بارزانی: له‌ ڕیفراندۆم پاشگەز نابمه‌وه‌، رێگەش نادەم هەموو خەباتی مێژووییم بە فیڕۆ بدەم

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێی گوتوون لە داخوازی و گەلی کوردستان و ئامانجەکانی تێدەگەن، دژی گشتپرسیش نین، بەڵام ئەو پرسە فۆکس لەسەر شەڕی داعش کەم دەکاتەوە، بۆیە داوا دەکەن بەو بڕیارەدا بچنەوە. لە وەڵامدا بارزانی بە ماتیسی گوتووە هەموو هەوڵێک لەگەڵ بەغدا شکستی هێناوە.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەڕقولئەوسەت، سەبارەت بە چەند بابەتێکی هەستیار لەبارەی ئایینده‌ی کورد و عێراق و ناوچەکەوه‌ وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری داوەتەوە.

دەقی هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ بارزانی:

پرسیار: ئایا ئێمە ئێستا چووینەتە نێو قۆناخی ڕۆژ و هەفتە مێژووییەکانەوە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان؟

بارزانی: بێگومان، لە دەروازەیێکی فراوانیشەوە.

پرسیار: هیچ ئەگەرێک هەیە، تەنانەت ئەگەر کەمێکیش بێت، سەبارەت بە دواخستنی گشتپرسییەکە لە ڕۆژی 25 مانگی سێپتێمبێردا؟

بارزانی: گشتپرسییەکە بڕیارێکی یەکلایی‌کەرەوەیە و بڕیاری گەلە، بڕیاری زۆربەی هێزە سیاسییەکانە لە کوردستان کە دەبێت لە 25ی مانگی ئەیلوولدا ئەنجام بدرێت. مەگەر جێگرەوەیێکی باشتر هەبێت.

پرسیار: مەبەستتان چییە لە جێگرەوەیێکی باشتر؟

بارزانی: ئەمە تەنها بیروبۆچوونە، ئەوە من نیم کە بڕیار دەدەم، بەڵکوو ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم هەیە، ئەویش سەرکردایەتیی سیاسییە لە کوردستان، بە کۆی دەنگ بڕیارەکان دەر دەکات، نەک بە بڕیاری یەک کەس، بەڵام ئەگەر، هەر وەک لە بەشێکی زۆری لایەنەکان دەی‌بیستین کە گوایە کاتەکەی شیاو نییە و بۆ ماوەی شەش مانگ یان ساڵێک دوا بخرێت، ئایا ئامادەیی هەیە بۆ واژۆ کردنی پەیماننامەیێک، کە تێیدا بگوترێت بۆ نموونە لە 25ی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2018دا ئەنجام بدرێت؟ دان بە ئەنجامی گشتپرسییەکەدا دەنرێت و ئەنجامەکانی پەسەند دەکرێن؟ کە ئەنجامەکان لە بەرژەوەندیی سەربەخۆیی هاتن لەوانەیە بکرێت تاوتوێی ئەو جێگرەوەیە بکرێت ئەگەر هاتوو خرایە ڕوو.

پرسیار: ئەو جێگرەوەیەی لە کێ دەوێت؟ لە ئەمریکا؟

بارزانی: یەکەم لە حکوومەتی عێراق و لە پەرلەمانی عێراق، دواتر بە گەرەنتیی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان.

پرسیار: بارودۆخ ئاماژە بەوە نادات، ئێستا ئەو جێگرەوەیە هەبێت؟

بارزانی: ئەوەش بە واتای ئەوە دێت، کە گشتپرسییەکە لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.

پرسیار: پرسیارێکی گریمانەییتان لێدەکەم، چی دەکەن ئەگەر کورد بەرەو گشتپرسییەکە ڕۆیشت و گوتی: سەربەخۆییمان ناوێت؟

بارزانی: مل‌کەچی ڕای گەل دەبم و هیچ بەرپرسیارییەتییێک لەسەر شانی من نامێنێت، من ئەرکی خۆم لە ئاست گەلەکەم ئەنجام دا و ئەگەر گەل بڕیاری دا سەربەخۆیی ڕەت بکاتەوە من، ڕێز لە ئیرادەی گەلەکەم دەگرم و خۆم بۆ ژیانی تایبەتی خۆم تەرخان دەکەم.

پرسیار: دەست لە کار دەکێشیتەوە؟

بارزانی: بێگومان، ئەگەر گەل گوتی نا، ئەو کاتە نابینم هیچ کارێک مابێتەوە کە ئەنجامی بدەم.

پرسیار: ئایا هیچ ئەگەرێک هەیە ئەنجامەکان بە لاوازی بێن؟ چۆن مەزاجی جەماوەری دەخوێنیتەوە؟

بارزانی: مەزاجی جەماوەری کە ئەمڕۆ دەیبینین، خۆش و حەماسییە و ئامادەی دەنگدانە. ئێوە ئەو گردبوونەوە گەورەیەتان لە شاری کوڵنی ئەڵمانیا بینی، کە هەزاران لە ڕۆڵەكانی گەلی کوردستان و لەوێ بە یەک دەنگ گوتیان بەڵێ بۆ گشتپرسی، ئەمەش گوزارشتە لە ناوچەکانی دیکە و گوزارشتیشە لە ئیرادەی گەلی کوردستان. لەوانەیە خەڵکانێکیش هەبن کە لە ئەنجامی گشتپرسییەکە بترسێن، نیگەران بن لێی یان باوەڕیان پێی نەبێت، بێگومان دیموکراسییەت ئەمەیە، لە بنچینەدا پرسیاری گشتپرسییەکە ئەوەیە: ئایا تۆ لەگەڵ سەربەخۆییی کوردستانی یان نا؟ وەڵامەکەش بە بەڵێ یان بە نا دەبێت، بۆیە دەبینی پرسیارەکە دیموکراسییانەیە، بۆیە با چاوەڕێ بین و ئەنجامەکە ببینین، پێشبینی دەکەم رێژەی دەنگدان بە بەڵێ زۆر بەرز بێت، بەڵام دەرگا بە ڕووی هەموو ئەگەرەکانیش کراوەیە.

پرسیار: ئەگەر باوکتان، مەلا مستەفا بارزانی لە شوێنی ئێوە بووایە و لەهەمان بارودۆخ، ئایا پێتان وایە بڕیاری لەسەر ئەنجام‌دانی گشتپرسیی سەربەخۆییی کوردستان دەدا؟

بارزانی: من قوتابییێکم لەو قوتابخانەیەی ئەو دای‌مەزراندووە، هزر و رەفتاری ئەو، ئیلهام‌بەخشە بۆ من.

پرسیار: ئایا هیچ هەستێکی تۆڵەسەندنەوەت هەیە، چوونکە لە کۆماری مەهاباددا لەدایک بوویت، کە لە سەر خاکی ئێران راگەیەندرا و دواتر لە ناو چوو، ئایا دەتەوێت لەدایک بوونی کۆمارێکی کوردیی نوێ لە کوردستان ببینیت؟

بارزانی: ئەوە کۆماری مەهاباد نەبوو، بەڵکوو کۆماری کوردستان بوو لە مەهاباد. نووسەری کتێبەکە وڵیەم ئیگڵتن، کۆنسووڵی ئەمریکا بوو لە تاران، یان تەبرێز، هاوکات باڵیۆز بوو لە چەند وڵاتێكی عەرەب و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە ئۆنوروا، کاتێک ئەو کتێبەی نووسییەوە، بەشی چاودێری لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زۆر بابەتی نێو کتێبەکەی لابرد و ناوی کتێبەکەشی گۆڕی لە کۆماری کوردستانه‌وه‌ بۆ کۆماری مەهاباد.

پرسیار: کۆماری کوردستان لە مەهاباد چەندی خایاند؟ نزیکەی 11 مانگ؟

بارزانی: بەڵێ، کەمتر لە یەک ساڵ و تێیدا باوکم فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بوو، بابەتەکە تۆڵەسەندنەوە نییە، بەڵکوو بەردەوام بوونە بۆ دەستەبەر کردنی ئامانجەکە.

پرسیار: تەقدیریش وای ویست کە تۆ لە مەهاباد لەدایک ببیت؟

بارزانی: من لە 16ی مانگی ئه‌گێستی ساڵی 1946 لە مەهاباد لەدایک بووم، لە دوای هەرەس هێنانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و کۆنترۆڵ کردنەوەی ناوچەکە لەلایەن سوپای ئێرانەوە، ئاگربەستێک لە نێوان لەلایێک بارزانییەکان و کۆمەڵێک کورد کە بە مەبەستی هاوکاری کردنی کۆماری کوردستان هاتبوونە ناوچەکە، لەلایێکی دیکەشه‌وە سوپای ئێران ئەنجام درا، کە تاوەکوو بەهار بەردەوام بوو، تاوەکوو هەڵبژێرن لە نێوان گەڕانەوە بۆ عێراق، یان چوونە دەرەوە لە ئێران بۆ هەر شوێنێکی دیکە، یان خۆ ڕادەست کردن و مانەوە لە ناوچە دوورەکان. لە بەهاردا شەڕ دەستی پێکردەوە، شەڕ لە نێوان بارزانییەکان و سوپای ئێران رووی دا، سوپای ئێران زیانێکی زۆری بەرکەوت، بڕیار درا بە گەڕانەوەی خێزان و بەساڵاچووەکان بۆ عێراق، بەڵام باوکی من بە هاوڕێیەتیی 500 چەکداری لاو بۆ ماوەی 53 رۆژ دووراییێکی مێژووییان بڕی، کە لە سنووری عێراق و ئێران دەستی پێکرد بەرەو شاری "نیکجوان" لە کۆماری ئەرمینیا لە نێو سنووری سۆڤییەت، لە میانی ئەو رێگەیەدا هەندێ جار دەچوونە نێو سنووری ئێران و هەندێ جاریش دەچوونە نێو سنووری تورکیا و پێکدادان لە نێوان ئه‌وان و سوپای ئێران و سوپای تورکیا رووی ده‌دا، بەڵام ئەوان بەردەوام بوون لە رێگەکەیان.

پرسیار: دوای 11 ساڵ باوکی خۆتت بینی؟

بارزانی: باوکی من لە 14ی مانگی ئه‌یپڕێڵی ساڵی 1947 لە ئێمە جیا بووەوە کە ماڵئاواییی لە خێزانەکەی کرد و رۆیشت، لە رۆژی 6ی ئه‌کته‌وبری 1958 گەڕایەوە، دوای شۆڕشی تەمووز.

پرسیار: نزیکەی یەک مانگ لەمەوبەر پێشوازیت لە شاندێکی ئێرانی کرد، داواکاریی شاندەکە چی بوو؟

بارزانی: چاوپێکەوتنەکە زۆر دۆستانە بوو، حەسەن دانایی فەر، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق سەرۆکایەتیی شاندەکەی دەکرد و پەیامێکی لە تارانەوە پێبوو، داوای هاوکاری و هەماهەنگیی دەکرد. شاندەکە تێبینیی لەسەر گشتپرسییەکە هەبوو، پێیان گوتین کاتەکەی گونجاو نییە و باشتر وایە کێشەکان لە نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن و بگەڕێنەوە بۆ دەستوور و بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی رابردوو کێشەکان چارەسەر بکەن و هەڵە لە هەموو لایەنەکانەوە ئەنجام دران. ئێمە پێمان گوتن ئێمە ئەو قۆناخەمان تێپەڕاند و تێڕوانینی خۆمانمان بۆ خستنە ڕوو.

پرسیار: هیچ جۆرە هۆشدارییێکیان بە ئێوە پیشان دا؟

بارزانی: هەرگیز، لە چاوپێکەوتنەکەشدا بە زمانێکی دۆستانە و بە ڕێزەوە قسەیان لەگەڵدا کردم.

پرسیار: ئەی دواتر، هیچ هۆشدارییێکتان لە ئێران بۆ هات؟

بارزانی: هەندێک جار لە میدیا، ئەم بەرپرس یان ئەو بەرپرس هەڕەشە دەکات.

پرسیار: پێشوازیشتان لە چاووش ئۆغڵۆ کرد، چیی بە ئێوە گوت و چیتان پێگوت؟

بارزانی: ئەو چاوپێکەوتنەش دۆستانە و راشکاوانە بوو. ئەو، بیر و بۆچوونی تورکیای گواستەوە و گوتی کاتەکەی گونجاو نییە، ترسیان هەیە لە سەرهەڵدانی کێشەی ناوخۆیی، هەروەها ترسی وڵاتەکەی خستە ڕوو لە ئەگەری بەرپا بوونی شەڕی ناوخۆیی لە نێوان ئێمە و پێکهاتەکانی دیکە لە عێراق. گوتیشی: شەڕی داعش هێشتا کۆتاییی پێنەهاتووە و لەوانەیە گشتپرسییەکە کاریگەریی خراپ بخاتە سەر دۆخی ئەمنی و سەقامگیریی ناوچەکە، هەروەها گوتی تورکیا دەزانێت ستەم لە هەرێمی کوردستان کراوە و دەستوور بە باشی جێ‌بەجێ نەکراوە و مافی هەرێمی کوردستانە داوای ئەو مافانە بکات، بەڵام هیوادارین لە چوارچێوەی عێراقدا بێت. ئێمەش بیر و بۆچوونمان بۆ ئەوان خستە ڕوو و بێ‌هیوایی و بێ‌ئومێدیمان لە دوای شکستی هەموو هەوڵەکانمان کە خستمانە گەڕ بۆ دامەزراندنی شەراکەتی ڕاستەقینە، دواتر رێککەوتین لەسەر بەردەوام بوونی پەیوەندیمان.

پرسیار: ئایا هیچ هەستت بە نیگەرانی کرد کاتێک سەرۆکی تورکیا پێشوازیی لە سەرۆک ئەرکانی ئێران کرد؟

بارزانی: هەرگیز، هەستم بە هیچ نیگەرانییێک نەکردووە.

پرسیار: ئایا ئەگەری هەیە جوگرافیا جارێکی دیکە سزای کورد بدات؟

بارزانی: پێم وا نییە، چوونکە بارودۆخەکە گۆڕا و جیهانیش گۆڕا. ئێستا سەردەمی هاوپەیمانیی سەنتۆ نییە (یان هاوپەیمانیی بەغدا) دەیەی شەستەکانیش نییە، هەروەها سەردەمی هاوپەیمانیی سەعد ئاباد نییە (رێککەوتنی نێوان تورکیا و ئێران و عێراق و ئەفغانستان)، جیهانی ئەمڕۆ وەک ئەو جیهانەی رابردوو نییە.

پرسیار: ئایا ئەگەری ئەوە نییە، هەرێمی کوردستان ببینین لەلایەن ئێران و تورکیاوە گەمارۆ درابێت؟

بارزانی: دڵنیا بە، لەوانەیە زیانمان پێبگات، بەڵام ئەوان زیانیان پێدەگات لەوانەیە زیاتریش. ئەگەر هەنگاوێکی لەو چەشنە بنێن.

پرسیار: وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ئێوە، چیی پێ گوتن؟

بارزانی: ئەمە دووەم جارە چاوم بە ماتیس دەکەوێت. یەکەم جار لە کۆنفرانسی ئاسایش لە مۆنشن لە مانگی فێبریوێری رابردوو بوو، ئەم جارەش لە هەولێر چاوم پێکەوت. ئەفسەرێکی لاو بوو لە هێزەکانی ئەمریکا، کە لە ساڵی 1991 هاتنە ناوچەکەوە، بە مەبەستی دامەزراندنی ناوچەی ئارام. واتە ئەو کەسێكە ئاگای لە ناوچەکەیە. دواتر لە ساڵی 2003-2004 ئەو لە روومادی و فەلووجە بووە و پێگەی سەرکردایەتیی لەو ناوچانەدا وەرگرتووە. ماتیس رۆڵی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و هاوخەمیی خۆی بۆ خێزانە شەهیدەکانی پێشمەرگە خستە ڕوو و جەختیشی کردەوە لەوەی، ئەگەر هەماهەنگی لە نێوان سوپای ئەمریکا و هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق نەبوایە، سەرکەوتنەکانی مووسڵ دەستەبەر نەدەکران و جەختیشی لە بەردەوامیی پشتگیری و هاوکارییەکان کردەوە. سەبارەت بە گشتپرسییەکە گوتی: ئێمە لە ماف و ئارەزووی گەلی کوردستان تێدەگەین و دانیش بەو مافانەدا دەنێین، ئێمە دژ بە پرەنسیپی گشتپرسی نین، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە ئەنجام دانی گشتپرسییەکە لەم کاتەدا سەرنج لەسەر شەڕی دژ بە داعش سست دەکات، بۆیە ئێمە پێمان باشە چاوێک بەو بابەتەدا بخشێننەوە.

منیش تێڕوانینی خۆمانم بۆ باس کرد، بەوەی هەموو هەوڵەکانمان لەگەڵ بەغدا شکستیان هێنا و هەموو ئەو قسانەی ساڵی رابردوو لە بەغدا بە عەبادی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیم گوتبوو بەویشم گوت. پێم گوتن وەرن با بوێرانە دان بە شکستی خۆماندا بنێین لە دامەزراندنی شەراکەتی راستەقینە، وەرن با نەخشەڕێگەیێکی نوێ دابنێین، ئەو نەخشەڕێگەیەش ئەوەیە کە ببینە باشترین دراوسێ و تەواوکاری یەکدی بین. باشترین پەیوەندیمان هەبێت و هاوکاری یەکدی بین، بە ئارامی لە یەکدی جیا ببینەوە نەک بە توندوتیژی، بە پێچەوانەوە لەسەر هەموو بابەتەکان رێکبکەوین. ئەوە باشترە بەردەوام بین لە پراکتیزەکردنی ئەزموونێکی شکست‌خواردوو، کە تێیدا نە ئێوە ئارامیتان دەستەبەر کردووە، نە ئێمەش. بۆچی بەردەوام بین لە دۆخێک کە ئێمە هەموومان تێیدا ناڕەحەت بووین؟ ئەوە هیچ لۆژیکی تێدا نییە. بە ڕاستی بڵێم ئەوان کراوە بوون، بەڵام لەوانەیە ئەوان وا بیریان کردبێتەوە، ئەوە تەنها کارتی گوشارە، یان بابەتەکە جیدی نییە. زۆر کەس وایان دەزانی بابەتەکە جیدی نییە. لەو سەردانەمدا هەموو سەرکردە عێراقییەکانم بینی، لە نێوانیشیاندا رێکخراوە شیعەکانی نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەڵام نووری مالیکیمان نەبینی. بابەتەکە جیدی بوو، من لە ساڵی 2008ەوە بەو باوەڕە گەیشتم کە عەقڵییەتی فەرمانڕەواییی تاکلایەنانە و قۆرخ‌کردنی دەسەڵات و رەت کردنەوەی لایەنی بەرامبەر، هێشتا ئەو عەقڵەتەیە کە لە بەغدا سەروەرە، بەدەر لەوەی دەسەڵات بەدەست کێیە. لە ساڵی 2012دا لەسەر ئەو بابەتە هۆشداریم دا و گوتم عێراق بەرەو تاریکی دەڕوات و دۆخەکە زۆر مەترسیدارە، دەبێت کاری بۆ بکەین، بەڵام کەس گرنگیی پێنەدا. هەندێک گوتیان کێشەکە کەسییە، من هیچ کێشەیێکم لەگەڵ هیچ کەس نییە، بەڵام من دیمەنە گەورەکە دەبینم.

پرسیار: لە ساڵی 2016دا ئەو قسەیەت بە عەبادی و لایەنە عێراقییەکان گوت؟

بارزانی: بەڵێ 2016 گوتم، چوونکە من لە ساڵی 2017دا سەردانی بەغدام نەکردووە.

پرسیار: ئایا هیچ هەستێکت بە ناهیوایی لە بەغدای دوای سەدام حسێن و لە بیرۆکەی دەوڵەتی مەدەنی هەیە؟

بارزانی: من زۆر هەست بە بێ‌هیوایی دەکەم لە دوای ساڵی 2003ەوە. هەمووان دەزانن ئێمە کارێکی زۆر گەورەمان کرد بۆ ئامادەکاریی هەرەس پێهێنانی رژێم لە ساڵی 2002 و بەشداری کردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ئێمە پەشیمانیش نین لەو کارە، بەڵام ئێمە وامان دەزانی کە دەرفەتی شیاو یان دەرفەتی تەمەنمان لە عێراقێکی نوێدا دەستەبەر دەکەین. عێراقێک لەسەر بنچینەی خۆشەویستی و برایەتی، عێراقێکی دیموکرات و فیدراڵی، هەوڵێکی زۆرمان دا لەپێناو دەستەبەرکردنی ئەو ئامانجە. هەر لە ئەنجومەنی فەرمانڕەوایییه‌وه‌ تاوەکوو بابەتی دەستوور و داڕشتنی. پاشان دەنگدان لەسەر دەستوور و ئەگەر گەلی کوردستان نەبوایە دەستوور سەری نەدەگرت. زەمینەسازیمان کرد و رۆڵێکی گەورەشمان گێڕا، کاتێک دەستوور لە گشتپرسییەکە سەری گرت ئێمە گوتمان: سوپاس بۆ خودا، ئێستا هەموو لایەنێک ئەرک و مافی خۆی دەزانێت. بەڵام دوای ماوەیێک دیسانەوە گەڕاینەوە مەزاجی کەسی و قۆرخ کردنی دەسەڵات. خاڵی سەرەکی یان بڕبڕەی رێککەوتنی نێوان ئێمە و لایەنەکانی دیکە بریتی بوو لە: هاوبەشیی راستەقینە. بێگومان ئەوان بە تەواوەتی کۆتایییان بەو هاوبەشییە هێنا. خاڵێکی دیکەی گرنگ هەیە: ئێمە رێککەوتین لەسەر پێکهێنانی دەوڵەتێکی مەدەنیی دیموکراسی و روون و ئاشکرا، بەڵام لە بەغدا رۆژ لە دوای رۆژ دەوڵەت بەرەو دەوڵەتی ئایینی و تاییفی دەڕۆیشت. ئەوە راستییەکەیە بۆ ئەو کەسەی دەیەوێت ببینێت، ئەوەش کە نایەوێت ببینێت ئەوا سەربەستە.

سوپایان دژ بە ئێمە جووڵاند و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیان بڕی. چۆن دەبێت شتی وا بکرێت، تەنانەت ئەگەر کێشەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش هەبێت با ئێمە وای دابنێین هەرێمی کوردستان خەتابار بووە، چۆن دەبێت سەرۆک وەزیرانێک بە یەک نووکە قەڵەم رزقی گەلێک بەتەواوەتی ببڕێت؟ شیری منداڵان ببڕێت؟ ئەمە ئەنفالە بە شێوازێكی دیکە.

