ڕەنگدانەوەی نێونەتەوەیی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیا

بەشی جیهان- ڕێککەوتنی ڕۆژی ڕابردووی ئێران و سعوودیا بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان، ڕووداوێکی باش بوو بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە، ڕووداوێکی نەخوازراو و تاڵ بۆ ئیسرائیل و خێرابوونەوەی پڕۆسەی دابەزینی نفووزی ئەمریکا لە ناوچەکە و زیاتر بوونی ڕۆڵی چین لەقەڵەم دراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕێککەوتنی ئێران و سعوودیا لە ڕۆژی هەینی 19ی ڕەشەمەی 1401ی هەتاوی ڕەنگدانەوەیەکی بەرباڵاوی جیهانیی بوو؛ ژمارەیەک زۆر لە وڵاتان پێشوازییان لێکرد بەڵام هەندێک وڵاتیش لەوان ئەمریکا بە خۆپارێزییەوە کاردانەوەیان نیشان داوە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری شرۆڤەکارانەوە نووسیویەتی: هەردوولا؛ هەم ئێران و هەم سعوودیە سوود لەو ڕێێکەوتنە وەردەگرن، چوونکە ئێران هەوڵ دەدات هەنگاوەکانی ئەمریکا بۆ گۆشەگیر کردنی وڵاتەکەی بەرپەرچ بداتەوە، سعوودیەش دەیەوێت بە کەمکردنەوەی گرژییەکان سەرنجی بخاتەسەر گەشەسەندنی ئابووری بێت.

ئەو وڵاتانەی کە کاردانەوەی ئەرێنییان بەرامبەر بەم ڕێککەوتنەکەی ئێران و سعوودیا هەبوو، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، عومان، قەتەر، عێراق و میسر بوون.

کریستیەن ئولریختن، شرۆڤەکاری سیاسی لە پەیمانگای بەیکەری ئەمریکی، ڕێککەوتنەکە بە هەنگاوێکی ئەرێنی لەقەڵەم دەدات، چوونکە بە گوتەی ناوبراو، لە ئێستادا ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی ئێران و سعوودیە نییە.

بەرپرسێکی باڵای ئێرانیش بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە، ڕێککەوتنی ئاسایی‌کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە، وڵاتانی ڕۆژئاوا هان دەدات ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران واژۆ بکەن.

لای خۆیەوە بەدر ئەلبووسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە توویتێکدا، دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە ئاساییەکانی نێوان ئێران و سعوودیای بە سەرکەوتنێک هەم بۆ هەردوولایەنەکە ناوبرد کە سوودی بۆ ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دەبێت.

نەتەوەیەکگرتووەکان پێشوازی لەم ڕێککەوتنە کرد و ڕۆڵی چینی لەم بوارەدا بەرز نرخاند.

ئەسۆشێتد پرێس ڕایگەیاند ئیسرائیل دۆڕاوی سەرەکیی ئەم ڕێککەوتنەیە، چوونکە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و سعوودیە دەبێتە هۆی پەکخستنی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا، بەتایبەتی هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیلی لەگەڵ ڕیاز دوا دەخات.

هەورەها هەواڵی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و سعوودیە ئەمریکای تووشی سەرسوڕمان کرد، چوونکە بەگوێرەی ئاسۆشێتد پرێس، کاردانەوەی ئەو وڵاتە بەرامبەر بەم ڕێککەوتنە لێڵ و ناڕوون بوو.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دوای ئەم ڕێککەوتنە هۆشداری بە ئەمریکا دا کە چیدی کاریگەریی خۆی لەسەر سعوودیە بە شتێکی ئاسایی نەزانێت.

News Code 7829

Your Comment

You are replying to: .
captcha