کوردپرێس:
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی (ڕۆژنیوز) دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەورووپا بەهۆی پێشێلكردنی ئازادی وتەدانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی زیندانیكراوی هەدەپە، بڕیاری داوە دەوڵەتی تورك دوو هەزار یۆرۆ وەك قەرەبووی مەعنەوی بداتە دەمیرتاش و هەزار یۆرۆش وەك خەرجی بداتە دادگا.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەداری كوردی تورکیا، لە نیسانی ساڵی ١٩٧٣ لە شارۆچكەی پالۆی سەر بە پارێزگای خارپێتی باكووری كوردستان لەدایك بووە و لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەسەر لیستی پارتی كۆمەڵگای دیموكراتیك (DTP) وەكوو نوێنەری پارێزگای ئامەد بۆتە ئەندامی پەڕلەمانی توركیا و لە دوای قەدەغەكردنی ئەم پارتە لە لایەن دادگای دەستووری توركیاوە، لە ساڵی ٢٠١٠دا بوو بە ھاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی (BDP) و دواتر بووە ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) و پەڕلەمانتاری ئەو پارتە لە پەڕلەمانی توركیا.
دەمیرتاش كوردی زازایە و دەرچووی كۆلێژی یاسای زانكۆی ئانقەرەیە و لە ٤ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٦، لەلایەن حكوومەتی توركیاوە لەگەڵ فیگەن یوكسەكداغ و ئەندام پەرلەمانەكانی ھەدەپە بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە دەستگیر كران.
Your Comment