تورکیا ڕەتی دەکاتەوە هێرشی کردبێتە سەر زاخۆ

بەشی تورکیا- وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ڕاگه‌یه‌نراوێکی له‌باره‌ی تۆپبارانه‌که‌ی چوارشه‌مەی سنووری زاخۆ بڵاو کرده‌وه‌ بە توندی ڕەتی کردەوە کە وڵاتەکەی ئەو هێرشەی ئەنجام دابێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌که‌دا ده‌ڵێت: دڵگرانین بە گیانلەدەستدانی 8 هاووڵاتیی عێراقی و برینداربوونی 23 کەسی دیکە لە ئەنجامی ئەو هێرشەی چوارشه‌مە لە ناوچەیەکی گەشتیاری سەر بە شارۆچکەی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک لە عێراق کەوتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سه‌ره‌خۆشی له‌ که‌سوکاری قوربانیان و گه‌ل و حکوومه‌تی عێراق کرد و هیوای زوو چاکبوونه‌وه‌شی بۆ برینداره‌کان خواست.

ڕایگه‌یاند: تورکیا دژی هه‌موو جۆره‌ هێرشێکه‌ که‌ سڤیله‌کان بکاته‌ ئامانج.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا که‌ تورکیا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ چوارچێوه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا و له‌ رێگه‌ی نیشاندانی ئه‌وپه‌ڕی هه‌ستیاری سه‌باره‌ت به‌ سڤیله‌کان، ژێرخانی مه‌ده‌نی، مێژوویی و کولتووریی و پارێزگاریکردن له‌ سروشت، به‌ڕێوه ‌ده‌بات.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: له‌ڕێگه‌ی ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌وه‌ که‌ مرۆڤگه‌لی بێتاوان ده‌که‌نه‌ ئامانج و وا لێک ده‌درێته‌وه‌ که‌ له‌ رێکخراوی تیرۆریستییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتبێت، هه‌ڵوێستی ره‌وا و مکوڕی وڵاته‌که‌مان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا به‌ ئامانج گیراوه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌که‌دا جه‌ختیش ده‌کاته‌وه‌ که‌ وڵاته‌که‌یان له‌پێناو ده‌رخستنی راستییه‌کان ئاماده‌یه‌ بۆ هاویشتنی هه‌موو جۆره‌ هه‌نگاوێک.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: بانگهێشتی کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی عێراق ده‌که‌ین له‌ژێر کاریگه‌ریی گوتار و پڕوپاگه‌نده‌ی په‌که‌که‌ لێدوان نه‌ده‌ن و هاریکار بن بۆ ئه‌وه‌ی بکه‌رانی ئه‌م رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌ ئاشکرا بکرێن.

News Code 6472

Your Comment

You are replying to: .
captcha