بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی سێشەمە 8ی گەلاوێژ بەرانبەر بە 30ی تەمووزی 2019 عەبدولناسر هیمەتی پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کەناڵی داراییی ناسراو بە نیما، بۆ وەرگرتنی دراوی دەستکەوتوو لە داهاتی ناردنکاری سەرکەوتوو بووە و لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 27.5 ملیار دۆلار داهاتی ناردنکاری لەو کەناڵە دارایییەوە گەڕاوەتەوە نێوخۆی ئێران.
پارێزگاری بانکی ناوەندی گوتیشی ڕێژەی 3 ملیار دۆلار لەو داهاتە داهاتی هاوردەکردن لە بەرانبەر ناردندا بووە.
هیمەتی گوتیشی ئێستا پڕۆسەی گەڕاندنەوەی داهاتی ناردنکاری بۆ کەناڵی داراییی ناسراو بە نیما خێراتر کراوەتەوە و لە داهاتوودا کە نرخی دراوەکانیش سەقامی زیاتر بگرن کارکردن بەو کەناڵە دارایییە فراوانتر دەکرێت.
Your Comment