نێچیرڤان بارزانی و شاندێكى سه‌ربازیى ئه‌مه‌ریكى گفتوگۆ لەبارەی شەڕی داعش دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان-  سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازیی له‌ جەنەراڵ کیس فلپس، بەرپرسى باڵاى سەربازى و ‏بەرپرسى نووسینگەى هاریکاریى ئەمنیى ئەمەریکى لە عێراق كرد.‏

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دوایین پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كانى عێراق و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانى داعش تاوتوێ كران و جه‌خت له‌ گرنگیى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق كرایه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌و ناوچانه‌ى بۆشاییى ئه‌منى تێدایه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ دوایین هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كرا و هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیى یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و به‌رده‌وامیى پشتگیریى ئه‌مه‌ریكایان بۆ پرۆسه‌كه‌ و بۆ پێشكه‌شكردنى مه‌شق و ڕاهێنان به‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ پێویست زانى. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ شانده‌كه‌ سوپاسى ڕۆڵى نێچیرڤان بارزانییان له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى و یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌دا كرد.

شانده‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و تێكشكاندنى داعش بۆ ئه‌مه‌ریكا كارى له‌پێشینه‌یه‌ و له‌مپێناوه‌شدا له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ كاركردن له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، خۆشحاڵیى خۆیشیان به‌ هاوكاریى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق ده‌ربڕى.

په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش له‌ سووریا و دۆخى كه‌مپى ئه‌لهۆل له‌ سووریا، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى شه‌ڕ له‌ ئۆكرانیا و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوون.

News Code 5271

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha