بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیندسى گراهام لە وتارێکدا کە لە پێگەى "فۆکس نیووز" بڵاویکردووەتەوە ئاماژەى بەوەکردووە، پلانى هەیە بەم زووانە گەشت بکات بۆ ناوچەکە و چاوەڕێی کارکردنە لەگەڵ ئیدارەی بایدن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم کێشە گەشەسەندووە.
ناوبراو دەشڵێت: "زۆر گرنگە دان بە نیگەرانییە ڕەواکانی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیادا بنێین، ناوچەی داماڵراو لە چەک لە نێوانیان دروست بکەین، پشتگیری ئەو کەسانە بکەین کە یارمەتیمان داوە لە لەناوبردنی خەلافەتی داعش، هەروەها دڵنیابین لەوەی کە داعش دووبارە سەرهەڵنەداتەوە".
چارەسەرەکە کە من بە گونجاوترینیان دەزانم، بریتییە لە چارەسەرکردنی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا لە هەمان کاتدا پەرە بە پەیوەندییەکی بازرگانی لە نێوان حکوومەتی تورکیا و خەڵکی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا بدرێت.
گراهام رونیشیکردووەتەوە: "لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کێڵگە نەوتییەکان هەن کە بە وەبەرهێنانی زیاتر دەتوانن نەوتی زیاتر بەرهەم بهێنن، کە ئەمەش هەم بۆ بازاڕی نەوتی جیهانی، هەم بۆ ئابووریی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و تورکیا سوودی هەیە. باشترین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە تێپەڕبوونی کات ئەوەیە کە دانیشتوانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و هاوپەیمانە تورکەکانمان چ لە بەرەی ئەمنی و چ لە ڕووی ئابوورییەوە تێیدا براوەبن".
ناوبراو جەختیشی کردووەتەوە، ئەمە کێشەیەکی ئاڵۆزە و دەبێت چارەسەر بکرێت، زۆر گرنگە کۆنگرێس و ئیدارەی بایدن پێکەوە کاربکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک پێش ئەوەی درەنگ بێت.
سیناتۆرە ئەمریکییەکە دەشڵێت: "کاتێک داعش جارێکی تر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەردەکەوێت، شێوازی ژیانمان لێرە لە ئەمریکا مەترسی لەسەرە. ئەو دەستکەوتانەی بە تێکدانی خەلافەت بەدەستمان هێناوە لە مەترسیدایە، لە کاتێکدا کە ململانێی نێوان تورکیای هاوپەیمانی ناتۆمان لە لایەک و هێزە کوردییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە لایەکی دیکەوە رۆژ لە دوای رۆژ لە پەرەسەندندایە. ئێمە دەبێت کاربکەین، هەرچەندە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە قورسە، بەڵام کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر زۆر باشترە لەوەی کە کێشەکە پشتگوێ بخەین و دووبارە مامەڵە لەگەڵ داعش بکەینەوە".
Your Comment