کوردپرێس:
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، ڕۆژی یەكشەممە 7ی تەمموز-ی 2019 دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیی كرد لە هەریەك لە جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سووریا و ماسیۆ تولەر، و باڵیۆزی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە عێراق.
لەمیانی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆک کۆمار جەختی كردوەتەوە لەسەر پێویستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانە و ھاریکاریی نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەردوو وڵات و بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بکات.
لە بەیاننامەکەی نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراقدا ئاماژە بەوەش كراوە، "لە پێناوی چارەسەرکردنی پرسە ھەڵپەسێردراوەکان و کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکان، ئەنجامدانی گفتوگۆی جددی لە نێوان گشت لایەنەکاندا گرنگە، بەجۆرێک کە یارمەتی دەربێت لە چەسپاندنی بنەماکانی ئاشتی لە جیھاندا".
بەرھەم ساڵح لە هەمان كاتدا تیشکی خستوەتە سەر سیاسەتی ھاوسەنگیی عێراق لەگەڵ ھەموواندا، بۆ نزیککردنەوەی دید و بۆچوونەکان لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا، لەپێناو کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان.
لە دیدارەكەشدا جێمس جێفری، ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی لە بەھێزکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێراق لە گشت بوارەکاندا.
دووپاتیشی كردوەتەوە، "ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا دەیەوێت ھاریکاری و ھەماھەنگیی ھاوبەش لە بارەی دۆسیە و کێشە ھەنووکەییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیھان فراوان بكات".
*لە خەندان وەرگیراوە
Your Comment