بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاپۆرتی گۆڤاری (thisiscolossal)، هاوتووە: پێشانگا نوێیەکەی "ڕۆژا مەدحەت" لە تۆرێنتۆ، هێما و چیرۆکە ناسراوەکانی کوردی لە دڵی کتێبی منداڵان و ئەرشیفە مێژووییەکان دەردەهێنێت و لە ڕێگەی چنینی دیجیتاڵی، ڕووناکی و پەیکەرسازیی هاوچەرخەوە، دەیانکاتە ئەزموونێکی نوێ و فرەڕەهەند.
ڕۆژا مەدحەت، هونەرمەندی کوردی نیشتەجێی تۆرێنتۆ، لە بەرهەمەکانیدا خاوەن دیدگایەکی جیاوازە بۆ نیشاندانی کولتووری کوردی؛ دیدگایەک کە تەنیا لەسەر بنەمای نوستالژیای نەریتی نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای سەرلەنوێ خوێندنەوە و ئافراندنەوەی ئەو نەریتەیە بە زمانی هونەری هاوچەرخ.

تایبەتمەندیی سەرەکیی شێوازی کارکردنی ئەو، گرێدانی توخمە کولتووری و بینراوە کوردییەکانە بە تەکنەلۆژیا و میدیا نوێیەکانی وەک: چاپکردنی سێدووری (۳D)، چنینی دیجیتاڵیی ژاکارد، سکانی سێدووری و پەیکەرسازیی ڕووناکی. مەدحەت وێنە ئاشناکانی وەک "کوڕانی سوارچاک"، "سروشتی لادێ" و "نەخش و نیگاری فەرشی کوردی" ــ کە زۆربەیان لە کتێبی منداڵانی کوردی و سەرچاوە ئەرشیفییەکانەوە وەرگیراون ــ لە چوارچێوە باوەکەی خۆیان دادەبڕێت و لە قاڵبێکی نوێ و هەندێک جار چاوەڕواننەکراودا دەیانڕێژێتەوە.

لە بەرهەمەکانی ئەودا، کولتووری کوردی وەک میراتێکی نەگۆڕ و ڕەق نیشان نادرێت، بەڵکوو وەک کۆمەڵێک چیرۆک و گێڕانەوەی لەحاڵی گۆڕان و پەرەسەندندا دەخرێتە ڕوو. ئەو لەبری پێشکەشکردنی وێنەیەکی ڕۆمانسییانە لە ڕابردوو، ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەبێتەوە: "یادەوەری، ناسنامە و گێڕانەوە کولتوورییەکان چۆن لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و جیهانگیریدا سەرلەنوێ پێناسە دەکرێنەوە؟".

لایەنێکی دیکەی جیاوازی کارەکانی مەدحەت، ڕەخنەگرتنە لەو گێڕانەوە دەرەکی و ڕۆژهەڵاتناسییانەی (ئۆریێنتالیزم) کە لەسەر کورد هەن. بۆ نموونە، لە بەرهەمی «مەڕ و شۆڤرۆلێت»دا، کتێبە مرۆڤناسییە مشتومڕاوییەکەی "فرانسوا بالسان" کە لە ساڵی ١٩٤٧دا وێنەیەکی کڵێشەیی (کلیشەیی) لە کۆمەڵگەی کوردی نیشان دابوو، بە شێوازێکی تەنزئامێز و ڕەخنەگرانە دەخوێنێتەوە. پەیکەری مێگەلە مەڕێکی گەورە کە لەسەر ئۆتۆمبێلێکی شۆڤرۆلێت نیشتووە، ڕووبەڕووبوونەوەی نەریت و مۆدێرنیتە لە گۆشەنیگایەکی نوێوە نیشان دەدات و ئەو چەمک و چیرۆکانەی بەسەر کولتووری کوردیدا سەپێنراون، دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

لەبەر ئەم هۆکارانە، دەکرێت هونەری مەدحەت وەک هەوڵێک بۆ وەرگێڕانی کولتووری کوردی بۆ سەر "زمانە نوێیەکان" سەیر بکرێت؛ زمانێک کە تێیدا فەرش، ئەسپ، سروشت و یادەوەرییە بەکۆمەڵەکانی کورد، لە قاڵبی ڕووناکی، پلاستیک، تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و پەیکەرسازیی هاوچەرخدا سەرلەنوێ پێناسە دەکرێنەوە. ئەنجامی ئەمەش، نیشاندانی وێنەیەکی وایە لە ناسنامەی کوردی کە هاوکات ڕەگی لە ڕابردوودا هەیە و لەگەڵ پرسیار و ئامرازەکانی جیهانی ئەمڕۆشدا دەژیت.



Your Comment