وڵاتانی ڕۆژئاوایی له‌ پرسی ئه‌نفالدا سته‌مێکی بێ‌بڕانه‌وه‌ له‌ کورد ده‌که‌ن

به‌شی جیهان- وڵاتانی ڕۆژئاوایی نه‌ک هه‌ر ماده‌ی سه‌ره‌تاییی به‌رهه‌مهێنانی بۆمبی کیمیایییان ڕاده‌ستی ڕژێمی به‌عس کرد به‌ڵکوو له‌ به‌رانبه‌ر سیاسه‌تی پاکتاوی ڕه‌گه‌زی سه‌دام دژی کورد بێده‌نگییان نواند و ئێستاش نایانه‌وێت سیاسه‌تی کۆمه‌ڵکوژیی سه‌دام دژی کورد ناسراو به‌ "ئه‌نفال" وه‌ک جینۆساید بناسێنن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌گه‌رچی ده‌وترێت که‌ ڕژێمی به‌عس به‌ سه‌رکردایه‌تیی سه‌دام حسێن له‌ مانگی فێبریوێری 1988 ڕاوه‌دوونان و کۆمه‌ڵکوژیی کورده‌کانی عێراقی ئه‌نجام دا به‌ڵام له‌ ڕاستیدا پێشتر سیاسه‌تی پاکتاوی ڕه‌گه‌زی له‌ژێر ناوی ته‌عریب و له‌ ڕێگای کۆچی زۆره‌ملێی ئه‌وانی له‌ ناوچه‌ گرنگه‌کان وه‌ک که‌رکووک ده‌ست پێکردبوو.

ڕژێمی به‌عس له‌ پڕۆژه‌ی ناسراو به‌ ئه‌نفال نزیکه‌ی 5 هه‌زار گوندی کوردنشینی له‌ باکووری عێراق خاپوور کرد و نزیکه‌ی 182 هه‌زار کورد به‌ره‌وڕووی چاره‌نووسێکی تۆقێنه‌ر بوونه‌وه‌؛ چوونکه‌ زۆربه‌یان له‌ هێرشه‌ کیمیابارانه‌کاندا گیانیان له‌ده‌ست دا، زۆربه‌ی زینده‌ به‌چاڵ کران و زۆرینه‌ی کورده‌کانیش له‌ بیابانه‌کانی باشووری عێراق و له‌ غوربه‌تدا نێژران و هێشتا چاره‌نووسیان نادیاره‌. هێشتا زۆرینه‌ی به‌جێماوانی ئه‌نفال که‌ پێیان "تاقانه‌" ده‌وترێت چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌سوکار و ئازیزانی خۆیانن به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ر ڕۆژ ته‌نها هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌ی گۆڕی به‌کۆمه‌ڵ بڵاو ده‌بێته‌وه‌؛ تێپه‌ڕبوونی 31 ساڵ له‌ تراژێدیای ئه‌نفال دژی کورد هیوایێکی زۆر به‌ زیندووبوونه‌وه‌ی ئه‌وان ناهێڵێته‌وه‌.

په‌یمانگای میدل ئیست ئای ئاماژه‌ی به‌ ڕێوڕه‌سمی به‌رزڕاگرتنی یادی قوربانییانی ئه‌نفال له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا کرد و ڕاپۆرتێکی له‌سه‌ر برینی‌ ساڕێژنه‌بووی به‌جێماوانی ئه‌و ڕووداوه‌ ئاماده‌ کردووه‌.

له‌م ڕاپۆرته‌دا مه‌زڵوومییه‌تی قوربانییانی ئه‌نفال به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئیهماله‌کان له‌سه‌ر به‌فه‌رمی ناسینی ئه‌م جینایه‌ته‌ و ده‌ستگیرنه‌کردنی هاوکاران و هاوڕێیانی کوردی ڕژێمی به‌عس دوو هێنده‌ وه‌سف کراوه.

میدل ئیست ئای وڵاتانی ڕۆژئاوایی به‌‌ تاوانباری ژماره‌ یه‌کی هه‌ندێک جینایه‌تی ڕژێمی سه‌دام له‌ژێر ناوی "ئه‌نفال" ناو ده‌بات چوونکه‌ ئه‌وان بوون که‌ ماده‌ی سه‌ره‌تاییی به‌رهه‌مهێنانی بۆمبی کیمیایییان ڕاده‌ستی ڕژێمی به‌عس کرد و 5 هه‌زار کوردی بێ‌گوناحیان کرده‌ قوربانی. به‌و حاڵه‌شه‌وه‌ وڵاتانی ڕۆژئاوایی وازیان نه‌هێنا و له‌ ماوه‌ی جێبه‌جێ‌کرانی پڕۆژه‌ی ئه‌نفال بێده‌نگیی ته‌واویان گرته‌به‌ر چوونکه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌دام به‌قازانجتر بوو له‌وه‌ی که‌ بیانه‌وێت به‌ بۆنه‌ی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جینایه‌ته‌که‌ ڕژێمی سه‌دام به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی بکه‌نه‌وه‌.

ئه‌م په‌یمانگایه‌ بێده‌نگی‌نواندنی وڵاتانی ڕۆژئاوایی هه‌مبه‌ر جێبه‌جێ‌کرانی پڕۆژه‌ی ئه‌نفال پشتڕاست ده‌کاته‌وه‌ و ده‌سته‌واژه‌یێک له‌ حه‌سه‌ن عه‌لی مه‌جید ناسراو به‌ عه‌لی شیمیایی جێبه‌جێکاری سه‌ره‌کیی پڕۆژه‌ی ئه‌نفال دژی کورد بڵاو ده‌کاته‌وه‌ که‌ ڕای‌گه‌یاندبوو: "چ که‌سێک ده‌یه‌وێت له‌مباره‌وه‌ قسه‌ بکات؟ کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ولی؟ به‌ گۆڕی باوکی کۆمه‌ڵگای ده‌ولییه‌وه‌."

له‌م ڕاپۆرته‌دا باس له‌وه‌ کراوه‌ که‌ پاش ڕووخانی سه‌دام حسێن، جگه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق ته‌نها چوار په‌رله‌مانی وڵاتانی سوید، کۆریای باشوور، به‌ریتانیا و نۆروێژ جینایه‌تی سه‌دام دژی کوردی عێراقیان به‌ جینۆساید ناساند و دیکه‌ی وڵاتان له‌وان وڵاتانی ڕۆژئاوایی که‌ چه‌ندین ساڵ هاوکارییێکی نزیکیان له‌گه‌ڵ سه‌دام بوو‌ ئه‌م جینایه‌ته‌ نامرۆڤه‌یان به‌ فه‌رمی نه‌ناسی.

ژماره‌یێک له‌ به‌جێماوانی ئه‌نفال لێبوردنی ژماره‌یێک له‌ هاوکارانی خۆجێییی سه‌دام به‌ مه‌به‌ستی ڕێگرتن له‌ هه‌ڵقۆڵینی هه‌ستی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان دژی هاوکارانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌ نابه‌جێ وه‌سف ده‌که‌ن و ڕه‌نج و ئازارێکی زۆر ده‌بینن به‌و بۆنه‌وه‌ که‌ ژماره‌یێک له‌ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و کاره‌ نامرۆڤانه‌یه‌ سزا نه‌دراون.

ژماره‌یێک له‌ به‌جێماوانی ئه‌نفال پێشنیاز چالاکییێکی به‌رفراوان بۆ به‌فه‌رمی ناسینی ئه‌و جینایه‌ته‌ دژه‌مرۆڤانه‌یه‌ دژی کورد له‌ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجام بدرێت و ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ به‌شێکی کتێبی خوێندنه‌وه‌ی قوتابخانه‌کاندا بگونجێت که‌ له‌ ڕواڵه‌تدا هه‌وڵێکی به‌و شێوه‌یه‌ له‌ئارادا نه‌بووه‌ یان ئه‌گه‌ر ئه‌نجامیش دراوه‌ زۆر که‌م بووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53265

Your Comment

You are replying to: .
captcha