بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەعفەر شێخ مستەفا جێگرى سەرۆکى هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ میدیاى یەکێتى وتى: "ئەم سیاسەتەى ئێستاى حکوومەت دۆخەکە بەرەو شەڕى ناوخۆ و لێکترازان دەبات".
ناوبراو وتیشى: "دۆخەکە گەیشتووەتە حاڵەتى دژایەتى و لەناو قەد یەکترى بڕینەوە، لەناو پایتەختدا هێزێک کەس کەس نازانێت کێیە لەژێر دەسەڵاتى حکوومەتدا دەوى ماڵى جێگرى سەرۆکى حکوومەت دەگرێت و هەڕەشەى لێدەکات".
جەعفەر شێخ مستەفا دەشڵێت، سەرۆکى هەرێم مومارەسەى دەسەڵاتەکانى خۆى ناکات، ئەگەر سەرۆکى هەرێم دەستکراوە بووایە لەهیچ شوێنێک باسى ئەم کێشانە نەدەکرا کە ئێستا باسى دەکرێت.
جێگری سەرۆکی هەرێم دەشڵێت: ئەو بەرنامەیەى لە سەرۆکایەتى هەرێم دانرا بۆ یەکخستنەوەى پێشمەرگە هەر هەمووى شکستى پێهێنرا، دەبێت سەرۆکى هەرێمیش نیگەران بێت لەوەى بەرنامەکانى جێبەجێ نەکراوە.
لەبارەى تۆمەتبارکردنى یەکێتى بە قاچاخچێتى لە سنوورەکان لەلایەن پارتییەوە، ناوبراو وتى: "قەل بە قەل دەڵێت رووت رەش بێت".
ناوبراو باسى لەوەش کرد، زیاتر لە 10 جار بافڵ تاڵەبانى چووەتە لاى مەسعوود بارزانى و پێکەوە کۆبوونەتەوە و چەندین بەڵێنى وەرگرتووە بۆ چارەسەرى کێشەکان، بەڵام جێبەجێ نەکراون.
جەعفەر شێخ مستەفا لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: "پارتى دەیەوێت یەکێتییەکى زەعیفى بێتوانا و بێدەسەڵاتى لەبەردەستدا بێت، ئەوەش یەکێتى گەیاندووەتە ئەو دۆخەى بڵێت ستۆپ".
سەرچاوە: ناس کورد
Your Comment