تورکیا: بوونی پەکەکە هەڕەشەیە لە سەر تورکیا و عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری بەرگریی تورکیا لە سەردانەکەی ئەمڕۆیدا بۆ عێراق جەختی کردەوە لەسەر رێزگرتنی ئەنقەرە لە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی عێراق، هاوکات، ئاماژەی بەوەش دا بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەیە بۆ سەر هەردوو وڵات.

کوردپرێس:

لە چوارچێوەی کۆبوونەیدا لەگەڵ عەناد سەعدون وەزیری بەرگریی عێراق، خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، "رێز لە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی عێراق دەگرین"، راشیگەیاند، بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان مایەی هەڕەشەن بۆ سەر هەردوو وڵات.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەنقەرە ئامادەیە هەموو هاوکارییەکی بەغدا بکات بۆ روبەڕوبوونەوەی پەکەکە.

ئەمە لەکاتێکدایە، حکومەتی تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی رابردووەوە چەند ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بەناوەکانی "چنگی هەڵۆ" و "چنگی پڵنگ" بۆ لێدانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و چەندین بنکەی سەربازیشی دامەزراندووە، لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و داوای لە تورکیا کردووە هێزەکانی بکشێنێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا گەیشتنە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵیدا، گفتوگۆی دۆخی ئەمنیی سنوورەکان و چەند پرسێکی دیکەیان کرد.

News Code 781

Your Comment

You are replying to: .
captcha