بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیروان جەلال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراون بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: "لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە 171 رووفات دەرهێنران، 74 رووفات منداڵن و 97 رووفاتیش ئافرەتن. ئەمڕۆ 3ـی ئابی 2019 هەموو رووفاتەکان هەڵگیران و رەوانەی پەیمانگەی پزیشکی دادوەری کران بەمەبەستی وەرگرتنی نموونەی دی ئێن ئەی".
سیروان جەلال ئەوەشی گوت "لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان منداڵ هەبوو لەنێو باوەشی دایکی بوو مردبوو، دایکێک دەستی لەملی چوار منداڵی خۆی کردبوو، بەشێک لە قوربانییەکان گوللـەشیان بەرنەکەوتبوو، ژێر خاککرابوون و گیانیان لەدەستدابوو".
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەش کرد "دوای جەژن تیمەکانیان دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ سەماوە بۆ هەڵدانەوەی دوو گۆڕی بەکۆمەڵی دیکە".
هاوکات فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بە لەم بارەوە دەڵێت: "پێشبینی چەندین گۆڕی دیكە لە سەماوە دەكەین، بەڵام ئەوەی تاوەكوو ئێستا دیارە دوو گۆڕی دیكە هەیە و دوای پشووەكانی جەژنی قوربان كاری هەڵدانەوەیان بۆ دەكەین".
گوتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان باسی لەوەش كرد گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەماوە لەوە زیاتر رووفاتیان تێدایە كە پێشبینی دەكرێن "گۆڕە بە كۆمەڵەكەی یەكەم پێشبینیمان دەكرد 80 روفاتی تێدابێت، كەچی 171 رووفاتی تێدابوو، هەموو ئەو رووفاتانەش بۆ ناسینەوە پشنكینی دی، ئێن، ئەی-یان بۆ دەكرێت".
لە سنووری پارێزگای سەماوە چەندین گۆڕێكی بە كۆمەڵەی ئەنفالكراوەكانی كوردستان هەیە و تاوەكوو ئێستا سێ گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment