بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەڕۆژی جیهانی پەنابەراندا دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران كۆنگرهیهكى ڕۆژنامهوانىی ئهنجام دا و تێیدا، ئاماری کۆچى هاوڵاتیانی عێراقی بەڕێگەی نایاسایی بڵاو کردەوە.
لهو كۆنگرهیهدا باهۆز بەرزان نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایگەیاند: "بەهۆی ناسەقامگیریی باری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کە ساڵانێکە بەرۆکی ئەم ناوچەیەی گرتووە، ئێستاش دیاردەی کۆچ و ئاوارەیی لە عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان بوونی هەیە و ڕوو لە زیادبوونە".
ناوبراو وتیشى: "بەداخەوە حهوت ساڵى ڕابردوو ساڵانێكی تراژیدیا و پڕ کارەسات بووە بۆ هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بۆتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان هاوڵاتی و لەو ڕێگەیەشدا سەدان کۆچبەر و ئاوارە بەهۆی خراپی ڕێگهی قاچاغ و ڕووداوی مرۆیی گیانیان لەدەست داوە و بەسەدان هاوڵاتیش لە کەمپ و گرتووخانەکاندا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەستبەسەرکراون و بەشێکیان تووشی شڵەژانی دەروونی بوون کە پێویستیان بەچارەسەرە".
باهۆز بەرزان ئهوهشى وت: "زیاتر لە 71 ههزار و 225 کەس داوای مافی پەنابەریان کردوە لەوڵاتانی دەرەوە کە تەمەنیان لەسەرووی 18 ساڵەوە بووە، ئهمه لهكاتێكدایه لهخوار ئهم تهمهنهوه تۆمار ناکرێن كه چەندین کەسی دیكهن و مافی پەنابەریان پێشکەش نەکردووە".
باهۆز بەرزان ئاماژەی بەوەش کرد، "لەم ئامارەدا بەگوێرهى ئەو ژمارەی تۆمارکراوە 24 قوربانی هەبووە لەم ژمارەیەش 17 کەسیان گیانیان لەدەست داوە و حهوت کەسیشیان بێسەروشوێن بوون و چارەنووسیان نادیارە".
نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ههر لهكۆنگرهكهدا باسى لهوهش كرد، "پێشکەش کردنی هاوکاری و کارئاسانی بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە بەڵگەنامەیان لەدەست داوە لەڕێگەی کۆچى نایاسایی کە ژمارەیان ههزار و 320 کۆچبەر بووە و گەڕاونەتەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان".
نوێنەری دەزگای لووتکە ئەوەشی ڕوونکردەوە، "سەرەڕای بوونی هەموو کێشەکانمان و نەبوونی پاڵپشتیەکی دارایی بەهێز و ڕاستەوخۆ، وەک دەزگای لوتکە بەردەوام بووین و لە کار کردن و خزمەت کردن و گەڕانەوەی پەنابەران لە دەرەوە لەسەر خواستی خۆیان و گەڕانەوەی تەرمی دهیان کۆچبەر کە لەو ڕێگەیەدا گیانیان لەدەست داوە".
Your Comment