به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، که‌ماڵ قلیچدارئۆغڵۆ سه‌رۆکی پارتی کۆماریخوازی گه‌ل که له کۆبوونه‌وه‌ی فراکسیۆنی حیزبه‌که‌ی قسه‌ی ده‌کرد له لێدوانێکدا باسی له زیندانییانی سیاسیی تورکیا کرد و ڕایگه‌یاند: عه‌داله‌ت، سه‌ره‌کیترین بابه‌تی وڵاته. له ئێستادا بۆچی سیاسه‌توانان، ڕۆژنامه‌وانان و ڕۆشنبیران له زینداندان؟ بۆچی عه‌رن ئه‌رده‌م و عوسمان کاوالا زیندانی کراون؟ سری سوره‌یا ئۆنده‌ر که‌سایه‌تییێکی به‌رجه‌سته و ڕۆشنبیریی سیاسییه. سیاسه‌ت وه‌لاوه بنێن ئۆنده‌ر که‌سایه‌تیێکی ڕۆشنبیری به‌رجه‌سته‌یه. بۆچی ده‌بێ له زینداندا بێت؟ ئه‌حمه‌د ئاڵتان، نازی ئیلیجاک و سه‌ڵاحه‌ددین ده‌میرتاش به‌پێی چ حوکم و تۆمه‌تێک زیندانی کراون؟
ناوبراو له درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا گوتیشی: ده‌میرتاش ڕایده‌گه‌یێنێت که ده‌بمه کاندیدی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار. ڕێگه به کاندیدبوونه‌که‌ی ده‌ده‌ن به‌ڵام به دوای کاندیدبوونه‌که‌ی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار به ناوبراو ده‌ڵێن که ده‌بێ له زینداندا بمێنێته‌وه، پرسیار له هه‌ر مرۆڤێکی خاوه‌ن ویژدان ده‌که‌م که باوه‌ڕی به عه‌داله‌ت هه‌یه: ئه‌گه‌ر ئه‌م مرۆڤه شایسته‌ی پۆستی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماره بۆچی ده‌بێ له زینداندا بێت؟ ئێمه عه‌داله‌تمان هه‌ر بۆ خۆمان ناوێت، داوای عه‌داله‌ت بۆ هه‌موو مرۆڤه‌کان و جیهان ده‌که‌ین. ئه‌گه‌ر بیرۆکه‌ی ئه‌و ئاکادیمیسیانهتان قبووڵه که به‌یاننامه‌ی ئاشتییان واژۆ کردووه بۆچی ده‌بێ ئه‌وان له زینداندا بن؟ ڕۆژنامه‌وانانی ڕۆژنامه‌ی جمهوورییه‌ت بۆچی له زینداندان؟
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی دیوار
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment