بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دژەتیرۆری کوردستان (KCT) لەمبارەوە بڵاوی کردەوە، ئەو فڕۆکەیەی شەوی رابردوو لە سنووری قەزای ئامێدی کەوتە خوارەوە، "لە جۆری Eurocopter AS350 بووە و چەند سەرنشینێک لەوانەی گیانیان لە دەست داوە چەکدارانی پەکەکە بوون".
دژەیرۆری کوردستان زیاتر دەڵێت، "کاتژمێر 8:40 خولەکی شەوی رابردوو، هەلیکۆپتەرێک لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک کەوتە خوارەوە و تەواوی سەرنشینەکانی گیانیان لە دەست دا."
ئەوەشی خستوەتەڕوو، "لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان بە حکوومەتی عێراق و هاوپەیمانان و حکوومەتی تورکیاوە کردووە لەبارەی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەوە، بەڵام لە وەڵامدا ڕایانگەیاندوە کە هەلیکۆپتەرەکە هی ئەوان نییە."
دژەتیرۆری کوردستان (KCT) ئاماژەی بەوەش کردووە، "هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەدواداچوون لەو بارەوە کرد و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەوەیان ئاشکرا کرد، کە هەلیکۆپتەرەکە لە جۆری Eurocopter AS350 بووە و چەند سەرنشینێک لەوانەی گیانیان لە دەست داوە چەکدارانی پەکەکە بوون، بەدواداچوونیش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت تا زانیاریی تەواو لەسەر هەلیکۆپتەرەکە کۆ بکەنەوە کە سەر بە چ لایەنێک بووە".
Your Comment