شاندێکی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ شاندێكی لیژنه‌ی به‌رگریی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كی جددییه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی له‌ شاندێكی لیژنه‌ی به‌رگریی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سارا نانی كرد كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی پارته‌ جیاكانی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا پێكهاتبوون.

له‌ كۆبوونه‌وەکەدا په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌ركی هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیدا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیاوه‌ بڕیاری لێدرا، مه‌ترسییه‌كانی داعش و دۆخی ناوچه‌كه‌یان به‌گشتی تاوتوێ كرد.

نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی شاندی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیای به‌ پشتگیری بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌ قه‌ڵه‌مدا و سوپاسی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و گه‌لی ئه‌ڵمانیای كرد بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌ركی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌یان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها پێزانینی هه‌رێمی كوردستانی دوپات كرده‌وه‌ بۆ پشتگیریی‌ سه‌ربازی و مرۆییی ئه‌ڵمانیا له‌ كاتی شه‌ڕی داعشدا.
سه‌رۆكی هه‌رێم جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، "داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كی جددییه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامی و سه‌قامگیریی عێراق و سوریا و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی ئه‌وروپاش ده‌كات"، هه‌روه‌ها هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقی به‌ باش له‌ قه‌ڵه‌مدا و به‌ پێویستی زانی پته‌وتر بكرێت.

له‌باره‌ی دۆخی عێراقیشه‌وه‌،‌ نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست حكوومه‌تی نوێی عێراق له‌ زوترینكاتدا پێكبهێنرێت كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی و داواكارییه‌كانی هاوڵاتیان بێت و ببێته‌ هۆی ئارامی و سه‌قامگیری و بتوانێت كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستور چاره‌سه‌ر بكات و داكۆكیشیله‌وه‌ كرده‌وه‌، "پێویسته‌ پێكهاته‌كانی عێراق شێوازێك بۆ پێكه‌وه‌ژیان له‌ عێراقدا بدۆزنه‌وه‌".
لای خۆیه‌وه‌ شاندی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا، وێڕای ستایشی پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختیان له‌ به‌رده‌وامیی پشتگیریی وڵاته‌كه‌یان بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و پێزانینیان بۆ ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ له‌ تێكشكاندنی داعشدا ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها خواستی وڵاته‌كه‌یان بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌مو بواره‌كاندا نیشان دا.

دۆخی ناوخۆی كوردستان، پرۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌، دوایین پێشهاته‌كانی شه‌ڕ له‌ ئۆكراینا و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی له‌ بواری وزه‌دا، مه‌ترسییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر عێراق و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون
.

News Code 7194

Your Comment

You are replying to: .
captcha