کوردپرێس: بهپێی راگهیهنراوێكی حكوومهتی ههرێم، ئەنجومەنی باڵای ئابووریی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دیاری کردنی هێڵە گشتییەکانی پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2021 ی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پرۆسە چاکسازی کرا.
هەریەک لە وەزیرانی دارایی و ئابووری ئاوات شێخ جەناب و پلاندان دارا ڕەشید ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی و ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 خستەڕوو.
ئاماژه بهوهش كراوه، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا، کە حکوومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ لە پێناو ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و کەم کردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و ڕێکخستنەوەی میلاک و دەرھێنانی ناوی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیێکی ناڕەوا سوودمەندبوون لە بودجە گشتی، بۆ ئەوەی ماف و شایستەی دارایی مووچەخۆری شایستە دەستەبەر بکرێت، سەرەڕای کارکردن بۆ کەم کردنەوەی ڕووتین لە ڕایی کردنی مامەڵە داراییەکان.
جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021، هەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگیرێت و بودجەیێکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە ژمارە و داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجی ڕاستەقینە و کورتھێنان و دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان ببەستێت کە لە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران، دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و ئەم بودجەیە دەبێتە هۆی برەودانی زیاتر بە شەفافیەت لە دارایی گشتی ھەرێم.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە ، بۆیە دەبێ دەسەڵاتی فیدراڵیش ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژە بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2021 دابین بکات.
لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون عەبدولحەکیم خسرۆ، ڕاپۆرتێکی دەربارەی هەنگاوەکانی جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئابووری خستەڕوو.
بڕیارە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە سەبارەت بە ھێڵە گشتیەکانی ڕەشنووسی بودجەی ھەرێم، سبەی لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بخرێتەڕوو.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment