کوردپرێس- ده‌قی یادداشته‌که‌ی ئێحسان هووشمه‌ند به‌م شێوازه‌ی خواره‌وه‌یه:
زۆرینه‌ی حه‌شیمه‌تی ئێران شوێنکه‌وتووی ئایینی ئیسلام و مه‌زهه‌بی شیعه‌ی دوازده ئیمامین به‌ڵام له ته‌نیشت شیعه‌کاندا هه‌ندێک شوێنکه‌وتووی ئایین و ئایینزای دیکه‌ش هه‌ن تاقمێک له هاووڵاتییان مه‌سیحین، تاقمێک یه‌هوودی و تاقمێکی دیکه‌ش زه‌رده‌شتین. به گوێره‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی سێ ئایینی مه‌سیحی، که‌لیمی و زه‌رده‌شتی به فه‌رمی ناسراون و له چوارچێوه‌ی یاسادا ئازادن مه‌راسیمی ئایینیی خۆیان به‌ڕێوه به‌رن. هه‌روه‌هاش له ئێران‌دا تاقمێک له ئێرانیان شوێنکه‌وتووی ئایین و ئایینزای فه‌رمی و نافه‌رمیی تریشن. بۆ نموونه شوێنکه‌وتووانی ئایینی یارسان (ئه‌هلی حه‌ق) شیعه‌ی ئیسماعیلی و شیعه‌ی زه‌یدی و مه‌ندایی و سیک و بوودا. هه‌ندێک فیرقه و مه‌کته‌بی نافه‌رمیش هه‌ن. له نێوان ئێرانیاندا هه‌ندێک له موسڵمانانانیش شوێنکه‌وتوویی ئایین‌زاکانی ئه‌هلی سوننه‌ن. پاش شیعه‌کان، ئه‌هلی سوننه گه‌وره‌ترین گرووپی ئایینزاین له ئێران‌دا. ئامار و به‌راورده‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن له‌سه‌دا 8 بۆ 10ی حه‌شیمه‌تی ئێران سوننه‌مه‌زهه‌بن که له پارێزگاکانی سیستان و به‌لووچستان، کوردستان، کرماشان، ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، خوراسانی باکوور و باشوور، گوڵستان، گێڵان، هورموزگان، بووشهێر، فارس و باشووری کرمان و هه‌روه‌هاش تاران و که‌ره‌ج دانیشتوون. له نێوان چوار مه‌زهه‌بی سوننه واتا حه‌نه‌فی، شافیعی، حه‌نبه‌لی و مالێکی سێ مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فی، شافیعی و حه‌نبه‌لی هه‌ندێک شوێنکه‌وتوویان له ئێران هه‌یه. مه‌زهه‌بی حه‌نه‌فی گه‌وره‌ترین فیرقه‌ی ئیسلامه و یه‌ک له سێ موسڵمانانی جیهان حه‌نه‌فی مه‌زهه‌بن. له ئێرانیش له نێوان موسڵمانانی ئه‌هلی سوننه‌دا هه‌ندێکیان حه‌نه‌فی مه‌زهه‌بن. حه‌نه‌فییه‌کان له سیستان، گوڵستان و خوراسانی باکوور هه‌روه‌هاش خوراسانی باشوور، فارس و هورموزگان دانیشتوون. له سیستان و چه‌ند به‌شی باشوور پێشه‌وا ئایینییه‌کان به "مه‌وله‌وی" ده‌ناسرێن. هه‌ڵبه‌ت تورکمانه‌کان ده‌سته‌واژه‌ی ئاخووند به‌کار ده‌هێنن. شافێعی مه‌زهه‌به‌کانیش له چه‌ند پارێزگای کوردستان، ئازه‌بایجانی ڕۆژئاوا، کرماشان و ناوچه‌ی تاڵش به پێشه‌وا ئاینییه‌کانیان ده‌ڵێن مامۆستا. ژماره‌یێکی که‌می حه‌نبه‌لی مه‌زهه‌بیش له باشووری ئێران ده‌ژین. هه‌ندێک جیاوازی له نێوان چوار مه‌زهه‌به‌ی ئه‌هلی سوننه‌دا له باری فیقهییه‌وه هه‌ن و پێشه‌وای ئایینیی هه‌ر مه‌زهه‌بێک له نێو شوێنکه‌وتووانی ئه‌و مه‌زهه‌به‌دا پله و پێگه‌ی ئایینی هه‌یه. جگه له جیاوازیی مه‌زهه‌بی له نێوان سوننه مه‌زهه‌به‌کانی ئێران‌دا کۆمه‌ڵگای ئه‌هلی سوننه‌ی ئێران به هه‌ندێک پێوه‌ری دیکه‌ش هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێن. بۆ نموونه لایه‌نگری و لکانی زۆرینه‌ی سوننه مه‌زهه‌به‌کانی ئێران به ته‌ریقه‌تێکی ته‌سه‌وفه‌وه واتا به‌شێک له موسڵمانه سوننه مه‌زهه‌به‌کانی ئێران شوێنکه‌وتووی ته‌ریقه‌تێکی ته‌سه‌وفن. ته‌ریقه‌تی ته‌سه‌وفی قادرییه، نه‌قشبه‌ندییه، ڕێفاعییه، به‌ده‌وییه، سوهوه‌ردییه، مه‌وله‌وییه، سه‌عدییه، شازلییه، بکتاشییه و چشتییه له جیهانی ئیسلامدا هه‌ندێ شوێنکه‌وتوویان هه‌یه. ته‌ریقه‌تی قادرییه گه‌وره‌ترین ته‌ریقه‌تی ته‌سه‌وف و عیرفانه له جیهانی ئیسلامدا. له ئێرانیش ته‌نها دوو ته‌ریقه‌تی قادرییه و نه‌قشبه‌ندییه شوێنکه‌وتوویان هه‌یه و به‌شێک له سوننه مه‌زهه‌به‌کان ئه‌و ته‌ریقه‌ته‌یان وه‌رگرتووه. شوێنکه‌وتووانی ته‌ریقه‌تی قادرییه زیاتر له کوردستان، کرماشان و ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، هورموزگان و گێڵان ده‌ژین. له نێوان دوو ته‌ریقه‌تی ئاماژه‌پێکراودا ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی ئاوڕ له شه‌ریعه‌تیش ده‌داته‌وه. هه‌ندێک له شوێنکه‌وتووانی ئه‌هلی سوننه به‌تایبه‌ت مامۆستایانی سوننه مه‌زهه‌ب، خوێندنه‌وه‌ی ئیجابییان نییه له ئه‌و ته‌ریقه‌تانه و تۆمه‌تی به‌لاڕێداچوون و بیر و بڕوای پووچه‌ڵیان ده‌خه‌نه‌پاڵ. پرسی ئه‌هلی سوننه‌ی ئێران له باری شوێنه‌واره ئایینییه‌کانیشه‌وه جێگای سه‌رنجه. ئه‌گه‌رچی تا ئێستا ده‌یتای که‌م له‌و باره‌یه‌وه ڕاگه‌یێندراوه. ئه‌مڕۆکه چه‌ند هه‌زار مزگه‌وتی تایبه‌ت به ئه‌هلی سوننه له وڵات‌دا کراوه‌یه و ده‌یان ناوه‌ندی بارهێنانی فه‌قێ و مه‌لای سوننه له ئێران چالاکی ده‌که‌ن. به شێوازی نافه‌رمی خه‌مڵێندراوه که نزیک به 25 هه‌زار مزگه‌وتی تایبه‌ت به ئه‌هلی سوننه‌وه له پارێزگا و شار گونده‌کاندا کراونه‌ته‌وه و چالاکی ده‌نوێنن. ئه‌گه‌رچی حه‌شیمه‌تی شیعه‌کانی ئێران له‌سه‌دا 90ه و ده‌گاته نۆ قاتی حه‌شیمه‌تی سوننه‌کان به‌ڵام 46 هه‌زار مزگه‌وتی تایبه‌ت به شیعه‌کان و 25 هه‌زار مزگه‌وتی تایبه‌ت به سوننه‌کان هه‌یه.
له‌و ڕێژه‌یه‌ش 380 مزگه‌وت له پارێزگای کوردستان و 140 مزگه‌وت له شاری سنه‌دایه و ئه‌وه‌یش ده‌یسه‌لمێنێت که‌شی ئێران کراوه‌یه بۆ ئه‌نجامی مه‌راسیمی ئایینیی سوننه مه‌زهه‌به‌کان و موسڵمانانی ئه‌هلی سوننه له ئێران وه‌کوو دیکه‌ی موسڵمانان به ئاسایشه‌وه ڕاز و نیازی مه‌زهه‌بیی خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ڕێژه‌ی مزگه‌وته‌کانی ئه‌هلی سوننه له‌چاو ژماره‌ی هاووڵاتییان چه‌ند قاتی ڕێژه‌ی مزگه‌وتی شیعه مه‌زهه‌به‌کانه له‌چاو ژماره‌ی هاووڵاتیی شیعه مه‌زهه‌ب. سه‌ره‌ڕای مزگه‌وته‌کان سه‌دان ته‌کیه و خانه‌قاش له به‌رده‌ست شوێنکه‌وتووانی ته‌ریقه‌تی قادرییه و نه‌قشبه‌ندییه‌دایه. له یه‌که‌م ساڵه‌کانی پاش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئێران و به بۆنه‌ی چه‌پڕه‌ویی هه‌ندێک له به‌رپرسان و گه‌نجانی حزبوڵڵاهی و هه‌بوونی چه‌په‌کان و مارکسیسته‌کان، نامێهره‌بانی له حه‌قی هه‌ندێک مامۆستای سوننه‌مه‌زهه‌ب و گه‌وره‌پیاوانی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی و قادری و ته‌کیه و خانقاکان کرا و که‌شه‌که بۆ شوێنکه‌وتووانی ته‌ریقه‌ته ئایینییه‌کان ته‌سک بوویه‌وه. به‌ڵام به‌خته‌وه‌رانه پاش دامرکانی هه‌ست و هه‌یجانی گشتی به‌ره‌به‌ره گۆڕه‌پانه‌که بۆ چالاکیی ته‌ریقه‌ته دینییه‌کان و خانه‌قا و گه‌وره‌پیاوانی سۆفی و ده‌روێش ئاوه‌ڵاتر بوو. هه‌ڵبه‌ت به‌وه‌شه‌وه دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ته‌ریقه‌ته‌کانی ته‌سه‌وف کۆتاییی پێنه‌هات. له نێوان ئه‌هلی سوننه‌ی ئێران‌دا سه‌ره‌ڕای ته‌ریقه‌ته ئاینییه‌کان و مامۆستا نه‌ریتییه سوننه‌مه‌زهه‌به‌کان له سێ ده‌یه‌ی ڕابردوودا گرووپێکی دیکه له سوننه‌مه‌زهه‌به‌کان به خوێندنه‌وه‌یێکی نوێیه‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه. ئه‌و گرووپه به ناوی جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاحه‌وه ده‌ناسرێن و کاریگه‌رییان له بیرۆکه‌یێکی ئایینیی نوێی وه‌رگرتووه و تا ڕاده‌یێک له ژێر کاریگه‌ریی ڕۆشنبیرانی ئاییندا وانه ئایینییه‌کانیان په‌ره‌پێده‌ده‌ن و له‌و پێناوه‌شدا توانیویانه تاقمێک له خوێنده‌واران و ده‌رچووانی زانستگا و چینی مامناوه‌ندی هه‌ندێک له ناوچه سوننه‌نشینه‌کان به‌ره‌و خۆیان ڕابکێشن. هه‌ندێک پێیان وایه ئه‌و تاقمه کاریگه‌رییان له ئیخوانولموسلمینی میسر وه‌رگرتووه. ساڵانی ڕابردوو ناڕه‌زاییی هه‌ندێک له پێشه‌وایانی نه‌ریتیی سوننه‌مه‌زهه‌ب له به‌رانبه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و گرووپه‌وه بینراوه. به‌تایبه‌ت مه‌وله‌وییه‌کان ناڕازیی بوون به چالاکیی ئه‌و گرووپه. له دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا توندئاژۆیی مه‌زهه‌بی له ناوچه‌که‌دا په‌ره‌ی سه‌ندووه. ڕاست به هه‌مان شێوه که له نێوان هه‌ندێک شوێنکه‌وتووی شیعه مه‌زهه‌بیشدا ڕوانگه‌ی نزیک له یه‌کی مه‌زهه‌بی نابینرێت له ساڵانی ڕابردووش‌دا گرووپه ته‌کفیرییه‌کان له نێوان به‌شێکی کۆمه‌ڵگادا توانیویانه هه‌ندێک هێز و لایه‌نگر بۆ خۆیان کۆ بکه‌نه‌وه. به‌داخه‌وه تا ئێستا له نێوان داموده‌زگای