پەکەکە لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بە تيرۆریست ناسراوە، ئەمەش زیانێکی گەورەی لە ناوبانگی کورد داوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی باس لەوە دەکات، کە پەکەکە سەدان سەرکردە و گەریلای خۆی تیرۆر کردووە، هەروەها زۆرترین کورد لە کوردستان بە دەستی پەکەکە کوژراون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی بە باسنیووزی راگەیاند: "پەکەکە یەکێکە لەو حزبانەی لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بە تيرۆریست ناسراوە، بەداخەوە ئەمەش زیانێکی زۆر گەورەی لە ناو و پێگە و ناوبانگی کورد داوە.

ناوبراو ڕاشیگەیاندووە: پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا "نەک هەر خەڵکی دیکەی تیرۆر کردووە، بەڵکوو زۆرترین کورد بە دەستی ئەوان کوژراون و تیرۆر کراون، پەکەکە ئەوەندەی خەڵکی کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستان شەهید کردووە، چارەکی ئەوەندە زیانی لە لەشکری تورکیا نەداوە".

ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتیشی: "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دەیان کادیری خۆیان لە سلێمانی و گەرمیان، هەورامان، بەکوشت داوە و سیخوڕییان لەسەر یەک کردووە، چوونکە جگە لە خۆیان کەس نازانێ کادیرەکانیان لە کوێ هاتوچۆ دەکەن و بۆ کوێ دەڕۆن، هەر خۆیانن سیخوڕی بەسەر یەکدییەوە دەکەن، لە دەزگا ئەمنییەکانی ئەو ناوچانەش ناپرسن: ئەرێ بکوژەکان لە کوێن؟"

هاوکات بڵند ئیسماعیل دەڵێ: "پەکەکە دەستی لە کادیرانی خۆیشی نەپاراستووە، بۆ نموونە، پەرتووکێک بە ناوی (ئایەتەکانی ئاپۆ) هەیە و یەکێک لە قوربانییانی دەستی تیرۆری پەکەکە نووسیویەتییەوە، کە ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی پەکەکەش بووە، لەو پەرتووکەدا بەدیار دەکەوێ، نەک هەر ئەو کەسانەی لەنێوخۆی پەکەکە بەدەستی خۆی تیرۆری کردوون، بەڵکوو هەموو ئەو کەسانەی لە تورکیاش دەستگیر دەکرێن، هەمووی لەلایەن خۆیانەوە سیخوڕییان لەسەر دەکرێ و بەگرتن دەدرێن".

ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی باس لەوەش دەکات، کە نەک هەولێر جێگەی تیرۆر و تیرۆریستی لێ نابێتەوە، بەڵکوو لە ماوەکانی رابردووشدا، بەهۆی ئەوەی چەند کەسێک لەناو دەزگای ئەمنیی حزبێک، کە هاوبەشی پارتیشە لە حکوومەتدا، کەسێکیان لەنێو هەولێر تیرۆر کرد، بەو هۆیەوە خەریکە نێوانمان تێکدەچێت و گرژیی دەکەوێتە نێوانمان، چوونکە بە هیچ جۆرێک ئێمە چاوپۆشی لە تیرۆر ناکەین، پێشمان وایە ئەوەی تیرۆری لەنێو کورد داهێناوە پەکەکە و هائاوازەکانیەتی، ئەوانن دەزانن چۆن خەڵک تیرۆر دەکەن".

بڵند ئیسماعیل گوتیشی: "یەکێک لەو کەسانەی کە پەکەکە تیرۆری کرد (کانی یەڵماس) بوو کە لە ئەورووپا سەرکردەی خۆیان بوو، هەروەها دەیان و سەدان کادری خۆیان لە کۆنسەی سەرۆکایەتی و خوارتر، تا گەریلاکان، لەسەر بیر و بۆچوونی جیاواز تیرۆر کردووە و دەکرێن، هەروەها لە ماوەی دوو ساڵی رابردووشدا بە دەیان کادریان بە دەستی تورکیا و فڕۆکەی تورکیا کوژراوە، هەمووشیان بە دەستکێشیی خۆیان بووە، هەر بۆیە لەخۆڕا نەبوو یەکێک لە بەرپرسانی تورکیا گوتی (نەک هەر دەزانین پەکەکە لەکوێیە، بەڵکوو دەزانین ژمارەی پێڵاوەکانیشیان چەندە)، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە، خۆیان سیخووڕی لەسەر یەکدی دەکەن".

News Code 7508

Your Comment

You are replying to: .
captcha