایێکی زۆری به ئایندهی پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌لایه‌ن تورکیا و ئه‌مریکاوه نییه چوونکه پێی وایه ڕێککه‌وتنه‌که شک و گومانێکی زۆری تێدایه. ناوبراو پێشی وایه که گۆڕینی ئاقاری پێشهاته‌کانی سووریا بۆته‌هۆی دووربوونه‌وه‌ی ڕووسیا له کوردی سووریا.
ده‌قی دیمانه‌که:
کوردپرێس: چ بۆچوونێکتان له‌سه‌ر بابه‌تی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له باکووری سووریا و ڕێککه‌وتنی تورکیا و ئه‌مریکا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته هه‌یه؟
دوکتۆر نیکۆلاس پانایۆتیدس: له واقیعدا گومانگه‌لێکی زۆر له‌باره‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له باکووری سووریا هه‌یه. بۆ وێنه دیار نییه که قووڵایی و درێژاییی ئه‌و ناوچه‌یه چه‌نده و یان بڕیاره ئه‌و ناوچه‌یه له‌لایه‌ن چ که‌سێکه‌وه کۆنتڕۆڵ بکرێت. به‌تایبه‌ت ئه‌و کوردانه‌ی که به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ به‌شدارییان له دانووستانه‌کانی تورکیا و ئه‌مریکا له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام کردووه دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارامیان به قووڵاییی 5 کیلۆمه‌تر قبووڵ کردووه. پێده‌چێت که ئه‌مریکا پێشنیاری قووڵاییی 20 کیلۆمه‌تر و سێ سنووری بۆ دامه‌زراندنی ناوچه ئارامه‌که کردووه به‌ڵام لایه‌نی تورکی داوای کردووه که ناوچه ئارامه‌که له قووڵاییی 30 بۆ 40 کیلۆمه‌تری دروست بکرێت. جگه له‌مانه کێشهیێکیتر ئه‌مه‌یه که ئایا تورکیا داخڵی ئه‌و گوندانه ده‌بێت که شوێنی ژیانی کورد و عه‌ره‌بی سووریایه. خراپتر له‌وه‌ش به‌پێی هه‌ندێک زانیاری ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا سه‌ره‌ڕای ڕێککه‌وتنی وڵاته‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا دووباره هه‌ڕه‌شه‌ی کردنه‌ئامانجی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فوراتی کردووه و سه‌رجه‌م ئه‌م بابه‌تانه نیشانه‌گه‌لێکی باش بۆ ڕێککه‌وتن نیین. ئه‌م بابه‌ته به له‌به‌رچاوگرتنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پاش به‌ره‌وڕووبوونه‌وه و خولی جێگیربوونی ئاشتی و سه‌قامگیریی پاش به‌ره‌وڕووبوونه‌وه له سووریای پاش شه‌ڕ گرنگایه‌تی هه‌یه.
کوردپرێس: ژماره‌یێک ڕاپۆرتی پشتڕاستنه‌کراو باس له دانووستانی ژێربه‌ژێری تورکیا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا ده‌کات. ده‌وترێت که ئه‌م دوو حکوومه‌ته له‌سه‌ر ڕێککه‌وتنێک دانووستان ده‌که‌ن که به‌پێی ڕێککه‌وتنه‌که تورکیا ئیدلب ده‌داته دیمه‌شق و دواتر ده‌ستی تورکیا بۆ هێرشکردنه سه‌ر کورد له باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا کراوه‌تر ده‌بێت. ئایا شتێکی وا مومکینه؟
دوکتۆر نیکۆلاس پانایۆتیدس: نه‌خێر. من پێم وانییه مامه‌ڵه‌یێکی وا له‌ئارادا بێت. په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تورکیا و ده‌وڵه‌تی سووریا دۆخێکی قه‌یراناوی تێپه‌ڕ ده‌کات. ژماره‌یێک ڕاپۆرت له‌باره‌ی بۆردوومانکردنی کاروانی لۆجستیی هێزه‌کانی تورکیا له ئیدلب له‌لایه‌ن فڕۆکه‌کانی سووریا و ڕووسیاوه بڵاو بۆته‌وه و ئه‌م بابه‌ته‌ش پاش ئه‌وه دێت ده‌وڵه‌تی سووریا سه‌رکۆنه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ی کردبوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یارمه‌تیی سه‌ربازیی بۆ سه‌ربزێوانی شاری خان شێخوون ناردبوو. که‌واته ده‌توانین به‌م شێوه‌یه خوێندنه‌وه بۆ بابه‌ته‌که بکه‌ین که ڕاپۆرتگه‌لێکی وا له‌باره‌ی ڕێککه‌وتنی گریمانه‌کراوی سووریا و تورکیا له‌سه‌ر ئیدلب و کورد بێبنه‌مایه.