به‌رپرسیاری زانستی و توێژینه‌وه‌یدا خه‌سارناسی نه‌کراوه بۆ توندڕه‌وی شیعه و سوننه. له دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا پاش ده‌ستپێکی چالاکیی ده‌وڵه‌تی ڕیفۆرمخواز ئه‌هلی سوننه زیاتر له ڕابردوو له که‌رتی برووکراتیکی وڵات‌دا به‌کارهێنران و به‌و پێیه‌ش له ئاستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پارێزگا و شاره‌کاندا به سه‌دان به‌ڕێوه‌به‌ری سوننه‌مه‌زهه‌ب ئه‌رکی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی جۆربه‌جۆریان وه‌ئه‌ستۆ گرت. جگه له ساڵانی یه‌که‌می شۆڕشی ئێران که فه‌رمانداران و پارێزگارانی سوننه‌مه‌زهه‌ب به‌کار ده‌هێنران ساڵانی شه‌ڕ و سه‌رده‌می سازنده‌یی ده‌رفه‌تێک بۆ به‌کارهێنانی ئه‌هلی سوننه به شێوازێکی شایسته و گونجاو پێناسه نه‌کرا. پاش ده‌ستپێکی سه‌رده‌می ڕیفۆرمخوازی ڕێگا بۆ وه‌رگرتنی پۆسته سیاسییه‌کان له نێوان ئه‌هلی سوننه‌دا کرایه‌وه و به‌ره‌به‌ره ژماره‌ی به‌ڕێوه‌به‌ران و به‌رپرسانی ئه‌هلی سوننه له پارێزگا سنوورییه‌کاندا زیادی کرد و به گوێره‌ی ئه‌و توێژینه‌وه‌ی نووسه‌ری ئه‌م یادداشته ئه‌نجامی داوه ساڵی 1382 چه‌ندین هه‌زار به‌رپرس و به‌ڕێوه‌به‌ری سوننه‌مه‌زهه‌ب له ئاستی جێگری پارێزگار و فه‌رماندار به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له پارێزگا و شاره‌کاندا چالاکییان نواندووه. پێویستیشه هه‌موو چه‌شنه سیاسه‌تێک بۆ تۆکمه‌کردنی پێگه‌ی ئه‌هلی سوننه له پێکهاته‌ی سیاسیی وڵات و شه‌راکه‌تی زیاتری هه‌لی سوننه به‌گوێره‌ی زانیاریی بڕواپێکراو و ڕاسته‌قینه و کارناسانه به‌کار بهێنرێت. تا وه‌کوو چیتر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی وڵات له داوی دیارده‌ی ناکارناسانه‌دا نه‌مێنێته‌وه. ساڵانی ڕابردوو له که‌شی گشتیی‌دا ئاوڕێکی زیاتر له ئه‌هلی سوننه‌ی ئێران دراوه‌ته‌وه و له پێشبڕکێیه سیاسییه‌کاندا ناوییان هه‌بووه. به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆی که‌میی سه‌رچاوه و زانیاریی پێویست و ئه‌نجام نه‌بوونی توێژینه‌وه‌ی گونجاو هه‌ندێک جار بابه‌تی ناڕاست بڵاو ده‌کرێته‌وه. کۆمه‌ڵگای ئه‌هلی سوننه‌ی ئێران کۆمه‌ڵگه‌یێکی چالاک، زیندووه و دۆخی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. هیچ گرووپ یان تاک یان لایه‌نێک نوێنه‌ری ئه‌و تاقمه گه‌وره‌یه نابێت.
ده‌روێشان و گه‌وره‌پیاوانی ته‌ریقه‌ته‌کان و مه‌وله‌وییه‌کان و مامۆستاکان هه‌ر یه‌که و نوێنه‌ری گرووپێکی تایبه‌تی ئه‌هلی سوننه‌ن و گونجاو نییه یه‌ک که‌س یان لایه‌نیان به نوێنه‌ری ئه‌هلی سوننه‌ی ئێران بزانن. ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه بۆ شیعه‌کانیش یه‌کسانه. هیوادارین فره‌ڕه‌نگی مه‌زهه‌بی و ئایینیی وڵات زیاتر له ڕابردوو ببێته ده‌ستمایه بۆ توێژینه‌وه‌ی قووڵ و به‌و شێوازه‌ش سه‌ره‌ڕای ده‌سته‌به‌رکردنی مافی شارۆمه‌ندیی تێکڕای ئێرانییه‌کان به‌ستێنی یه‌کڕیزیی نیشتمانی زیاتر له ڕابردوو بڕه‌خسێت.
وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: شیلان محه‌مه‌دی
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment