نێچیرڤان بارزانی: ئاسایش و دژه‌تیرۆر به‌وپه‌ڕی توانای خۆیانه‌وه ‌هه‌رێمى كوردستان و هاووڵاتییانیان پاراستووه

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان په‌یامێکی بڵاو کرده‌وه‌ و ده‌ستخۆشی له‌ هێزی ئاسایش و دژه‌تیرۆری هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌و که‌سانه‌ی تۆمه‌تبارن به‌ ته‌قه‌كردن له‌ ڕێستورانتێكی هه‌ولێر و گوتی: ئاسایش و دژه‌تیرۆر به‌وپه‌ڕی توانای خۆیانه‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان و هاووڵاتییانیان پاراستووه‌.

کوردپرێس:

له‌ ڕووداوی هێرشی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 17-7-2019 له‌ هه‌ولێر که‌ له‌ ڕیستۆرانتێک ئه‌نجام درا کارمه‌ندێکی کۆنسووڵخانه‌ی تورکیا و هاونیشتمانییه‌ک به‌ ناوی نه‌ریمان عوسمان کوژران و که‌سێکی دیکه‌ش به ‌ناوی به‌شدار ڕه‌مه‌زان بریندار بوو که‌ به‌هۆی سه‌ختی برینه‌که‌یه‌وه‌ چه‌ند کاژێرێک دوای ڕووداوه‌که‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ست دا و ڕۆژێک دوای ڕووداوه‌که‌ دژه‌تیرۆری کوردستان وێنه‌ی یه‌کێک له‌ تۆمه‌تباره‌کانی بڵاو کرده‌وه‌ و داوای له‌ هاونیشتمانیان کرد له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر زانیارییێک هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ئاگادار بکه‌نه‌وه‌ و دواتر له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ 20-7-2019 دژه‌تیرۆری کوردستان ده‌ستگیرکردنی دووان له‌ تۆمه‌تباره‌کانی ڕووداوه‌که‌ی ڕاگه‌یاند.

شه‌وی شه‌ممه‌ 20ی ته‌مووزی 2019 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان دوای ده‌ستگیرکردنی دوو تۆمه‌تباری هێرشه‌که‌ی هه‌ولێر په‌یامێکی بڵاو کرده‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: "ئاسایش و دژه‌تیرۆر تاوه‌کوو ئێستا به‌وپه‌ڕی توانای خۆیانه‌وه ‌هه‌رێمى كوردستان و هاووڵاتییانیان پاراستووه و ‌هه‌میشه‌ توانیویانه ‌هه‌وڵی تیرۆریستان پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه ‌و نه‌هێڵن زیان به ‌خه‌ڵكی هه‌رێم و میوانانی بگات".

ده‌قی په‌یامه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان

ئه‌مڕۆ هێزی ئاسایش و دژه‌تێرۆری كوردستان سه‌ركه‌وتووانه توانیيان ‌تاوانباری سه‌ره‌كی و هاوكارێكی كاره‌ تيرۆریستیيه‌كه‌ى ڕۆژی 17ی ته‌ممووزی 2019ی ته‌قه‌كردن له‌ ڕیستۆرانتێكی هه‌ولێر ده‌ستگیر بكه‌ن كه‌ جێگه‌ی داخ بوو له‌و ڕووداوه‌ تيرۆرستييه‌دا دیپلۆماتێكی توركیا و دوو هاووڵاتیی هه‌رێمی كوردستان گیانیان له‌ده‌ست دا.

سه‌ركه‌وتنی هێزی ئاسایش و دژه‌تێرۆر له ‌ئه‌ركی سه‌ره‌كیی خۆیاندا دڵسۆزیی ئه‌م هێزانه ‌بۆ كار و پاراستنی هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیان ده‌سه‌لمێنێت. دیاره ‌پاش ڕووداوێكی وا ناخۆش و ترسنۆكانه‌ جه‌ختی سه‌ره‌كيی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی تاوانباران و هاوكاره‌كانیان بووه ‌و ده‌بێت. ده‌ستكه‌وتی سه‌ركه‌وتووانه‌ی هێزی ئاسایش و دژه‌تێرۆر له‌وه‌دا بووه‌ كه ‌هه‌میشه‌ توانیویانه ‌هه‌وڵی تیرۆریستان پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه ‌و نه‌هێڵن زیان به ‌خه‌ڵكی هه‌رێم و میوانانی بگات.

تا ئێستا به‌وپه‌ڕی توانای خۆیانه‌وه ‌هه‌رێمى كوردستان و هاووڵاتیانیان پاراستووه، له‌ داهاتووشدا هه‌روه‌ک له‌وه‌وپێش له ‌كاری جدديی خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ زامنكردنی ئارامی و ئاسایش له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستگیركراوان و هاوكارانيشيان به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

2019-7-20

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65168

Your Comment

You are replying to: .
captcha