بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود سەنگاوی، ئەندامى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، بە KNNدا، رایگەیاند: منیش و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش باوەڕمان بەو قسەیە نییە کە داهات بەشی مووچە ناکات.
باسی لەوەشکردووە، پارەی داهات ناگەڕێتەوە بۆ حکوومەت، تەنانەت لە پەرلەمانی کوردستاندا تائێستا باس لە داهاتی نەوت نەکراوە بە داتا کە چەند دەفرۆشرێت و چەندی داهاتە و پرۆسەکە ناڕوونە و ناشەفافە.
سەنگاوى وتیشى: "من 21 ساڵە ئەندامی مەکتەب سیاسی یەکێتیم، تائێستا نەمزانیوە داهاتی یەکێتی نیشتیمانی چەندە و چۆن خەرج دەکرێت و لە دوای کۆچی دوایی مام جەلالەوە، ئاگاداری داهاتی حزبەکەم نیم".
باسى لەوەشکرد، خەڵک لێیان نیگەرانە و هیچ لایەنێک لە دەرەنجامەکانی راپەڕین رازی نیین، چونکە بەڵینی زۆریان پێداون و هیچیان نەبردووەتەسەر، جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە متمانەی خەڵک بگەڕێننەوە بە خستەڕووی شەفافەیەتی داهات.
مەحمود سەنگاوی رونیکردەوە کە لە کاتی راپەڕیندا 25 بۆ 30 دیناری پێبووە و دەڵێت: ئەوەی کە ئێستا هەمانە هی ئەم وڵاتەیەو لەدوای راپەڕین حەقی خۆمانە وەکوو مرۆڤ و باش بژین، بەڵام حەقی ئەوەمان نییە ببینە ملیاردێر.
لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە ئەندامەکەى مەکتەبى سیاسى یەکێتى ئاشکرایکرد، پارتی دەیەوێت ئەو پۆستەیان لێوەرگرێتەوە و مەسعوود بارزانی لە بەرهەم ساڵح نیگەرانە، ئەوەش دواى ئەوەى کە لە ساڵی 2018 کەوتە ململانێ لە پەرلەمان و پۆستەکەى بردەوە.
ناوبراو وتیشی: مەسعوود بارزانی هەمووکات بە دوای تۆڵەدا دەگەڕێت و پێشم وتووە کە دەبوایە سەرۆکی کورد بووایە نەک تەنیا پارتی و خۆی لەگەڵ هەموو لایەنەکان ئاشت بکاتەوە.
Your Comment