پرسیار: واتە مالیکی بە شێوەیێکی دیکە ئەنفالی جێ‌بەجێ کرد؟

بارزانی: بەڵێ مالیکی ئەنفالی بە شێوەیێکی دیکە بەڵکوو خراپتر جێ‌بەجێ کرد و هیچ دەنگێکمان نە لە سەرکردەیێکی ئایینی و نە لە پارتە سیاسییە شیعەکانی عێراق نەبیست، دژ بەو تاوانە بوەستێت کە مالیکی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجامی دا. جێ‌بەجێ کردنی مادەی 140 دەبوایە ساڵی 2007 بکرایە، بەڵام جێ‌بەجێ نەکرا و بە تەواوەتی پشت گوێیان خست و گوتیان ئەوان هەوڵێکی گڵاوی کوردیان شکست پێهێناوە و مادەی 140 مردووە. پشکی پێشمەرگە لە چەک و لە بودجە، کە پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق، یەک فیشەک و یەک دینارمان بەدەست نەگەیشتووه‌.

تەنانەت پشکی پێشمەرگەش لە چەک و تەقەمەنی و بە گوێرەی رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا و سوپای عێراق، ئەوەشمان بەدەست نەگەیشت، چوونکە مالیکی لە عەمبارەکانی نزیک ناوچەی تاجی لە نێوان سامەڕا و بەغدا دەستی بە سەر داگرتن، دواتر ئەو چەکانە کەوتنە ژێر دەستی داعش و شەڕێکی توندیان دژ بە ئێمە ئەنجام دا، تەنانەت لە شەڕی دژ بە داعشیشدا هاوکارییان نەکردین، ئێمە هاوکاریی سوپای عێراقمان کرد و رێگەمان پێدا بێتە مووسڵ و هەموو رێگەکانمان کردەوە. هێڵێی بەرگریی یەکەمی داعشمان تێکشکاند و بە سوپای عێراقمان گوت: فەرموون و بەو رێککەوتنەی کە رێککەوتین لە سەری، پابەند بووین، ئەویش پلانەکە چۆن دەبێت و رۆڵی هەر لایەنێک لە پلانەکە چی دەبێت، تەنانەت لەو ئۆپەراسیۆنەشدا پێشێلکاری رووی دا، نەک لەلایەن سوپاوە، بەڵکوو لەلایەن هەندێ لایەنی نێو حەشدی شەعبییه‌وه‌. من سەرم سوڕ ما لەو هەماهەنگییە باشەی لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە دروست بوو لە هەفتەی یەکەم، یان دووەمی دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵ کردنەوەی مووسڵ، چوونکە هەر دوو لا ماوەی زیاتر لە 50 بۆ 60 ساڵ شەڕیان لە نێواندا بووە، راستە ئەو لاوانە لە نەوەی نوێن، بەڵام ئەوان لە دوو قوتابخانەی جیاوازن.

تاوەکوو ئێستا هەماهەنگیی باش هەیە و لەسەر بنەمای ئەو هەماهەنگییە لە ئایندەدا کار دەکەین و رووداوەکان هەر چۆنێک بن نامانەوێت پێکدادان لەگەڵ ئەو سوپایە بکەین کە هەماهەنگیی لەگەڵدا دەکەین، بەڵام ئەوە ئەو راستییە ناشارێتەوە کە پێشمەرگە هیچ هاوکارییێکی لە حکوومەتی ناوەندی وەرنەگرتووە و بەشە بودجەکەشی بڕدرا و هیچ کام لە کێشەکانی نێوانمانیشمان چارەسەر نەکراوە. پێگە و پۆستە حکومییەکانیان لە کورد پاکتاو کرد، 55 بڕگەی دەستووری هەیە کە ئێمە وەکوو پێشێلکاریی دەستووری تۆمارمان کردوون و کۆپییێک لەو پێشێلکارییانەیان رادەست دەکەین.

پرسیار: ئایا هاتنی عەبادی ئەو ئاراستەیەی نەگۆڕی؟

بارزانی: من دڵنیام کە عەبادی دەیەوێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات. عەبادی جیاوازە لە کەسانی دیکە، بەڵام لەمپەر و بەربەستی زۆری لە بەردەمدایه‌. پەیوەندیم لەگەڵیدا باشە و پەیوەندیی بەردەوام لە نێوانماندا هەیە، من، بەو باوەڕە گەیشتووم کە عەبادی ناتوانێت بەڵێنەکانی بۆ ئێمە جێ‌بەجێ بکات، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە کە لە دەرەوەی ئیرادەی ئەون.

پرسیار: ئایا وڵات هەیە بیەوێت لە نێو عێراقدا بمێننەوە بە مەبەستی دروست کردنی کەمێک هاوسەنگی لەگەڵ ئەو ئاراستەیەی دەوڵەتی ئایینی لە عێراق دروست دەکات؟

بارزانی: نەخێر، ئەو هەوڵانە شکستیان هێنا، لە بەردەمماندا ئەزموونی گەلانی دیکەمان هەیە لە یەکگرتووییدا، ئێمە وڵاتێکی سەربەخۆ بووین لە ساڵی 2003. ئەوە ئێمە بووین کە چووین بۆ بەغدا. ئێستا دەیڵێم ئێمە لەو بوارەدا هەڵەمان کرد. ئێمە رۆیشتین تاوەکوو عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی دابمەزرێنین کە یەکگرتوویی تێیدا بە خواستی خۆمان بێت، بەڵام خۆی ئەوەی رەت کردەوە و ئێمە بەو باوەڕە گەیشتین ئەوان ئێمەیان ناوێت، یان ئەوەتا دەبێت وەکوو هاووڵاتییێک بەبێ ماف یان بە بێ هەڵوێست بڕۆین. بۆیە ئێمە بیرمان لە سێ بژاردە کردەوە: دەبێت خۆمان رادەست بکەین و واز لەو دەستکەوتانە بهێنین یان ئەوەتا بەردەوام بین لە ئەزموونێک کە ماوەی 100 ساڵە شکست دێنێت یان لەوانەیە بچینە نێو شەڕەوە کە ئەوەش ئێمە رەتی دەکەینەوە یان ئەوەتا بە دوای نەخشەڕێگەیێکی دیکەدا بگەڕێین. چییە ئەو رێگە نوێیە؟ ئێمە لامەرکەزیه‌تمان تاقی کردەوە، حوکمی زاتیشمان ئەزموون کرد و فیدراڵیشمان تاقی کردەوە، بەڵام کێشەکە لە عەقڵییەت و کولتوورە، عەقڵییەتی فەرمانڕەوایی بەداخەوە لە لای زۆربەی زۆری بەغدا ئەوەیە دەبێت بەغدا کۆنتڕۆڵی هەموو گەورە و بچووکێک بکات. لایەنی بەرامبەر پەسەند ناکەن و هاوبەشیشیان پێ قبووڵ نییە. ئەوان ئیدیعا دەکەن باوەڕیان بەوەیە، بەڵام بە کردار پەسەندی ناکەن. گەلی کوردستان بەو باوەڕە گەیشتوون کە دەبێت شێوازێکی نوێ هەبێت، شێوازە نوێکەش ئەوەیە کە ببینە دراوسێ.

پرسیار: ئایا پێکەوەژیانی عەرەب و کورد لە نێو عێراقدا شکستی هێنا؟

بارزانی: بەڵێ و بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە دەڵێم ئەزموونەکە شکستی هێنا.

