ململانێی نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی کێشەی گەورەی بۆ کورد دروست کردووە

بەشی جیهان- جوێل وینگ، پسپۆڕی پرسەکانی بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: سەرەکیترین کێشەی کورد ململانێی نێوان دوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان واتا یەکێتی و پارتییە. بارزانییەکان دەیانەوێت دەست بەسەر هەموو پۆستەکاندا نەک لە هەرێمی کوردستان بەڵکوو لە بەغدایشدا بگرن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دوای ساڵێک لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن گرنگترین هەنگاوی بەدیهاتنی سەقامگیری سیاسی و دەرچوون لەو بنبەستەی ئێستا بوو. جۆیل وینگ کە بیست ساڵە چاودێری بارودۆخی عێراق دەکات، لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی کوردپرێس، باسی لە دەرئەنجامە ئەرێنییەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و تەنگەژەکانی بەردەم ئەم حکوومەتە و هەروەها گرژی و ناکۆکیی نێوان دوو حربی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان کرد.

پێکهێنانی حکوومەت کۆتایی هاتنی بنبەستی سیاسی لە عێراقە؟

جۆیل وینگ سەبارەت بە کاریگەرییەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لەسەر کۆتایی هاتنی چەقبەستووی سیاسیی ئەو وڵاتە بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: "ڕاستە" لەگەڵ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، ئەم وڵاتە لەو بنبەستە سیاسییە دەرچووە کە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن کەوتە ناویەوە. ئێستا پەرلەمانی عێراق دەتوانێت کار بۆ بابەتگەلێکی گرنگتر بکات، لەوانە پەسەندکردنی بودجەی گشتی، کە یەکێکە لە پرسە گرنگان کە دوا خراوە.

مامەڵەی کورد لەگەڵ حکوومەتی محەمەد سوودانی

ئەو شارەزایە لە پرسەکانی عێراق سەبارەت بە چارەنووسی ناکۆکییەکانی کورد لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی ئەو وڵاتە دەشڵێت: هەرێمی کوردستانی عێراق باس لە تاوتوێ کردنی چەند پرسێکی جیاواز لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی عێراق دەکات، لەوانەش بودجە، کە ماوەیەکی زۆرە ناکۆکییان لەسەرە. ئەوان ناکۆکی گەورەتریان وروژاندووە، وەک پرسی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق کە بڕیارە کۆتایی بە ناکۆکی لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان بهێنێت.

ناوبراو درێژەی دا بودجە پەسەند دەکرێت، چوونکە هەموو لایەک پێویستیان پێیەتی، بەڵام پێموانییە ئەو پرسە گرنگانەی کە جێی مشتومڕن و ناکۆکی گەورەیان لەسەرە بەم زووانە چارەسەر بکرێن. هەردوو لایەنەکە مکووڕن لەسەر خواستی خۆیان و هیچ یەکیات ئامادە نین سازش لەسەر ئەم پرسانە بکەن.

کاریگەریی ناکۆکیی ناوماڵی کورد لەسەر ئەدای حکوومەتی ناوەندی عێراق

ناوبراو سەبارەت به ناکۆکیەکانی نێوان هەڕدوو حزبی کوردی دەسەڵاتداری هەڕێمی کوردستان و کاریگەریی ئه و ناکۆکیانه، وتی: گرنگترین کێشەی کورد جیاوازی و دووبەرەکیی نێوان هه ڕدوو حزبه کوردییەکەی حوکمڕانی هەڕێمی کوردستانن، ئەویش یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی لە کوردستانی عێراق. بارزانییەکان نەک هەر دەیانەوێت بەسەر هەرێمی کوردستاندا زاڵ بن، بەڵکوو دەیانەوێت هەموو پۆستە گرنگەکانی بەغداش بەدەستەوە بگرن. ئەم بابەتە یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە پێکهێنانی حکوومەتی عێراقی بۆ ساڵێک دواخست چونکە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق ویستی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق وەربگرێت لەکاتێکدا لە ڕووی پشکەوە ئەو پۆستە پشکی یەکێتی بوو. دواجار ئەم پرسە چارەسەر کرا، بەڵام کەلێنی نێوان ئەو دوو لایەنە بەردەوام دەبێت و پێدەچێت پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەچاو یەکێتی نیشتمانی لە بەغدا پێگەیەکی باڵاتر بەدەستبهێنێت.

کاریگەری هەڵبژاردنی لەتیف ڕەشید لەبری بەرهەم ساڵح وەک سەرۆکی نوێی عێراق

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵنەبژاردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆک کۆماری عێراق بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی، جۆیل وینگ بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: هەڵبژاردنی لەتیف ڕەشید لەبری بەرهەم ساڵح بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە مێژە ناکۆکیی لەگەڵ بەرهەم ساڵح هەبوو، بە سەرکەوتن دادەنرێت. ڕێککەوتنەکە ئەوە بوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەگەر بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دووربخرێتەوە، دەستبەرداری دەستبەسەرداگرتنی ئەم پۆستە دەبێت. یەکێتی جارێکی دیکە ئەو پۆستەی بەدەست هێنا، هەرچەندە کاندیدێکی لاوازتر بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرا.

ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم حکوومەتی نوێی عێراق

سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی بەردەم حکوومەتی نوێی عێراق، ئەو شارەزایەی پرسەکانی عێراق زیادی کرد: ناکارامەیی حکوومەت لە عێراق بەردەوام دەبێت. ئەولەویەتی سەرەکیی حکوومەتی نوێ پەسەندکردنی بودجەی گشتییە چوونکە ماوەی یاسایی بۆ پەسەندکردنی تێپەڕیوە. حکوومەتی عێراق سوودێکی زۆری لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوتی خاو لە دوای هێرشی سەر ئۆکرانیا دەست کەوتووە، بەڵام نەیتوانیوە بەشێکی زۆری خەرج بکات. بەڵام حکوومەتی سوودانی ناتوانێت زۆر شت لە بابەتەکانی تردا بکات. لایەنەکان دابەشبوونێکی زۆریان هەیە و ڕوون نییە کە سوودانی دەتوانێت هەر ئەجێندایەک بە شێوەیەکی سەربەخۆ جێبەجێ بکات. بۆ نموونە ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت بەرەنگاریی گەندەڵی ببمەوە، بەڵام ئەمە ناچێتە سەر چوونکە هەموو لایەنەکان لەو گەندەڵییە تێوەگلاون و ڕێگە بە گۆڕانکاری نادەن.

News Code 7421

Your Comment

You are replying to: .
captcha