ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی فەرمی لەبارەی هێرشی مووشەکی سەر هەولێر بڵاو کردەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای هەڵویستی فەرمیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات لەدژی هێرشی مووشەکیی سەر هەولێر.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: سەبارەت بە هێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی 2022/3/13ی سەر هەولێر، کە گوایە بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک کۆنسولخانەی ئەمریکا بووە، رایدەگەیێنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پروپاگەندەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەش دوورە لە راستییەوە".

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هێرشەکەی خستووەتە ئەستۆی ئێران و دەڵێت: "ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە و بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە".

هێرشەکەی سەر شاری هەولێر، بە گوتەی پارێزگاری شارەکە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو هاونیشتمانی و زیانگەیاندن بە ماڵ و خانووی هاونیشتمانیان.

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتی ئەورووپا، جامعەی عەرەبی، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و حکومەتی ئێران دەکەن: "بە پەلە لێکوڵینەوە لەم هێرش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و راستیيەکان بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکرا بکەن و هەڵوێستی تووند بەرامبەر بەم هێرشانە بگرنەبەر".

News Code 5408

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha