بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەریوان قەرەنی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە باسنیووزی راگەیاند، ئەو داواکارییانەی یەکێتی خستوویەتیە ڕوو کە وەک دەبینرێت، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبن، تەنیا پاساون بۆ ئەوەی هەڵبژاردن جارێکی دیکە دوا بخرێت.
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "پارتی پێشتر و ئێستا و لە داهاتووش بۆ هەڵبژاردن ئامادەیە، لە رابردوو لە ڕێگەی سەرۆکایەتیی هەرێمەوە وادەی هەڵبژاردن دیاری کرا، هەروەها حکوومەت ئەرکی خۆی بەجێ هێنا لە تەرخانکردنی پارەی پێویست بۆ کۆمسیۆن، بەڵام ئەوەی ئاستەنگی دروست کرد، ئەو داواکارییانەی یەکێتی بوو کە بووە هۆی ئەوەی پەرلەمان بە ناچاری یاسایەک دەربکات و تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە".
مەریوان قەرەنی جەختی کردەوە کە "تاکە هۆکاری ئەو پاساوهێنانەوەیەی یەکێتی، ئەوەیە کە ئەو حزبە لە کەمبوونەوەیەکی ترسناکی دەنگەکانی دەترسێ، ترسی لەوە هەیە کە دەنگەکانی بە ڕادەیەک کەم ببێتەوە، پاساوی ئەوەی بەدەستەوە نەمێنێت کە ئیتر خۆی بە حوکمڕان و باڵادەستی سلێمانی بزانێت! بە دڵنیاییەوە یەکێتی هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی خۆی کردووە، لە ماوەی رابردوو هەموو سەرکردە دێرینەکانی پشتگوێ خستووە، کەسانی نیشتمانی و کوردپەروەر لەنێو یەکێتی دژایەتی کراون، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی کە زۆرینەی سەرکردە باڵاکانی حزبەکەی تێدایە، پەک خراوە، هاوسەرۆکێکی یەکێتی بە خۆی و تەواوی لایەنگرانیەوە نێردراوەتەوە ماڵەوە، جگە لە تیرۆر و تەقوتۆق، ئەرێ حزبێک ئەمە حاڵی بێت، چۆن لە کەمبوونەوەی تەواوەتیی دەنگەکانی ناترسێ؟".
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارەی پارتی: "لە هەرێمی کوردستان هەر دەبێت هەڵبژاردن بکرێت، پارتیش تا سەر ناتوانێت لەبەر خاتری ئارامیی سیاسی و ڕێزگرتن لە بارودۆخی هاوپەیمانەکانی، رازی بێت لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵکوو ئەمساڵ دەبێ هەڵبژاردن بکرێ، بۆیە یەکێتی پێویستە هەرچی زووە واز لەو بیانووگرتنە بهێنێت و بگەڕێتەوە سەر ڕێی راست، بەبیری بێتەوە لە کوێی دونیادا هەیە حزبێک بانگەشەی سۆسیال دیموکرات بکات، کەچی دژی هەڵبژاردن بێت؟".
Your Comment