کوردپرێس: ڕووسیا له سه‌ره‌تای قه‌یرانی سووریا چالاکییێکی زۆری له‌گه‌ڵ کورده‌کان ئه‌نجام دا به‌ڵام پێده‌چێت که له‌م ڕۆژانه‌دا مۆسکۆ ئاوڕێکی زۆر له دۆخی کوردی سووریا ناداته‌وه. چ شتێک ڕووی داوه که گۆڕینی هه‌ڵوێستی ڕووسیای لێکه‌وتۆته‌وه؟
دوکتۆر نیکۆلاس پانایۆتیدس: ناسه‌قامگیریی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین لاپه‌ڕه‌ی خزۆکی ڕووداوه‌کانی به‌ره‌و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئۆراسیا جووڵاندووه و به دوای ئه‌وه‌ش نزیکبوونه‌وه‌ی تورکیا و ڕووسیا به یه‌کتری به‌دواوه بووه. وابهستهیییێکی به‌ربڵاوتر له هه‌ندێک بواری جۆراوجۆر له جیئۆپۆلهتیکهوه بگره تا ئابوور و له‌وان هاوکاری له بواری وزه له نێوان ئه‌و دوو زلهێزه ئۆراسیایییه دروست بووه. شایانی باسه که ڕووسیا، تورکیا و ئێران له دانووستانه‌کانی ئه‌ستانه‌ی 2 له‌سه‌ر دۆخی سووریا دژایه‌تیی خۆیانیان له‌گه‌ڵ کورده جیاییخوازه‌کانی سووریا ڕاگه‌یاند. ئێمه له‌مباره‌وه ده‌توانین به ئاسانی ئه‌نجامێک وه‌ده‌ست بێنن که ڕووسیا پشتیوانی له هاوپه‌یمانی سووریی خۆی ده‌کات و له ئاستێکیتردا پشتیوانی له ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌ر مه‌سه‌له‌یێک له‌لایه‌ن تورکیاوه ده‌کات که وه‌ک هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری و قه‌ڵه‌مڕه‌وی سووریا یان تورکیا بێته ئه‌ژمار.
کوردپرێس: هه‌ندێک که‌س ده‌ڵێن که ڕێککه‌وتنێکی نه‌نووسراو له نێوان تورکیا و ڕووسیادا هه‌یه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی که تورکیا له ئیدلبی سووریا بچێته‌ده‌ره‌وه و کۆنتڕۆڵی ناوچه کوردنشینه‌کانی باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا بگرێته ده‌ست. تا چ ڕاده‌یێک ئه‌م بابه‌ته ڕاسته؟
دوکتۆر نیکۆلاس پانایۆتیدس: ناتوانین به ته‌واوه‌تی هه‌ندێک ئایدیا نه‌ک ڕێککه‌وتن له‌باره‌ی چه‌ندین مه‌سه‌له‌ی هه‌ستۆک له‌باره‌ی ئه‌و وڵاته شه‌ڕلێدراوه ڕه‌ت بکه‌ینه‌وه به‌ڵام به بڕوای من باشتره له ئێستادا هیچ جۆره بابه‌تێک له‌مباره‌وه ئاراسته نه‌که‌ین و چاوه‌ڕوان بین بۆ ئه‌وه‌ی ببینین هێرشی حکوومه‌تی سووریا له پارێزگای ئیدلب چ ئه‌نجامێکی به‌دواوه ده‌بێت. له هه‌ر حاڵه‌تێکدا هیچ که‌س ناتوانێت فاکته‌رێک به ناوی ئه‌مریکا له سووریا و هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م بابه‌ته ئاراسته‌کراوه‌کان له‌باره‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له باکووری سووریا له‌سه‌ر گۆڕانکارییه‌کانی سووریا نادیده بگرێت.
وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment