ئه‌مریكا ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ كارمه‌نده‌كانی له‌ عێراق بكێشێته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سوپای ئه‌مریکا ڕاپۆرته‌کان له‌سه‌ر ده‌ست‌پێکردنی ئاماده‌کاری بۆ گواستنه‌وه‌ی سه‌دان به‌ڵێنده‌ری دوو کۆمپانیای گه‌وره‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ بنکه‌ی ئاسمانیی به‌له‌دی عێراقی ڕه‌ت کرده‌وه‌.

کوردپرێس:

عه‌قید كێڤین وۆكه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری پاراستنی هێزه‌ ناوه‌ندییه‌كانی سه‌ر به‌ هێزی ئاسمانیی ئه‌مریكا له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ڕای‌گه‌یاند: ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی باس له‌وه ‌ده‌كه‌ن كارمه‌ندانی بنكه‌ی ئاسمانیی به‌له‌دی سه‌ر به‌ پارێزگای سه‌لاحه‌دین و هه‌ڵکه‌وتوو له‌ 80 کیلۆمه‌تریی باکووری شاری به‌غدا ده‌كشێنرێنه‌وه‌، ڕاست نییه‌.

ناوبراو وتیشی "له‌م كاته‌دا هیچ پلانێک بۆ كشانه‌وه‌یان نییه‌ و به‌رده‌وام سه‌لامه‌تی و ئاسایشی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی هێزه‌ ئاسمانییه‌كان و ئه‌وانه‌ی خزمه‌ت ده‌كه‌ن له‌ به‌رچاو ده‌گیرێت و ده‌پارێزرێن".

كێڤین وۆكه‌ر ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر مه‌ترسیی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و كارمه‌ندانه‌ دروست ببێت، ئه‌وا هێزی ئاسمانیی ئه‌مریكی ڕێوشوێنی پێویست ده‌گرێته‌به‌ر بۆ پاراستنیان.

هاوکات وته‌بێژی کۆمپانیای سه‌ربازیی لۆکهێد مارتن له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین ڕای‌گه‌یاند که‌ له‌م کاته‌دا کشانه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانیان له‌ بنکه‌ی ئاسمانیی به‌له‌د له‌ئارادا نییه‌ به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ قسه‌یێکی له‌باره‌ی ده‌ست‌پێکردنی ئاماده‌کاری بۆ ئه‌نجامدانی کارێکی وا نه‌کرد.

ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی شه‌ممه‌ 22ی حوزه‌یرانی 2019 ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رز له‌ زاری سێ سه‌رچاوه‌ی سه‌ربازیی عێراقه‌وه‌ بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ئاماده‌کاریدان بۆ گواستنه‌وه‌ی نزیکه‌ی 400 به‌ڵێنده‌ری کۆمپانیاکانی لۆکهێد مارتن و سالیبورت گڵۆباڵن له‌ بنکه‌ی ئاسمانیی به‌له‌دی سه‌ر به‌ پارێزگای سه‌لاحه‌دین.

به‌ وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌ سه‌ربازییانه‌ که‌ نه‌یانویست ناوه‌که‌یان بدرکێندرێت، هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان خۆیان بۆ پاشه‌كشه‌پێكردنی سه‌دان به‌ڵێنده‌ر له‌ بنكه‌ی ئاسمانیی به‌له‌د هه‌ڵکه‌وتوو له‌ 80 کیلۆمه‌تریی باکووری شاری به‌غدا و گه‌وره‌ترین بنکه‌ی ئاسمانیی ئه‌و وڵاته‌ ئاماده‌ ده‌كه‌ن و هۆكاره‌که‌ی بۆ "هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانه‌وه‌" ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌ سه‌ربازییه‌کانی عێراق ئاماژه‌یان به‌ هیچ هۆکارێک نه‌کرد بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ که‌ ئایا په‌یوه‌ندیی هه‌یه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیی ئه‌منییه‌وه‌ یاخود نا به‌ڵام باسیان له‌وه‌ کرد که‌ پڕۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی کارمه‌نده‌کانی بنکه‌ی سه‌ربازیی به‌له‌د ماوه‌ی 10 ڕۆژ ده‌خایێنێت و به‌ دوو قۆناغ و له‌ ڕێگه‌ی فڕۆکه‌وه‌ ده‌بێت.

شایانی باسه‌؛ بنکه‌ی ئاسمانیی به‌له‌د به‌ گه‌وره‌ترین بنکه‌ی ئاسمانیی داده‌نرێت له‌ عێراق و له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا دروست کراوه‌ و هه‌فته‌ی ڕابردوو ئه‌و بنکه‌یه‌ وه‌ک شوێنی جێگیربوونی هێزه‌کانی ئه‌مریکا به‌ سێ گوله‌ هاوه‌ن هێرشی کرایه‌ سه‌ر به‌ڵام هیچ خه‌سارێکی لێنه‌که‌وته‌وه‌ و هیچ لایه‌نێکیش به‌رپرسیارێتیی خۆی له‌ هێرشه‌که‌ ڕانه‌گه‌یاند.

هه‌واڵی پێوه‌ندیدار:

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=56615

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 64512

Your Comment

You are replying to: .
captcha