بە زوویی بەدەنگ چارەسەری کێشەی خەڵکەوە بێن پێش ئەوەی بازنەی ناڕەزایەتی خەڵک فراوانتر بێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت شاندی حزبەکەی لەبارەی پەرەسەندنی ناڕەزاییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و گرینگ بوونی چارەسەر کردنی کێشەکان هوشداری بە نێچیرڤان بارزانی داوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت: کۆبوونەوەیەکی راشکاوانەمان هەبوو چوونکە دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەلومەرجی ژیانی خەڵکی کوردستان خراپە، خەڵک چاوەڕوانی گۆڕنکاری و چاکسازیی و باش کردنی ژیانیەتی، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان و بەتایبەت خراپیی پەیوەندی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کاریگەری زۆر خراپی لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی خەڵک و سەرچاوەکانی داهات و پەکخستنی دامەزراوەکان و حکومڕانییەکی رەشید هەبووە، هەموو ئەوانەش بووەتە هۆی ئەوەی نیگەرانی خەڵک و بی متمانەییان بەم دەسەڵاتە زیاد بکات".

ئاماژەی بەوەش کرد 13 ساڵ بەر لە ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان باسی لە بەنیشتمانی کردنی هێزی پێشمەرگە و بە دامەزراوەیی کردنی دامەزراوەکان و نەهێشتنی گەندەڵی کردووە و پڕۆژەی بۆ چارەسەرکردنیان پێشکەش کردووە، وتیشی: "بۆیە گوتاری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان گوتارێکی زیندووە و ئەوە بەرهەمی خەڵک و خەباتی مەدەنییە کە ئێستا لایەنەکانی دیکەش بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەرمانی چارەسەری کێشەکان دەزانن".

ئەوەشی خستەڕوو کە بە راشکاوی بە شاندی سەرۆکایەتی هەرێمیان وەک بەشێکی گرنگ لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن راگەیاندووە؛ کە بە زویی بەدەنگ چارەسەری کێشەکانەوە بێن پێش ئەوەی بازنەی ناڕەزایەتی خەڵک بە دامەزراوەکانی هەرێم فراوانتر بێت، ئەو هۆشدارییەی نوێنەرایەتی و دیپلۆماتکار و نێردەی دەرەوە دەیدات کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسییە، بەڵام لە بنەڕەتدا مەترسی سەر هەرێمی کوردستان ناوخۆییە، ئەوەیە کە میللەت رازی نییە و حکوومەت وەک پێویست بەدەم ناەڕزایەتی و داواکارییەکانەوە نەچووە و گرفت لە دۆخی تەندروستی و رێگاوبان و دانەمەزراندن و نەڕەخساندنی هەلی کاری هەزاران دەرچوو هەیە.

هاوکات جەختی کردەوە کە کۆبونەوەکەیان لەگەڵ شاندی سەرۆکایەتی هەرێم تەشریفاتی نەبووە و دەڵێت: بە چەند خاڵێک بەڕیزان لە سەرۆکایەتی هەرێممان خستوەتە بەردەم بەرپرسیارێتی، بۆئەوەی بە خێرایی هەوڵی لێکتێگەیشتن بهێننە ئاراوە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و دامەزراوەکان بهێننە کایە، بەتایبەت ئەو کیشانەی نێوان یەکێتی و پارتی چونکە ئەوەی ئەو دوو هێزە دەیکەن، نابەرپرسیارێتییە بەرامبەر خەبات و ماندووبوون و خوێنی شەهیدان و ئەو قەوارە سیاسیەی بەرهەمی 100 ساڵ خەباتی میللەتەکمانە، بەڵام رێکبکەون بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی خەڵک نەک بەرژەوەندی خۆیان و قووڵ کردنەوەی ئەو کێشانەی بە خزمەتی میللەتەکەمان نییە".

News Code 6032

Your Comment

You are replying to: .
captcha