وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕازی بووە بە گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوو رۆژی رابردووی نێوان شاندی بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا جۆرێک لە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن هەیە بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندی بانکی ناوەندیی عێراق و نوێنەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە و رایانگەیاند، رێککەوتن لەسەر هەماهەنگی بۆ سەقامگیری نرخی دۆلار و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش جەخت لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری ئابووری عێراق دەکاتەوە.

پەیوەست بە کۆبوونەوەکە و دەرئەنجامەکانی، نەرمین معروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاندووە: شاندی بانکی ناوەندیی عێراق کۆتایهێنا بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لەو سەردانەی دوو رۆژی رابردوو گفتوگۆ کراوە دەربارەی گەیشتن بە سەقامگیریی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و میکانیزمەکانی پەیوەست بەو کێشەیە.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هاوکاریی و نەرمینواندنی پێویست بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان و، چاوەروان دەکرێت هەردوولا رێککەوتن بکەن دەربارەی گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار، لە میانی ئەو کۆبونەوانەدا کە بڕیارە 8ی ئەم مانگە لە واشنتن بەرێوەبچێت
.

News Code 7651

Your Comment

You are replying to: .
captcha