پێویستە بەغدا بە زەبری هێز پەکەکە لە شەنگال دەربکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق ڕایگەیاند، چارەسەر کردنی دۆخی شنگال لە ئەستۆی حکوومەتی عێراق دایە، چوونکە بڕیار دراوە کە پەکەکە و ھێزی میلیشیا شنگال چۆڵ بکەن، بۆیە پێویستە ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، ئینجا گەر بەخۆشی نەبێت پێویستە ھێز بۆ چۆڵکردنیان بەکار بھێندرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دۆخی شنگال لە ڕووی ئەمنی زۆر خراپە، تاوەکوو ھێزی میلیشیا و پەکەکە لە شنگال ھەبن دۆخی ئەو شارە خراپ دەبێت و ئاسایی نابێتەوە، چوونکە بەردەوام حکوومەت شاند ڕەوانە دەکات و ھیچ ئەنجامێکی نابێت، چوونکە ئەوە چارەسەری دۆخی شنگال ناکات و پێویستە ئەو ڕێککەوتنەی کراوە جێبەجێ بکرێت".

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتیشی: "پێویستە بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت کە حکوومەتی عێراق داویەتی بۆ چۆڵ کردنی پەکەکە و میلیشیاکان لە شنگال، چوونکە بڕیارەکە دراوە و جێبەجێ نەکراوە، ئەوەش لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقە، چوونکە ھەرێم و بەغدا ڕێککەوتنیان کردووە لەسەر چەند خاڵێک، کە سەرەتا دۆخی شنگال لە ڕووی ئەمنی ئاسایی بکرێتەوە ئەویش بەدەرکردنی ھێزی پەکەکە و میلیشیاکان، بۆ ئەوەی دواتر ھەنگاوی دیکە بنرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بۆیە خاڵی یەکەم پێویستە جێبەجێ بکرێت".

لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت گوتیشی: "کۆمەڵێک ھێزی چەکدار لە شنگال ھەن و پێویستە حکوومەتی عێراق ئەگەر بەخۆشی ئەو ھێزانە ناوچەکە چۆڵ نەکەن ھێز لە دژیان بەکار بێنێت و ھەر چۆنێک بێت شنگال چۆڵ بکەن، چونکە ناکرێت دۆخی شنگال بەردەوام لەڕووی ئەمنیەوە بەو شێوەیە خراپ بێت".

تەڵعەت ڕوونیشی کردەوە: "بۆ کۆنترۆڵ کردنی سنووری سووریا ھێزێکی زۆر ڕەوانەی سەر سنوور کراوە ئەمەش بۆ چەند مەبەستێکە لەوانە ڕێگری کردن لە قاچاغی و ھاتنی تیرۆرستانی داعش و ھاتووچۆ کردنی پەکەکە لەو سنوورە، ئەمەش وای کردووە کە ھێزەکانی پەکەکە ناڕازی بن، چوونکە زیانی بۆ ئەوان ھەیە، بەڵام تا ئێستا سنوور باش کۆنترۆڵ کراوە و بەردەوامیش کاری لەسەر دەکرێت، چوونکە بڕیار دراوە رێگا بەھیچ کەسێک نەدرێت ھاتووچۆ لە نێوان عێراق و سووریا بکات، لەبەر ئەوەی ھەموو جۆرە کارێکی قاچاغی لە سنووری نێوان عێراق و سووریا دەکرێت و مەبەست لە تەلبەند کردنی سنووریش بۆ ئەو مەبەستەیە، چوونکە سنوور کراوە بوو ھەروەھا چەندین کاری خراپ لەو ڕێگەیەوە ئەنجام دەدرا".

ھاوکات وتیشی: "ئەو ھەنگاوە زۆر گرنگە ھەم ڕێگری دەکات لە ھاتنی چەکدارانی داعش و ھەمیش ڕێگری دەکات لە کاری قاچاغی و ھاتووچۆی پەکەکە لەو سنوورە".

News Code 5798

Your Comment

You are replying to: .
captcha