بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سەر شاری هەولێر بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: سەبارەت بە هێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی رۆژی 2022/3/13ی سەر هەولێر، کە گوایە بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک کۆنسولخانەی ئەمریکا بووە، رایدەگەیێنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پروپاگەندەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەش دوورە لە راستییەوە".
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هێرشەکەی خستووەتە ئەستۆی ئێران و دەڵێت: "ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە و بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، رێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە".
هێرشەکەی سەر شاری هەولێر، بە گوتەی پارێزگاری شارەکە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو هاونیشتمانی و زیانگەیاندن بە ماڵ و خانووی هاونیشتمانیان.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یەکێتی ئەورووپا، جامعەی عەرەبی، حکوومەت و پەرلەمانی عێراق و حکومەتی ئێران دەکەن: "بە پەلە لێکوڵینەوە لەم هێرش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و راستیيەکان بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکرا بکەن و هەڵوێستی تووند بەرامبەر بەم هێرشانە بگرنەبەر".
Your Comment