دەست نیشان کردنی مەکگۆرک هەوڵاێکی خۆش بوو بۆ کوردەکان

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا دەڵێت: دەستەی سیاسی و شاندی دیپلۆماسیی چەندین وڵات سەردانی کوردستانی سووریا دەکەن بەڵام هێشتا دانیان بەبوونی بەڕێوەبەریی خۆسەردا نەناوە و باسیان لەمبارەوە نەکردووە ئێمە هیوامان وایە پاش هاتینی بایدەن و مەکگۆرک ئەم بابەتە بگۆڕدرێت.

«کۆفان کەنعۆ» سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە دەست نیشان کردنی برێت مەکگۆرک وەکوو بەڕێوەبەری باڵای ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە بەشی سیاسەتدانەریی واشنتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و وتی: لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و تەرکیزی ئەمریکا لەسەر پرسە ناوخۆییەکان، ئاوڕی ئەمریکای لەسەر پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور خستەوە و تورکیا و ڕووسیا ئەم دەرفەتەیان قۆستەوە و لەسەر ڕێککەوتنێک چەند ناوچە لە باکووری سووریا لەلایەن تورکیا و گرووپە جیهادییەکانەوە داگیر کران.

ناوبراو درێژەی دا: دەست نیشان کردنی مەکگۆرک هەواڵێکی خۆش بوو بۆ کوردەکان و لەسەردەمی ئەودا یارمەتیێکی فراوان گەیشتە هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی پاراستنی گەل.

کۆفان کەنعۆ وتیشی: هیوامان ئەمەیە کە لەسەردەمی سەرۆکایەتیی بایدەن-دا پشتگیری کردن لە کوردانی سووریا بەشێوەیێکی فراوانتر و ستراتێژیک تر درێژەی پێبدرێت.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا ئاماژەشی دا بە شێوازی تێڕوانینی ئەمریکا بۆ پرسی کوردی سووریا و جەختی کردەوە: ئەمریکا ئێستا تەنها پەیوەندیی سەربازیی لەگەڵ کورد هەیە و ئێمە دەمانەوێت ئەم پەیوندییە سەربازییە بۆ پەیوەندیی سیاسی بگۆڕدرێت و ئەمریکا هەوڵی سیاسی و دیپلۆماسیی کوردەکان بەفەرمی بناسێت.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ڕاستە کە دەستەی سیاسی و شاندی دیپلۆماسیی چەندین وڵات سەردانی کوردستانی سووریا دەکەن بەڵام هێشتا دانیان بەبوونی بەڕێوەبەریی خۆسەردا نەناوە و باسیان لەمبارەوە نەکردووە ئێمە هیوامان وایە پاش هاتینی بایدەن و مەکگۆرک ئەم بابەتە بگۆڕدرێت.

کۆفان کەنعۆ وەبیری هێنایەوە: پێویستە هاوسەرۆکایەتیێک لە کوردستانی سووریا بە بەشداریی هەموو حزب و ڕەوتەکان پێکبهێنردێت تا بە ناوی گەلی کورد لەسووریا بتوانێت نوێنەرایەتیی مافی کورد بکات.

سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا زیادی کرد: بە ئاوڕدانەوەی لە دۆخەکە پێویستە سیاسەتی کوردەکان لە سووریا گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و بەیەکگرتنی نێو ماڵی کورد لە سووریا بەرژەوەندیی کوردی لە سووریا دووبارە پێداچوونەوەی تێدا بکرێت چوونکە لەدەست دانی دەرفەتەکانی ئەمڕۆ خەساری داهاتووی بەدواوەیە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 693

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha