بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی هەینی هێزە عێراقییەکان بە فەرمی کۆنترۆڵ کردنەوەی قەزای ڕاوەیان ڕاگەیاند، کە کۆتا ناوچە بوو هاووڵاتییانی مەدەنی تیادا بوو و لەژێر دەستی داعشدا بوو.
بەپێی لێدوانی بەرپرسە سەربازییەکانی عێراق، زۆربەی چەکدارانی داعش بەرەو بیابانەکانی ئەنبار و سنووری سووریا هەڵاتوون.
دوای کۆنترۆڵ کردنەوەی ڕاوە، داعش تەنیا لە چەند ناوچەیێکی بچووکی جیا جیا لە ناو بیابانەکانی ئەنباردا ماونەتەوە، ئەوەش بەپێی لێدوانی بەرپرسە سەربازییەکان، قۆناغێکی تازەیە کە پێویستی بە کار و پلانی سەربازیی تازە هەیە.
ڕووبەری ئەو بیابانەی عێراق کە تائێستا هێزە عێراقییەکان نەچوونەتە ناویەوە ٢٨ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بە درێژایی ١٨٠ کیلۆمەتر لەگەڵ سنوری سوریادا و پانیەکەشی ١٦٠ کیلۆمەترە.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی عێراق، لەناو بردنی داعش پەیوەستە بە قۆناغی پاراستنی بیابانەکانی ئەنبار، ئەسکەندەر وتوت ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دوای ئەوەی چەکدارانی داعش شار و شارۆچکەکانیان لەدەست دا، ئێستا پەنایان بردووە بۆ بیابان و ئەو ناوچانەیان بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هێرشی داهاتوویان بۆ ناوچە جیاوازەکانی عێراق بەکار دەهێنن و دەیان تونێلیان لێداوە بۆ پاراستنی چەک و تەقەمەنییەکانیان.
وتیشی، کاری سەرەکیی هێزە عێراقییەکان لە داهاتوودا پاراستنی بیابانەکانی ئەنبارە.
لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا لەدوای هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ بیابانەکانی ئەنبار بوونە پەناگەیێکی بەهێز بۆ چەکدارانی قاعیدە و گرووپە توندرەوەکانی تر.
ئەو کاتە بە مەبەستی کۆنترۆڵ کردنی بیابانەکانی ئەنبار ئەمریکا ٤٠ هەزار سەربازی بە پشتیوانیی ٦٥ فرۆکە بڵاوە پێکرد، بەڵام نەیتوانی بە تەواوی کۆنترۆڵی بکات و ئەو بیابانانە بوونە شوێنی چالاکییەکانی قاعیدە، بە سەرپەرشتیی ئەبو موسعەب زەرقاوی.
لە ئێستادا پرسیار ئەوەیە، ئایا هێزە عێراقییەکان دەتوانن ئەو بیابانانە کۆنترۆڵ بکەنەوە و ڕێگە لە بەهێزبوونەوەی داعش بگرن لە داهاتوودا؟ یان ئەو بیابانە دەبێتەوە پەناگەیێکی فراوان بۆ بەهێزبوونەوەی داعش و سەرهەڵدانی گروپی چەکداری دیکە.
سەرچاوە: ئێن ئاڕ تی
Your Comment