مسته‌فا بالی: داعش له‌ مووسڵه‌وه‌ 40 تۆن زێڕی بۆ سووریا گواستۆته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وته‌بێژی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات ڕای‌گه‌یاند: ئه‌میرێکی ده‌ستگیرکراوی داعش که‌ له‌ لای هه‌سه‌ده‌ ده‌ستبه‌سه‌ره‌ باسی له‌وه‌ کردووه‌ ڕێکخراوه‌که‌ نزیکه‌ی 40 تۆن زێڕی له‌ شاری مووسڵه‌وه‌ به‌ره‌و سووریا و چه‌ند ناوچه‌یێکی دیکه‌ گواستۆته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مسته‌فا بالی وته‌بێژی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات به‌ ماڵپه‌ڕی ڕووسیا تووده‌ی ڕاگه‌یاندووه‌: ئوسامه‌ عوبێد ساڵح ناسراو به‌ وه‌زیری نه‌وتی ڕێکخراوی داعش که‌ ماوه‌ی 11 مانگه‌ له ‌لای هێزه‌کانی سووریای دیموکرات "هه‌سه‌ده‌" ده‌ستبه‌سه‌ره‌ ئاشکرای کردووه "داعش توانیویه‌تی چه‌ندین تۆن زێڕ و بڕێکی زۆر له‌ بابه‌تی به‌نرخ له‌ شاری مووسڵه‌وه‌ به‌ره‌و سووریا بگوازێته‌وه‌، له‌و کاته‌ی که‌ کۆنترۆڵی شاره‌که‌یان کردووه‌."

به‌ وته‌ی بالی، وه‌زیری نه‌وتی داعش زانیاریی گرنگی بۆ ئاشکرا کردوون سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌کانی داعش له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان و چۆنێتیی به‌ڕێوه‌بردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌کانیان.

وته‌بێژی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات ڕاشی‌گه‌یاند: ئوسامه‌ عوبێد سه‌باره‌ت به‌ شوێنی خۆحه‌شاردانی ئه‌بووبه‌کر به‌غدادی سه‌رۆکی ڕێکخراوی داعشیش باسی له‌وه‌ کردووه‌ که‌ به‌غدادی له‌و ناوچانه‌ی سووریایه‌ که‌ له ‌ژێر ده‌ستی هێزه‌کانی سوپای تورکیادایه‌ له‌ باکووری سووریا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53022

Your Comment

You are replying to: .
captcha