پرسیار: ئایا لە بەردەم ئەو هاوسەرگیرییە عەرەبی کوردییە هیچ شتێک جگە لە تەڵاق نەبوو؟

بارزانی: هیچ چارەسەرێکی دیکە نەماوە. ئێمە موستەحیلمان تاقی کردەوە تاوەکوو دۆخەکە نەگاتە ئەو خاڵە بەڵام بەداخەوە گەیشت.

پرسیار: چی دەکەن ئەگەر ئەنجامی گشتپرسییەکە سبەینێ راگەیەندرا و بەغدا هەموو پەیوەندییەکانی بە تەواوەتی لەگەڵ کوردستان بڕی؟

بارزانی: ئەوان لە ماڵی خۆیان و ئێمەش لە ماڵی خۆمان.

پرسیار: ئایا توانای ئابووریتان هەیە کە رووبەڕووی داخستنی سنوورەکان ببنەوە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە؟

بارزانی: حسابمان بۆ هەموو ئەو بابەتانە کردووە، تەنانەت هەڕەشە کردن لە ئێمە بە داخستنی سنوور و بڕینی پەیوەندییەکان، هەموو لایەنێک ئازادە لە بڕیارەکانی، بەڵام من جارێکی دیکە دەڵێم: ئەگەر هات و ئەو لایەنانە رێککەوتن لەسەر ئەوەی زیانمان پێبگەیێنن، ئەوا بێگومان ئەوانیش باجی زۆر دەدەن.

پرسیار: چی دەکەن ئەگەر حەشدی شەعبی بڕیاری دا کەرکووک بگەڕێنێتەوە؟

بارزانی: یەکەم تەنانەت لە دوای گشتپرسییەکەش ئێمە ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ئەنجام بدەین سەبارەت بە سنوورەکان لە نێوانیاندا کەرکووکیش، بەڵام کەرکووک شارێکی کوردستانییە. ناسنامەکەی کوردستانییە و ئامادەین بیکەینە سیمبۆلێک لە پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی، بەڵام هەر هێزێک بیر لەوە بکاتەوە کە کەرکووک بەهێز وەرگرێت، ئەوا هەموو گەلی کوردستان رووبەڕووی دەبێتەوە کە ئامادەیە تاوەکوو دوا کەس بمرێت لەپێناو بەرگری کردن لە کەرکووک.

پرسیار: دەڵێی، لە پێناو كەركووک دەمرین ئەگەر كەسێک هەوڵ بدات بەهێز لە دەستمان دەربێنێت؟

بارزانی: بێگومان، بەڵام ئێمە كراوەین، كەركووک تەنها شارێكی كوردی نییە، كەركووک شاری كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحییەكانە و پێویستە لە نێوان خۆیاندا رێككەون و پێكبێن، تەنانەت كوردستانیش، نامانەوێ دەوڵەتێكی ناوەندی هەبێت، بەڵكوو رژێمێک بێت هاوشێوەی نیمچەفیدراڵی بێت لە كوردستان، بە شێوەیێک هەموو پارێزگایێک ئەنجوومەنی خۆجێیی و پەرلەمانی خۆجێییی هەبێت و هەولێریش پایتەخت بێت، هەروەها پرسە سیادییەكانی وەكوو سوپا، سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی داراییی ناوەندی بێت، بەڵام لە پرسەكانی دیكەدا ئەو پارێزگایانە خۆیان، خۆیان بەڕێوە ببەن و ناكرێت بیر لە دەسەڵاتێكی ناوەندیی خۆسەپێن بكەینەوە، بە پێچەوانەوە دەبێ تەواو كراوە بین.

پرسیار: ساڵی 1991 سەدام بە تۆی گوت، ئەو دان بەوەدا دەنێت، كەركووک كوردییە؟

بارزانی: بەڵێ‌، گوتی من ناڵێم که‌رکووک كوردی نییە، بەڵكوو شارێكی كوردییە، بەڵام بنكەیێكی ئابووریی ئامادەیە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک لەبەر ئەوەی رازی نابین كەركووک بخرێتە نێو ناوچەی ئۆتۆنۆمی.

پرسیار: ئایا ئەو گفتوگۆیە لەو كاتە بوو كە سەدام پیاڵە چاكەی بەردەم ئێوەی بە پیاڵەی خۆی گۆڕی؟

بارزانی: بەڵێ‌ لە هەمان دیدار بوو.

پرسیار: هیچ تاڵاوییێكت لە مالیكی هەیە، بەو پێیەی پێت وابووە بە نەمانی سەدام كێشەكان چارەسەر دەبن، بەڵام دواتر دەركەوت، كێشەكە تەنها سەدام نییە؟

بارزانی: بەو شێوەیە وێنامان دەكرد، بەڵام دواتر بۆمان ئاشكرا بوو وا نییە. بە نەمانی سەدام كێشەكان كۆتایییان پێنایێت، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی كێشەی تاڵتر بووینەوە، لە دواوەش لێمان درا لەلایەن كەسانێکه‌وه‌ كە بە هاوپەیمانی خۆمانمان دەزانی. ئێمە، شەڕی سەداممان كرد و هەوڵمان دا بیڕووخێنین، لەوانەیە بیستنی وشەیێكی باش لە سەدام بە لای ئێمەوە زۆر سەیر بووبێت.

پرسیار: ئایا ئیسرائیل تاکە دەوڵەتە راشكاوانە پشتگیریی خۆی بۆ گشتپرسی بۆ سەربەخۆییی كوردستان راگەیاندووە؟

بارزانی: بەڵێ‌ ئەوە راستە، من سوپاسی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبیش دەكەم، دەمەوێ‌ بڵێم هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی زۆر لە هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریكا باشترە، كاردانەوەی ئیستیفزازییان نییە، هەموویان دان بە مافەكانی گەلی كورددا دەنێن، تەنانەت نامەی زۆر مەعقوولیشم لەلایەن ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبییه‌وه‌ پێگەیشتووە، هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی هەڵوێستێكی هاوسەنگە.

پرسیار: ئایا ئەوە دەبێتە یەكەم هەموار بۆ نەخشەكانی ناوچەكە لە رۆژی دامەزراندنی ئیسرائیل تاوەكوو ئێستا؟

بارزانی: راستە، ئەمە لە باشووری سوودانیش رووی دا.

پرسیار: كەسانێک هەن پێیان وایە ئەگەر كورد بوون بە دەوڵەت، رووبەڕووی هەمان ئەو دۆخە دەبنەوە، كە رووبەڕووی باشووری سوودان بووەتەوە و باسی تاڵاوییەكانی كورد و شەڕ و پێكدادان دەكەن؟

بارزانی: ئەمە راست نییە، كورد لە ساڵی 1991ەوە توانا و لێهاتووییی خۆیان سەلماندووە كاتێک هەلی بەڕێوەبردنی ناوچەكانیان بۆ رەخسا، سەرەڕای كێشە ناوخۆییەكانیش، ناكرێت رەوشی كوردستان بە باشووری سوودان بچوێندرێت.

پرسیار: گوتتان ئێوە ساڵی 2003 هەڵەتان كرد كاتێک هاوبەشیتان لەگەڵ بەغدا نوێ كردەوە، سەرەڕای ئەوەی كوردستان نیمچەسەربەخۆ بوو بەهۆی قەدەخە كردنی فڕینی فڕۆكە و ناوچەی ئارام، كە ساڵی 1991 راگەیێندرا، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ساڵی 1992 هەرێم راگەیەندرا، دستووری عێراقیش ساڵی 2005 دەنگی لە سەر درا؟

بارزانی: بەڵام كار بەو دستوورە نەكرا، ئەگەر ئەو دەستوورە جێ‌بەجێ كرابایە رووبەڕووی ئەو كێشە و پێشهاتانە نەدەبووینەوە.

