تورکیا توانای نییە هێرش بکاتە سەر دێرک و شەنگال

بەشی سووریا- سەرۆکی ناوەندی توێژینەوە ستراتێژیکەکانی فورات دەڵێت: دۆخی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە مۆڵەت بە تورکیا نادات هێرشێکی سەربازیی دیکە لەدژی کوردستانی سووریا دەست پێبکات.

«سولەیمان ئیلیاس» سەرۆکی ناوەندی توێژینەوە ستراتێژیکەکانی فورات لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هەڕەشە نوێکانی تورکیا دژ بە کوردستانی سووریا و شەنگال پاش سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر و وتی: ئەوەی کە تورکیا بیهەوێت لە ئێستادا هێرشێکی دیکە دژ بە شەنگال و دێرک ئەنجام بدات ئەو مۆڵەتەی پێنادرێت چوونکە نەخشەی سیاسی ناوچەکە و ئەکتەرانی سیاسی دیکە ئەو مۆڵەتە بە تورکیا نادەن.

ناوبراو وتی: ڕەنگە تورکیا بتوانێت لەڕێگای هێزەکانی سەربە وڵاتەکەیەوە لە هەندێک ناوچەدا پیلان بگێڕێت بەڵام توانای نییە لەشکەرکێشیێکی دیکە ئەنجام بدات.

سەرۆکی ناوەندی توێژینەوە ستراتێژیکەکانی فورات جەخت دەکاتەوە: پاش گۆڕانکارییە سیاسییەکان و دەست بەکار بوونی سەرۆکی نوێی ئەمریکا، سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا و لە سووریا دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەدەمی پێش ترەمپ.

سولەیمان ئیلیاس پێشتر بە کوردپرێسی ڕاگەیاندبوو لە زۆر ناوچەدا هەن کە ئەردۆغان هەڵمەتی سەربازی دەست پێکردووە و شکستی هێناوە و ئەمەش زیاتر کردنی بەرەیێکی دیکەی شەڕ بۆ سەرۆکی تورکیا دژوار دەکات.

ناوبراو زیاتر وتی: دەوڵەتی ئەمەریکا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گرێبەستێکی نەوتیی 25 ساڵەی واژۆ کردووە و ئەمەش بەم مانایەیە کە ئەمەریکا نایەوێت بەم زووانە لە سووریا بکشێتەوە تەنانەت ئەگەر پرسی سووریا چارەسەر بکرێت.

سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتێژیکەکانی ناوچەی فورات ئاشکرای کرد: ئەمەریکا ستراتێژیێکی درێژخایەنی بۆ ناوچەکە هەیە و بە هاتوچوونی سەرۆک کۆمارەکان گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ڕوونادات.

دکتۆر ئیلیاس وتیشی: ئەمەریکا بەبۆنەی کوردەوە ناهاتۆتە سووریا و بە دڵنیایەوە لەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدایە و لەم نێوانەشدا کوردەکان سیاسەتی سەربەخۆی خۆیان پەیڕەو دەکەن.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: کەمتر لە 30لەسەدی خاکی سووریا لە ژێر کونترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتیکدایە و ئەمەش بەم مانایەیە کە لە کونترۆڵی ئەمەریکادایە بۆیەش تورکیا بەهۆی پشتیوانیی ئەمەریکا و ئەوورووپا لە کوردی سووریا، تووشی هەڵەیێکی دیکە نابێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 857

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha