کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی هەردوو وەزیری دەرەوەی ئێران و ئەڵمانیا

بەشی ئێران/ کوردی- وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پاش دیدار لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیی بەڕێوە برد و هەر دوولا جەختیان لە پێبەندبوون بە بەرجامەوە کرد.

کوردپرێس:

هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە پرێس کونفڕانسێکدا ڕایگەیاند ئەڵمانیا و دوو وڵاتی دیکەی ئەورووپی کە دەقی ڕێککەوتنی ئەتۆمییان لەگەڵ ئێران واژۆ کردووە هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن کە ئەو ڕێککەوتنە نەڕووخێت بەڵام خۆ دیارە ئەڵمانیا ناتوانێت موعجیزە بکات بۆ مانەوەی ڕێککەوتنەکە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی دۆستایەتی و پێوەندیی ئەڵمانیا لەگەڵ ئیسرائیل دۆستایەتییێکی ستراتێژییانەیە و هاتنی بۆ تاران کارتێکەر نابێت لە سەر پێوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل.

لای خۆیەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش جەختی کردەوە تا ئەو کاتەی شەڕی ئابووری و تیرۆریزمی ئابووریی ئەمریکا دژ بە ئێران بەردەوام بێت مەعقوول نیە هیچ لایەنێک چاوەڕێی ئەوە بکات کە ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.

زەریف گوتیشی ئێران چاوەڕوان دەکات وڵاتانی ئەورووپیی واژۆکاری ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەنگاوی کرداری بۆ پارێزگاری کردن لەو ڕێککەوتنە هەڵبگرن چوونکە پشتگیری کردنی زارەکی هیچ سوودی نیە و بەرژەوەندی و قازانجەکانی ئێران دەستەبەر نەبووە.

شایانی باسە ڕۆژی ڕابردوو هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە سەردانێک گەیشتە تاران بەڵام بە فەرمی پێشوازیی لێنەکرا. هایکۆ ماس پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ زەریف دیدارێکی لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێرانیش کرد.

News Code 54224

Your Comment

You are replying to: .
captcha