بەبۆنەی پێشێل کردنی مافی مرۆڤەوە هیومان رایتس وۆچ رەخنە لە حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتی ساڵانەیدا رەخنە لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت.

کوردپرێس: بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکە دەڵێت: "دەستگیرکردن و بێسەروشوێن کردن و کوشتنی هەڕەمەکیی خۆپیشاندەران کە لە 2019ەوە دەستیپێکرد و لە 2020یش بەردەوام بوو، بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەت و دەستیشان کردنی مستەفا کازمی وەکوو سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، بەڵام مستەفا کازمیش شکستیهێنا لە کۆتاییهێنان بە ئازار و ئەشکەنجەدانی خۆپیشاندەران".

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ باسی هەموو ئەو رۆژنامەنووس و چالاکڤانانە دەکات کە لەلایەن کەسانی دەمامکدارەوە هێرشیانکراوەتە سەر و لە بەردەرگای ماڵەکانیان و لە رێگادا کوژراون.

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لەبارەی عێراق

هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: حکوومەتەکەی کازمی شکستیهێنا لە کۆتاییهێنان بە ئازار و ئەشکەنجەدانی خۆپێشاندەران

ئەشکەنجەدان باڵی بەسەر سیستەمی دادگای تاوانی عێراقدا کێشاوە. لە خۆپێشاندانەکاندا رۆژنامەنووس، رەخنەگر، چالاکڤان و خۆپێشاندەر کوژراون.

بەپێی راپۆرتی هیومان رایتس وۆچ لەسەر ئەشکەنجەدانی خۆپێشاندەران لێپێچینەوە لەگەڵ هیچ فەرماندەیێک نەکراوە، هەروەها کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر پرۆسەی خوێندن هەبووە.

هەر لە چوارچێوەی عێراقدا هیومان رایتس وۆچ رەخنە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت: لە مانگی ئایاری 2020دا خەڵک لەسەر دواکەوتنی مووچە خۆپیشاندانیان کردووە دەستگیرکراون، هەروەها دەشڵێت: لە ئابی 2020 هەمان رووداو دووبارەبووەوە، هێزە ئەمنییەکان "بەشێوەیێکی هەڕەمەکی لە خۆپیشاندەر و رۆژنامەنووسانیان دا و دەستگیریان کردن".

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراق کە یاسای سزادانی عێراقی ساڵی 1969ـی بەکارهێناوە،"یاسای رۆژنامەگەری، یاسای رێگری کردن لە خراپ بەکارهێنانی هۆکارەکانی پەیوەندی بۆ سەرکوت کردنی ئازادی رادەربڕین بەکاردەهێنێت".

لە راپۆرتەکەدا باسی باری دارایی هەرێمی کوردستان و دواکەوتنی مووچە کراوە و دەڵێت: "لە 2015ەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوا دەکەوێت.

راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێگری دەکات لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی خەڵکی رەبیعە و حەمدانییە بۆ ناوچەکانیان.

رەخنەی زیاتریشی لە حکوومەتی عێراق لەسەر دۆخی ئەمنی و ئەشکەنجەدانی خەڵک بە تۆمەتی داعش بوون هەیە، دەڵێت: "بەڵگەنامە و کارتی کەسی بۆ هەزاران خێزانی عێراقی نوێناکاتەوە کە گومانی داعش بوونیان لەسەرە و بەهۆیەوە هەزاران منداڵ لە قوتابخانە دابڕاون".

راپۆرتەکە باسی دادگایی کردنی گومانلێکراوانی داعش دەکات و دەڵێت: "بەشێکیان لەسەر بنەمای داعش بوون سزادەدرێن نەوەک ئەو تاوانەی ئەنجامیان داون، هەروەها گومانلێکراوان ناتوانن پارێزەر بۆ خۆیان بگرن، بە گوێرەی هەندێ بەڵگەنامە، ئازار و ئەشکەنجەی زۆر بە جەستەی هەندێ گومانلێکراوەوە دیارە، لە عێراق لە تەمەنی 9 ساڵیشەوە گومانلێکراوی داعش دادگایی دەکات".

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 746

Your Comment

You are replying to: .
captcha