بەپێی هەواڵی کوردپرێس شێخ ئەحمەد بەرزنجی یاریدەدەری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نوێنەری سەرۆککۆماری عێراق لە کۆنگرەی ناودارنی کورددا دیمانەیێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس کرد و ڕایگەیاند عەقڵییەتی کورد و ئەندێشەی ناودارانی کورد ئەندێشەیێکی عام و جیهانییە هەر ئەو جیهان شموولییەش وای کردووە هەموو لاپەڕەکانی مێژوو بە شێوەیێک لە شێوەکان بۆ برەوپێدانی کەلتووری ئیسلامی دەوری کوردی تێدا دەبینرێت.
ناوبراو گوتیشی بەڕێوەبردنی کۆنگرەی لەو شێوەیە دەتوانێت ڕۆشنکەرەوەی ڕێگا و ڕێبازی گەنجەکانیش بێت و ئەو کۆنگرەیەش لە ئاستێکی بەرزدا بەڕێوە چوو.
بەرزنجی لە زاری سەرۆککۆماری عێراقیشەوە دەستخۆشی بەڕێوەبردنی ئەو کۆنگرەیەی کرد و گوتی: بە خۆشحاڵییەوە لە ئێران کەشەکە لەبارە بۆ کاری فەرهەنگیی کوردەکان ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەندێک وڵاتی دیکەدا کە کوردی تێدا دەژی ئەو دەرفەتە نەڕەخساوە.
نوێنەری سەرۆککۆماری عێراق هیوای ئەوەشی خواست پێوەندی و عیلاقاتی فەرهەنگی و ئابووری و سیاسیی ئێران و هەرێمی کوردستان زیاتر لە ڕابردووش پەرەی پێ بدرێت.
شایانی باسە شێخ ئەحمەد بەرزنجی لە ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەی ناودارانی کورد وتاری خۆی پێشکەش کرد کە لە شاری سنە و لە زانکۆی کوردستان بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک فراوان لە ناودارانی کورد بەڕێوە دەچێت و لەو کۆنگرەیەدا ڕێز لە 30 کەسایەتیی گەورە و ناوداری کورد دەگیرێت.
Your Comment