پرسیار: رەوشی ئابووری ئێستای كوردستان چۆنە؟

بارزانی: باش نییە، بەڵام ئومێدێک هەیە بۆ تێپەڕاندنی و چاكسازی.

پرسیار: لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی گشتپرسی لە شەوی 25ی ئەیلوولدا، یان بەیانیی 26 ئەیلوول، مەسعود بارزانی چی دەكات؟

بارزانی: بۆ یەكەم جارە گەلی كوردستان بە ئازادی رای خۆی دەردەبڕێت و بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات، ئەمە پەیامێكە بۆ جیهان، بەغدا و ناوچەكە، ئەوە بڕیاری ئێمەیە. وەرن با لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە لەبارەی پەیوەندیی ئاییندەوه‌ گفتوگۆ بكەین، ئەگەر بینیمان ئامادەیییان هەیە پێشوازییان لێدەكەین، بەڵام ئەگەر ئامادەیییان تێدا نەبوو، ئەو كاتە دەوڵەتی خۆمان رادەگەیێنین، ئەگەر گفتوگۆ هەبوو گفتوگۆ دەكەین بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێک، ئەوەش حەزی ئێمەیە، ئێمە نامانەوێ‌ ململانێ هەبێت، نە لەلایەن ئێمە نە لە لای ئەوانەوە، بەڵام پاشگەز نابینەوە.

پرسیار: توانای پاشگەزبوونەوەت نییە، یان حەز ناكەی پاشگەز بیتەوە؟

بارزانی: حەز ناكەم پاشگەز ببمەوە، ناشكرێت، رێگەش نادەم هەموو خەباتی مێژووییم بە فیڕۆ بدەم، چۆن پاشگەز دەبمەوە.

پرسیار: پێت وایە خۆت دەخەیتە بازنەیێكی ترسناک كاتێک كوردستان بەرەو ئەو رێگەیە دەبەیت؟

بارزانی: من ئامادەم هەموو ساتێک لە پێناو ئەم ئامانجە ژیانی خۆم بكەمە قوربانی، بیریش لە چارەنووس و ژیانی خۆم ناكەمەوە.

پرسیار: داعش هەوڵی داوە تیرۆرت بكات؟

بارزانی: داعش هەوڵی تیرۆر كردنی من و هەموو گەلی كوردستانی داوە، لە راستیدا نەیان‌دەتوانی دەستیان بە من بگات، هەوڵی زۆریان دا، بەڵام دەیان‌زانی دەستیان بە من ناگات، بەڵام لە بەرەكانی جەنگ لە رێگەی تۆپباران و بۆمبه‌وه‌ زۆر هەوڵیان داوە.

پرسیار: ماوەی چەند لە بەرەكانی جەنگ مانەوە؟

بارزانی: زیاتر لە ساڵ و نیوێک، تاوەكوو هەموو ناوچەكانمان ئازاد كردنەوە و مەترسیی داعشمان لەسەر شارەكان و پێگە سەرەكییەكان دوور خستەوە، ناوچە گرنگەكانی وەكوو: شنگال، زوممار، مەخموور، جەلەولا، ناوچەكانی دیكەمان كۆنترۆڵ كردنەوە، ئینجا منیش گەڕامەوە بارەگای سەرەكیی خۆم.

پرسیار: ژمارەی شەهیدانی پێشمەرگە چەندە؟

بارزانی: 1779 شەهید، ژمارەی بریندارانیش گەیشتە 10 هەزار و 158 بریندار.

پرسیار: ئایا شەڕ لەگەڵ داعش شەرعییەتی زیاتری بە پێشمەرگە دا بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی؟

بارزانی: بێگومان.

پرسیار: رۆڵی سوپای عێراق چۆن بوو بۆ رێگرتنی داعش لە داگیر كردنی هەرێمی كوردستان؟

بارزانی: ئێستا دەكرێت قسە لەسەر سوپای عێراق بكەن، بەڵام پێش ئێستا سوپای مالیكی بوو، ئەو سوپایەی داڕووخا، ئەو سوپایەی ناتۆ ماوەی 10 ساڵ پێیەوە ماندو بوو لە ماوەی یەک كاژێردا رووخا، بەڵكوو ئەو سوپایه‌ ناوچەكانی رادەست كرد و چەک و سەربازگەكانیان چۆڵ كردن و هەموو ئەو توانا سەربازییانەیان رادەستی داعش كرد. پێشمەرگە بوو شەڕی داعشیان كرد و بە پشتگیریی هێزی هاوپەیمانان و ئەمریكا بە پلەی یەكەم، هێزەكانی پێشمەرگە ناوچەكانیان پاراست و ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند.

پرسیار: لە دیداری پێشتر گوتتان ئەو ناوچانەی بە خوێن كۆنترۆڵ كراونەتەوە رادەستی هیچ كەسێكی ناكەینەوە؟

بارزانی: بێگومان، ئێستاش دەیڵێمەوە، ئەوانە ناوچەی خۆمانن و كوردستانین، كاتێک لەسەر مادەی 140 رێككەوتین لەبەر ئەوە نەبوو كە گومانمان لە ناسنامەی كوردستانییەتی ئەو ناوچانە هەیە، بەڵام گوتمان بەڵێ‌ بۆ ئەوەی ئەو كێشە دەستوورییە چارەسەر بكرێت، ئەوان دەستووریان پەراوێز خست و كەسانێكیش لە بەغدا دەیان گوت مادەی 140 مردووە، كەواتە زیندوو كردنەوەی مردوان پرسێكی سەختە.

پرسیار: دیلی داعش لە هەرێمی كوردستان هەیە؟

بارزانی: بەڵێ‌ هەیە.

پرسیار: ئایا گشتپرسی كەركووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەگرێتەوە؟

بارزانی: ئەوە لەسەر ئەنجومەنی ناوخۆكان رادەوەستێ، ئەگەر داوایان كرد، بێگومان دەیان‌گرێتەوە، بەڵام ئەگەر داوا نەكەن نایان‌گرێتەوە.

پرسیار: هەر بە ناوچە كێشە لەسەرەكانیش دەمێنێتەوە؟

بارزانی: دەكەونە باری گفتوگۆ كردن.

پرسیار: لەبارەی كەركووک چی داوایان كردووە؟

بارزانی: ئەنجومەنی پارێزگا كۆ دەبێتەوە، ئەگەر داوایان كرد ئێمەش داواكەیان جێ‌بەجێ دەكەین.

پرسیار: دۆخی پێكهاتەی عەرەبی سوننە چۆنە، ئایا بە دەرچوونی كوردستان لە نەخشەی عێراق زیاتر پەراوێز دەخرێن؟

بارزانی: پێكهاتەی سوننە لە سەرەتاوە هەڵەیان كرد، ئێستاش دۆخیان زۆر سەختە، ئێمە ئامادەین یارمەتییان بدەین، بەڵام دەبێ سەرەتا ئەوان یارمەتیی خۆیان بدەن، حاڵی عەرەبی سوننە لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی حاڵی كوردە، پەیمانیش دەدەین هیچ جیاوازییێک لە نێوان عەرەب و كورد نابێت، ئێمە ئامادەین یارمەتیی عەرەبی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش بدەین، بەڵام دەبێ پێمان بڵێن چۆن یارمەتییان بدەین.

