بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، واشنتن نیگەرانە لەو راپۆرت و لێدوانانەی باس لە زیادبوونی گرژییەکان دەکەن لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، چوونکە باوەڕیان وایە زیادبوونی گرژییەکان کاریگەر لە ژیانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە دەبێت و خەڵکی مەدەنی دەبن بە قوربانی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی ئاگربەست لەو ناوچەیە دووپات دەکاتەوە و باوەڕی وایە دەبێت هەموو لایەنەکان رێز لە سنوورەکانی ئاگربەست بگرن و ئارامی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بپارێزن، بۆیە ئیدانەی ئەو لایەنانەش دەکەن هەوڵی زیادکردنی گرژییەکان و داوای چارەسەری سیاسی دەکەن بۆ کێشەکانی ناوچەکە.
نێد پرایس وتی، سەرەڕای ئەوەی وڵاتەکەیان لە نیگەرانییەکانی تورکیا سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەکانی تێدەگات، بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەکەن ئەنقەرە ئۆپراسیۆنەکانی بۆسەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەستپێنەکاتەوە و پابەندی ئاگربەست بێت، چوونکە زیادبوونی گرژییەکان لەو ناوچەیە کاریگەری لەسەر هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
شایانی باسە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی دووشەممە رایگەیاند، ئۆپراسیۆن بۆ سەر ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا دەستپێدەکەن و ئەو ناوچە ئەمنییەی پێشتر قسەیان لەسەر کردبوو، بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر تەواوی دەکەن.
Your Comment