پرسیار: دوای ساڵی 2003 عەرەبی سوننە سەردانیان كردوویت و ئامۆژگاریت كردوون بۆ دامەزراندنی هەرێمێک؟

بارزانی: نەك تەنها جارێک، بەڵكوو سێ جار، دوای رووخانی رژێم تێبینیمان كرد ئاڵۆزییێک لە ئاست سوننە هەیە، بۆ بنیات‌نانەوەی عێراقی نوێش لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە لە نێوان سەرجەم پێكهاتەكان دەست‌پێشخەریم كرد و بانگهێشتنامەم ئاراستەی سەرۆك هۆزەكان و كەسایەتییە ئەكادیمییەكان و ریش سپییانی ناوچەكانی سوننە كرد بۆ كۆبوونەوە لە هەولێر، سێ جاریش ئەو كۆبوونەوەیه‌مان كرد. پێم گوتن عێراق گۆڕاوە و ناوچەكەش گۆڕاوە، جیهانیش گۆڕاوە، دەبێ ئێوەش عەقڵییەتتان بگۆڕن، یەكەم ناكرێت هیچ لایەنێک یان هیچ پارتێک یان تایفەیێک كار لەسەر دەسەڵاتی تاكڕەوی لە عێراق بكات، ئەوە بوو پێشبینیمان دەكرد، پێم گوتن ئەگەر ئێوە پێشبینی دەكەن كورد و شیعە دژی ئێوە هاوپەیمانی بكەن، ئەوە من بەڵێنی شەرەفتان دەدەمێ، كە ئێمە رێگە بەوە نادەین، بەڵام ئەگەر پێتان وایە هەر لە سەرۆككۆمارەوە تاوەكوو پۆلیسێک بڕیاری بەدەست ئێوە دەبێت، ئەگەر كورد و شیعەش قبووڵیان كرد، ئەوە من قبووڵی ناكەم، هەروەها پێم گوتن ئێوە رەتتان كردەوە هاوبەش بین، بەڵام وەرن بانگهێشتتان دەكەم بۆ بونیات‌نانەوەی عێراق لەسەر بنەمای هاوبەشی، بەشێكیان هەستیان بە بەرپرسیاریێتی كرد و رەوشە نوێیەكەیان قبووڵ بوو، بەڵام لە موزایەدە دەترسان، یان لەوانەیە لە تیرۆر كردن، بەشێكی دیكەیان لە بنەڕەتەوە قبووڵیان نەكرد بیر لە بابەتەكەش بكەنەوە، چوونكە هێشتا هەر لەژێر كاریگەریی رۆشنبیریی پارتی تاک و پارتی دەسەڵاتداردا بوون، بەشێكیشیان لە جیهانێكی دیكە بوون. لە هەرسێ كۆبوونەوەكاندا نەیان‌توانی خۆیان رێكخەن و سەركردایەتییێكیان بۆ پێك نەهات پێشڕەویان بكات، تاوەكوو ماوەی گفتوگۆكانی دەستوور، ئەوكات هەڵوێستی لە یەک نزیكیان هەبوو، لە راستیدا ئەوان لە هەموو لایەنەكانی دیكە زیاتر خۆیان ئازار دا، بەڵام ئەوانی دیكە هەلەكەیان قۆستەوە، شیعە لە سەرەتاوە دوای رووخانی رژێم مەمنوون بوون ئەگەر سوننە فیدراڵییان قبووڵ بوایە، تاوەكوو كاتی دەنگ‌دان لەسەر دەستوور لە ساڵی 2005 رەوشەكە بەو شێوەیە بوو، پاشان بینییان سوننە دەسەڵات لە دەست دەدەن و ناوچەكانیان بوونەتە لانەی تیرۆریستان و لەلایەن هێزی هاوپەیمانانه‌وه‌ رووبەڕووی بۆردومان بووەوە، لە راستیدا سوننە زیانێكی زۆر گەورەیان بەركەوت و هەلەكەیان لەدەست دا.

پرسیار: ئامۆژگاریت كردن بۆ دامەزراندنی هەرێمێک؟

بارزانی: بەڵێ‌ بەڵام گوتیان: ئێمە لەگەڵ یەكێتیی عێراقداین، لە راستیشدا سوننە خۆیان باجەكەیان دا، سەیری ئەو هەموو كاولكارییە هەمووی لە ناوچەی سوننەكانە، داعش خانوو و شارەكانی وێران كردن، ئەمەش ئەنجامی سیاسەتی هەڵەیە، دوای ئەوەی لە هەرێم دەرگامان بۆ كردنەوە، كاتێک رووبەڕووی ستەم و دوژمنكاری بوونەوە، ئێستاش زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ئاوارە زۆربەیان سوننەن و لە هەرێمن، هەروەها شیعەش لە هەرێم هەن، لەگەڵ كۆمەڵگەی كوردستانیش تێكەڵ بوونە و زۆریش گونجاون، ئێمە ئامادەین یارمەتییان بدەین ئەگەر سوننە بڕیاریان دا هەرێمێک لە عێراق پێكبێنن، ئێمە پشتگیرییان دەكەین.

پرسیار: ئایا ئێستاش ئەوە دەكرێت؟

بارزانی: بۆ نا؟ ئێستا سوننە هەرێمێكیان دەوێ، بەڵام شیعە قبووڵ ناكەن، لەگەڵ زۆر لە عەرەبی سوننە كۆ بوومەتەوە، ئەوانەی ناوچەكانیان دەكەونە نێو هەرێمی كوردستان، هەموویان پشتگیریی مانەوە دەكەن لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

پرسیار: ئایا ئەو دەوڵەتەی لە بەغدایە، دەوڵەتێکی شیعه‌یە؟

بارزانی: ئەوە واقیعە.

پرسیار: ئایا ئەو دەوڵەتە شیعه‌یە ئێران سەركردایەتیی دەكات؟

بارزانی: هەژموونیی ئێران زۆر گەورەیە، ناتوانم بڵێم بە تەواوه‌تی ئێران بەڕێوەی دەبات، یان بووەتە بەشێک لە ئێران، بەڵام هەژموونیی ئێران زۆرە.

پرسیار: لەبارەی هەژموونیی ئەمریكییەوە چی؟

بارزانی: بە بۆچوونی من هەژموونیی ئەمریكی لە بەغدا لە هەژموونیی ئێران زۆر كەمترە.

پرسیار: هەژموونیی ئێران لە هەرێم چۆن دەخەمڵێنی؟

بارزانی: ناتوانم بڵێم هەژموونیی ئێران نییە، بەڵام لە راستیدا من راشكاوانە بە ئێرانییەكانیشم راگەیاندووە، ئێمە دەمانەوێ‌ پەیوەندییەكانمان باش بێت، پەیوەندیی دراوسێیەتی و دۆستایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەش، بەڵام لەوانەیە پەیوەندیتان لەگەڵ ببڕین یان لەوانەیە لەگەڵتان رێكبكەوین، بڕیارەكە بە دەست خۆمانە و رێگە بە كەس نادەین لە بری ئێمە بڕیار بدات. رێگەش بە هیچ دەوڵەتێک نادەین لە بری كورد بڕیار بدات، بڕیاری كوردستانی عێراق لە كوردستانی عێراقە، گەلیش لەپێناو ئازادی خەباتی كردووە و شەهیدی داوە، چۆن دەبێت بڕیارەكانی رادەستی دەوڵەتێكی دیكە بكات.

پرسیار: رەوشی سووریا چۆن دەبینی؟

بارزانی: پشێوی دەبینم، بەڵام ئێستا هەندێک شێوازی نوێ دەركەوتوون، ئەسەد دەمێنێتەوە و رژێمیش ناڕووخێت، دیارە رێككەوتنێک لە نێوان رووسیا- ئەمریكا هەیە، بەشێكی روونە و بەشەكەی دیكەشی نهێنییە كەس نای‌زانێت. دەسەڵاتی ئێرانیش لە سووریا هەیە، هەروەها توركیاش لەسەر سنوور، بۆ نموونە لە عێراق سەرەڕای ناكۆكییەكانی نێوان ئێمە و بەغدا، بەرەكە روونە بەو شێوەیە ئێمە هەموومان لە بەرەیێكین دژی تیرۆر، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش هاوكاری دەكات، بەڵام لە سووریا ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ یەكدی جیاوازن، راستە رژیمێك هەیە، بەڵام هێزی دیكە گۆڕەپانەكە دەجووڵێنێ، ئەوانیش رووسیا و ئێرانن، هەروەها لە هەندێک ناوچەدا ناكۆكی لە نێوان ئەمریكا و رووسیادا هەیە، لە هەندێک ناوچەش رێككەوتنیان هەیە، رێككەوتنێكی ئێرانی- توركی- رووسیش هەیە، هاوكات رێككەوتنێكی ئەمریكی- رووسیش هەیە، لە راستیشدا پشێوی هەیە".

پرسیار: سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و سووریا. لە رووەكەی دیكە لەژێر كۆنترۆڵی كێ دایە؟

بارزانی: هێزی كوردی و هێزە سوورییەكان لەو ناوچانە هەن، هەماهەنگیشمان لە نێواندا هەیە.

پرسیار: ئایا كێشەتان دەبێت ئەگەر رژێمی ئەسەد دەسەڵاتی هەموو سووریای كەوتەوە دەست؟

بارزانی: ئەو بڕیارە بە دەست سوورییەكانە، ئێمە پەیوەندیمان بەو پرسەوە نییە، ئەگەر گەلی سووری بڕیاری دا ئەسەد حوكمیان بكات، ئێمەش پێشوازی دەكەین.

پرسیار: پەیوەندیتان لەگەڵ رووسیا چۆنە؟

بارزانی: پەیوەندیمان باشە، هەڵوێستی رووسیاش لە گشتپرسی زۆر هاوسەنگە.

پرسیار: هیچ په‌یوەندییه‌كتان لەگەڵ رژێمی ئەسەد هەیە؟

بارزانی: ناتوانم بڵێم پەیوەندیمان هەیە، پەیوەندیی فەرمی و راستەوخۆمان نییە. دوو، سێ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ كەسایەتییێكی سووری باڵا كۆ بوومەتەوە.

هێزێک هەیە پێی دەڵێن هێزەكانی سووریای دیموكرات که‌ لەلایەن ئەمریكاوە پشتگیری دەكرێت و لە رەقە دەجەنگێ، ئەوان سوود لەو رەوشە وەردەگرن و پێشتریش سوودیان لە پشتگیریی رژێم وەرگرتووە، هەروەها لە رێككەوتنی نهێنییان لەگەڵ رژێم، كوردیشیان چەوساندووەتەوە، ئەوانەی لە رووی سیاسییەوە هاوڕا نین لەگەڵیان، ئێستاش سوود لە پشتگیریی ئەمریكا دەبینن بۆ درێژەدان بە چەوساندنەوە.

گەلی كورد لە سووریا بەش كراوە. بەشێكیان لەگەڵ ئەمریكا دەجەنگێ‌ و پێشتریش لەگەڵ رژێم بووە، به‌شێکی دیكەشیان رووبەڕووی ستەم دەبێتەوە، ئەوانەی دیكەش چاوپۆشی لە كردەوە دیكتاتۆرییە ستەمكارییەكەی دەكەن، چوونكە لە شەڕی دژی داعشدا لە رەقە بەكاریان دێنن.

پرسیار: دەترسی توركیا لە نێو خاكی سووریا دەستوەردان بكات و گورزێكی گەورە لە كورد بوەشێنێت؟

بارزانی: پێشبینی ناكەم گورزێكی گەورە بوەشێنێت و دەستوەردان بكات، بەڵام دەكرێت تەق و تۆق و سنوور بەزاندن هەبێت.

پرسیار: هیچ په‌یوه‌ندییێک لە نێوان ئێوە و ساڵح موسلیمدا هەیە؟

بارزانی: دەمێكە پەیوەندیمان نییە، دوای ئەوەی لەسەر سیاسەتی هەڵەی خۆیان بەردەوام بوون لە چەوساندنەوەی رێكخستنەكانی دیكەی كورد، چاكەیان لەبەرچاو نەبوو، پەیوەندیمان لەگەڵیدا نەما.

پرسیار: ئایا راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان هەستی كوردەكان لە وڵاتانی دراوسێ رادەچڵەكێنێ‌؟

بارزانی: كاریگەری دەبێت، بەڵام لەرووی عەمەلییەوە پێچەوانەكەی دەبینم، لە ئایندەدا كاریگەریی ئەرێنیی دەبێت، هانیشیان دەدەین لە گرتنەبەری رێگەی ئاشتی و گفتوگۆ و شێوازی دیموكراسییانە بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەگەڵ وڵاتەكانیان، هەر پارچە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ‌ كورد لە هەموو ئەو وڵاتانە بە شێوەیێكی ئاشتییانە مافەكانیان بە دەست بێنن، لە پێناویشیدا كار دەكەین.

پرسیار: حەزەكانت چین؟

بارزانی: لەو رۆژەی چەكم كردووەتە شان لە 20ی مارچی 1962ه‌وه‌ پێشبینیم نەكردووە تاوەكوو ئەمڕۆ بژیم، بەڵام كاتێک چەكم كردە شان ئامانجم ئەوە بووە كوردستانێكی سەربەخۆ ببینم. ئێستا من زۆر دڵخۆش و گەشبینم، چوونكە شەوتێكی گەورەمان بڕیوە، لەو ساتەی سەربەخۆییی كوردستانی تێدا رادەگەیەندرێت، ئینجا وای دادەنێم كە پەیامەكەی خۆمم جێ‌بەجێ كرد.

پرسیار: ئێمەش لە بانگهێشت‌كراوەكان دەبین؟

بارزانی: ئێوە هەمیشە لە كوردستان بانگهێشت‌كراون.

پرسیار: پێت وایە كوردستان لە ساڵی 2017 یان 2018 سەربەخۆ دەبێت؟

بارزانی: با گشتپرسی و ئەنجامەكەی ببینین.

پرسیار: ئەمە وەرچەرخانێکی گەورەی كاركردنە بە نەخشەكان لە ناوچەكە؟

بارزانی: یەكەم ئەو نەخشانە دروست كراون، سروشتی نین. سەیری ئەزموونی گەلانی دیكە بكە لە چیكۆسلۆڤاكیا، بەلکان و یەكێتیی سۆڤییەت، بۆ تەنها لە كوردستان وای دابنێین كە تاوانێكمان كردووە، لەبەر ئەوەی دەمانەوێ‌ گوزارشت لە رای خۆمان بكەین؟ گەلەكەمان دەیەوێ‌ بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.

پرسیار: پێت وایە تۆ لە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەت نزیک بوویتەوە كە یاسر عەرەفات نەیتوانی بیهێنێتەدی؟

بارزانی: پێم وایە ئەوەی لێرە بەدەست هاتووە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لەوێ‌ بەدەست هاتووە، یەكەم لە ڕووی جوگرافیا، راست نییە رەوشی هەرێمی كوردستان بە فەلەستین بەراورد بكەین، رەوشەكە جیاوازە، منیش قەرزاری عەرەفاتم، چوونكە هاوكاریی كردووم كاتێک پێویستیم بە هاوكاری بووە، كاتێک رووبەڕووی هەوڵی تیرۆر كردن بوومەوە لە ساڵی 1979 لە نەمسا، ئەو رزگاری كردم.

پرسیار: نەشڵەژاوی؟

بارزانی: من هیچ شڵەژاو نیم، ئەگەر لە چاوەڕوانیی قەدەریش بمێنینەوە، موجازەفەیێكە 100 جار ترسناكترە لە هەنگاوی گشتپرسی.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 7982

Your Comment

You are replying to: .
captcha